زۆر کەس دوای ١٧ شوبات ھەڵتۆقین !

پێشڕەو حەمید
  2021-02-17     869
حەڤدەی شوبات نەشۆڕش بوو نە ڕاپەین ، نەسەرە تای سەرھەڵدانی ناڕەزای بوو نە کۆتای توڕەبون ، شۆڕش بەھێزی لۆجیستی دەکرێت و ئامانجی ھەیە و کۆی سیستەم و ڕژێم دەگۆرێت و سەرتایەکی نوێ دەسپێدەکات ، ڕاپەرینیش دەرچونی دان بەخۆداگرتنەکانی خەڵکە لەبەرامبەر خراپی و نغرۆبونی ئەدای سیاسی و ئەو سیستەمەی کە ژیانیان رێک دەخات و بەڕێوەیان دەبات و ڕاپەرین دەکەن بۆ چاکسازی بنەڕەتی بەبێ بەکارھێنانی چەک و ھاوشێوەکانی ! بەڵام ١٧ ی شوبات ھیچیانی نەکرد نە سیستەم و ڕژێمەکەی گۆڕی نــە چاکسازی دروستکرد !  کەواتە ١٧ ی شوبات نەشۆِرش بوو نەڕاپەرین ، بەڵکو ڕەتکردنەوەی ستەم و پاوەنخوازیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بوو ، ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتداران بوو .
ڕەنگە ئەگەر تەنھا جەماوەر خۆی خاوەنی ئەو ناڕەزایەتیانەبوایە ئێستا بەشێوەیەکی ترقسەمان لەسەر ١٧ی شوبات بکردبایە و لەدوای ھیچ ھەڵبژاردنێکەوە خەڵک چاوەڕوانی ئەوەی نەکردبایە و ھەر جارەو ئەندام پەرلەمانێک یان وەزیرێک بە موژدەپێدانی ھاتنی موچەکەیان گاڵتەیان بەھەستەکانیان بکات !

١٧ شوبات تاقی کردنەوەبوو بۆ میللەت کە بەشێکی زۆریان ئیکمال بون ! بەشێکی زۆریان ھێشتا لەو ڕوژانەدا ، نەیان توانی دەنگەکانی سەرشەقام زیاتر بڵندتربکەن و پەیامەکە بگەیەنە گوێ داخراوەکانی بەرپرسان ! ئەوانەی ئیکمال بون ئەو کەسانەبون کە بۆمانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان تەنانەت ئامادەش بوون براکانی خۆیان لەسەر شەقامەکان  بەردباران بکەن و تف لەناوچاوانی نەوەکانیان بکەن و مل شۆِرانە بڕۆنە بەردەم خانەی ئاغاکانیان و وەک کویلە شوێن شەق و زلەکانیان ماچ بکەن و بەتوندی دەستبگرن بەکڵاوەکەی سەریانەوە تا بـــا نەیبات ، سەرێک کە خاڵی بون لەبیرکردنەوە و پڕپڕ بون لەھیچ  !

شەھیدانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتری  سەربەرزانە چونە نێو لاپەرکانی مێژوو ، بۆھەمیشەش مێژوو نەمرانە لەئامێزیان دەگرێت و بکوژانیشان ڕۆشتنە دیوە ڕەشەکەی تری مێژووەکەوە کە ھەموو ١٧ی شوباتێک ناشرینتر دەیان خاتەوە بەرچاوان و سەرزوبان !

ئەفسوس کە ١٧ شوبات نەگەیشت بەئامانجەکانی تا بەرژەوەندی گشتی میللەت بپارێزێت و لەتەنیشتیی یەوە بۆھەمیشە خوشنودی بکاتە دواقۆناغی سەرکەوتنەکانی خۆی ، بەڵام ١٧ شوبات بووبە وەسیلەیەک بەدەست زۆرکەسەوە بۆگەیشتن بەئامانجی گروپ گەرایی و خۆسەپاندن بەسەر لوژیکێکدا کە ئەگەر ١٧ شوبات نەبایە ھیچ ھۆکارێکی تر نەبوو بۆ ھەڵوتۆقینیان ،  ئەوانەی پشتیان کردە ئامانجەکانی ١٧ شوبات ھەرئەوانە بون کە بونە ھۆکار بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ١٧ شوبات لە یەک دەنگدا کۆی کردبوونەوە ؟!

سڵاو بۆخەباتی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان ، سڵاو بۆشەھیدانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوای ١٧ شوبات ... سڵاو بۆکۆی ئەو کەس و لایەنانەی لە ١٧ شوباتدا بۆبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان پڕبەگەرویان ھاواریان بۆ خۆشبەختی خەڵکی کوردستان دەکرد .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×