دروست چل ساڵ بەدوای لەناوچوونی فەرمی دەسەڵاتی سەربازی و ژنڕاڵەکانی ئەرژەنتین، "خاویەر میلی" تەمەن ٥٣ ساڵە لە هەڵبژاردنی ١٩ی نەڤەمبری ساڵی ٢٠٢٣ توانی ببێتە سەرۆک کۆماری ئەرژەنتین. ئەوەش بەرهەمی چل ساڵ گەندەڵی دەسەڵات لەو وڵاتە بوو کە کەسێکی پوپولیست و بە بەڵێنی سەیرو سەمەر، توانی هانی دەنگدەرانی بێهیوای ئەو وڵاتە بدات کە دەنگی بدەنێ.
بە کورتی پرۆگرامی میلی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بوو:
- داخستن یا لانی کەم بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە
- گۆڕینی دراوی ئەو وڵاتە لە "پزۆ"ە بۆ دۆلار
- کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و کەم کردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت
- داخستنی پڕۆژە دەوڵەتییەکان، فرۆشتنی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان بە کەرتی تایبەت
- کەمکردنەوەی خۆشگوزەرانی گشتی و گواستنەوەی بەشی تەندروستی بۆ کەرتی تایبەت
- کەمکردنەوەی باج بە گشتی و باجی کۆمپانیاکان بە تایبەتی
- دژایەتیکردنی مافی ژنان و فیمینیسم
- بە یاسایی کردنی لەشفرۆشی و بەکار هێنانی مادە سڕکەرەکان.
ئەو خاڵانەی سەرەوە شتێکی نوێ نەبوون، بەڵکو بەشێکن لە بەرنامەی نیولیبرالیزم و مەکتەبی ئابووری شیکاگۆ. هەرلەبەر ئەوەش ناچارم زۆر بەکورتی لەسەر دوو بیرۆکەیەی "بازاڕی ئازاد" بنووسم.
کەینسیزم
کەینسیزم خوازیاری دەستێوەردانی دەوڵەتە بۆ کۆنترۆلکردنی قەیرانە ئابوورییەکان. ئەم بۆچوونە لەلایەن "جۆن مەینارد کەینس" ئابووریناسی بریتانی یەوە هاتە ئاراوە. ناوبراو لەو باوەڕەدا بوو کە میکانیزمی بازاری ئازاد بە تەنیا خۆی، توانای راگرتنی باڵانسی لە نێوان گەشەی ئابووری و هەلی رەخساندنی کاردا نییە. بۆیە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەوڵەت و دەسەڵات دەستێوەردان لەم بوارەدا بکات تا ئەم باڵانسە رابگرێت. ئەم بۆچوونەش وڵامێک بوو بۆ قەیرانە ئابوورییە گەورەکەی کۆمەڵگای سەرمایەداری لە ساڵەکانی ٢٠و ٣٠ی سەدەی رابوردوو.
مەکتەبی شیکاگۆ
مەکتەبی شیکاگۆ ئەو مەکتەبەیە کە بنەماکانی نیولیبرالیزمی لە ساڵەکانی ٥٠ی سەدەی رابوردوەوە لە سەری دامەزراوە. بیرۆمەندانی ئەم مەکتەبە، ئابووریناسانی وەک "میلتۆن فریدمان"، جۆرج ستیگلر" و "گاری بێکر" بوون.
ئەم مەکتەبە بە پێچەوانەوەی کەینسیزمەوە، دژی هەرچەشنە دەستێوەردانی دەوڵەتە لە ئابووری وڵاتدا و پێی وایە کە ئابووری بازار لە خۆیدا، ئەتوانێت ئەو میکانیزمە بخولقێنێت کە بۆ باڵانسی گەشەی ئابووری و هەڵی کار پێویستە.
فریدمان بۆ ئەم مەبەستە لە سەر سێ شت پێی دائەگرت:
- دابەشکردن، واتە کەم کردنەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵگا بەسەر چالاکییە ئابوورییەکان. بڕوا بە ئازادی و مافی تاک، بە جێی کۆمەڵگا وەک تاکە هێزی بزوێنەری ئابووری.
- فرۆشتن وگواستنەوەی خاوەندارییەتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت بەتایبەت سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، کارەبا هەروا کەرتی تەندروستی و ..
- کەم کردنەوەی باج لە سەر کۆمپانییەکان و کەم کردنەوەی خەرج و بودجەی دەوڵەت
بۆچوونەکانی فریدمان کاریگەرییەکی زۆریان لە گەشەی نیولیبرالیزم لە ئورۆپا و ئەمریکا هەبوو و تەنانەت نوێنەرانی راستەقینەی ئەم رێڕەوش لە ئەمریکا و ئورۆپا گەیشتنە لوتکەی دەسەڵات لەوانە مارگرێت تاچێر(سەرۆک وەزیران لە ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩٠) لە بریتانیا و رۆنالد رەیگان (سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٩) لە ئەمریکا وئەوانەی کە بە "کوڕەکانی شیکاگۆ" ئەناسران لە شیلی لەدوای کودەتاکەی "پینۆشە" لە ساڵی ١٩٧٣.
"نەومی کلین" نووسەری کتیبی"دۆکتورینی شۆک" ئەڵێت کە نیولیبرالیزم نە تەنیا لەهەوڵی چارەسەر بۆ قەیرانەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو خوازیاری هەبوونیانە و تەنانەت خۆشی خولقێنەری ئەم قەیرانانەیە. جا چ رووداو یا کارەساتە سروشتییەکان وەک لافاو و بوومەلەرزەو سۆنامی بن یا قەیرانی ئابووری، سیاسی و هەڵگیرسانی شەڕ لەم بەش یا ئەو بەشی جیهان. نیولیبرالیزم قەیران بە دەرفەتێکی نۆی بۆ قازانجی زیاترئەزانێت و هەلی باشتری بۆ ئەڕەخسێت بۆ رووتانەوەی هەرچی زیاتر.
بەم پێناسەیەوە لە نیولیبرالیزم، ئەتوانین باشتر قەیرانی ئێستای ئابووری وڵاتی ئەرژەنتین بناسین و لە سەرۆک کۆمارەکەی ئەرژەنتین کە یەکێکی ترە لە کوڕەکانی شیکاگۆیە، تێبگەین کە چی ئەوێت.
"میلی" لە راستە توندڕەوەکانی ئەرژەنتینیە کە بە "بۆلسۆنارۆ"ی "بەرازیل" و "ترامپ"ی ئەمریکا لە سیاسەتدا وەسف ئەکرێت. ئەو کە خۆی پەروەردەی مەکتەبی شیکاگۆیە. ئابووریناسێکی ئەم مەکتەبە کە بە تەمایە دەقاودەق بۆچوونەکانی "فریدمان" لە ئەرژەنتین پیادە بکات بۆیە هەر دە رۆژ دوای گەیشتن بە دەسەڵات، بڕیارێکی سەرۆکایەتی دەکرد بۆ:
- کەمکردنەوەی ژمارەی وەزیرەکان لە ١٨ەو بۆ ٩
- کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر چالاکییە ئابوورییەکان
- فرۆشتنی خاوەندارییەتی گشتی بە کەرتی تایبەت
- دابەزانی نرخی دراوی "پزۆ" بە رێژەی ٥٠ لەسەد. ئەمەش لەژێر ناوی بەگژاچوونەوەی ئەوەی کە پێی ئەوترێت "هایپر ئینفلەیشن" بەڵام لە راستیدا ئەو شۆکە ئابوورییەیە کە "نۆمی کلین" وەک ئامرازی نیولیبرالیزم باسی لێ ئەکات.
کاتێک کە میلی دەسەڵاتی گرتە دەست رێژەی هەڵئاوسانی ئابووری لەو وڵاتە ١٤٠٪ بوو، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگ واتە ئاخری مارشی ئەم ساڵ، ئەم رێژەیە بۆ ٢٨٧٪ بەرز بووەوە ئەویش وەک کاردانەوەیکی بازار بەدوای بڕیاری دابەزانی بەهای "پزۆ" لە سەدا پەنجا.
بەپێی بۆچوونی ئەم رەوتە دژەمرۆڤایەتییە، ئابوورییەکی نەخۆش وەک نەخۆشێکی دەروونی وایە. ئەگەر شۆکێکی کارەبایی لە جەستەی نەخۆشەکە بدرێت ئەوا نەخۆشەکە جارێکی دیکە باڵانسی دەروونی خۆی بەدەست ئەهێنێتەوە و ئەمەش ئەو شتەیە کە میلی دەستی پێکردووە.
بەڵام ئەوەی کە شاگردەکانی "فریدمان" لە "شیلی" کردیان ناکرێت و ناتوانرێت وا بەئاسانی جارێکی دیکە لە "ئەرژەنتین" دووپات بکرێتەوە، چونکو هاوبیرەکانی "میلی" لە شیلی توانیان سیاسەتی "برسییەتی گشتی" لە ژێر چەکمە و چەکی ژنڕاڵ "پینۆشە" و بە بێ ترس لە هەستانەوەی جەماوەری بە ئەنجام بگەیەنن، شتێک کە ئەمڕۆ زۆر ئەستەمە بۆ "میلی" بتوانێت لە ئەرەژەنیتن بە ئاسانی جێبەجێی بکات.
خۆپیشاندانەکانی مانگی دەسەمبری ساڵی رابوردوو لە "بوینەس ئایرس" و مانگرتنی گشتی ئەمڕۆش جارێکیتر سەلماندی کە نیولیبرالیزم وەک ئەوپەڕی دڕندەیی و چاوچنۆکی چینی خاوەن سەرمایە، ناتوانێت بە بێ رووبەرووبوونەو سەرکوت و کوشتار وەک رێگاچارەیەک بۆ قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی سەرمایەداری لە هیچ وڵاتێک جێبەجی بکرێت.