(ئەگەر دڵێکی ئارامت هەبێت، شەڕ لەناوناخی خۆتدا ڕونادات- ماهاتما گاندی)
سەرەتا بابزانین توندوتیژی چیە وجۆرەکانی چین وکاریگەریەکانی بۆسەرتاک وکۆمەڵ چ ڕەنگدانەوەیەک دروست دەکەن؟
هیچ کەس لە توێژەران وشارەزایان ونوسەران، لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو ڕێکنەکەوتوون، بۆ توندوتیژی، هەریەکەوبەجۆرێک دەیناسێنێت، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت ئەم زاراواەیە زیاد لەپێناسەیەک هەڵدەگرێت.
دەکرێت بڵێین توندوتیژی دەرچوونە لە حاڵەتی تایبەت وهەڵچوونێکی دەروونیە، زۆرجاردەبێتە ڕوودانی خەم وئازاربۆ کەسانی بەرامبەر، بەهۆی ئازاردانیان بەشێوازی ئازاردانی دەروونی یان جەستەیی.
توندوتیژی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر، جیاوازی هەیە کە چەند فاکتەرێک ڕۆڵی سەرەکی لەو جیاوازیەدا دەبینن.
گرنگترین فاکتەربۆزانینی جیاوازیەکە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیە، بێگومان ئەوەی ڕۆڵ دەگێڕێت بۆ گەشەپێدان وبەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری گەلان، چەند هۆکارێکن لەوانە(شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت(جۆری حومڕانی)، سیستەمی پەروەردە، ئابوریەکی زانستی وگەشەکردوو....)
ئەمانە بەشێکن لەوفاکتەرانە، دیارە زۆری تریش هەن، بەڵام ئەمانە کاریگەرترینیانن بۆسەرژیان بەگشتی لەڕووی کاری توندوتیژیەوە.
کۆمەڵگەی دواکەوتوو هەمیشە وابەستەی عەقڵی نەریتیە، هیچکات خۆی لە بۆتەی خۆخوازی وبەرژەوەندپەرستی ڕزگارناکات، لەناوبازنەیەکی بچووک خوول دەخوات ولێی دەرناچیت، بۆیە کاتێ توندوتیژی لەلایەن کەسێکەوە سەرهاڵدەدات وەک ئاگر لەناوپووشوپاوانێک بکەوێتەوە، زووتەشەنە دەسێنێت وزۆرشوێنی تریش دەسوتێنێت، لەتاکەوە بۆخێزان وگوندوناوچەوهۆزوخێڵ وعەشیرەت، زۆرجارئەم ڕووداوە بچووکانە واگەورە بوون دەیان کەس بوونەتە قوربانی ودەیان ساڵ درێژەیان کێشاوە.
بەڵام لەکۆمەڵگە شارستانیەکان وپێشکەوتوەکاندا، بەئاسانی بەهۆی دادگایەکی پڕ لەدادەوە زوو گرفتەکە چارەسەر دەکرێت وکەمترین کەس لەوکارە زیانی بەردەکەوێت، یان تەنها ئەوکەسە سزا دەدرێت کە هۆکاری ئەوڕووداوەیە.
ئەمەوێ هەندێکجۆرلەتوندوتیژی باس بکەم ولە دواییدا هەوڵ ئەدەم گرنگترین فاکتەربۆچارەسەرکردنیان بخەمەڕوو، ئەوانیش ئەمامەن:
١-توندوتیژی فیزیکی(جەستەیی) ئەوجۆرەیە کەکەسی بکەرئەبێتە هۆی ئازاردانی بەشێک لەجەستەی کەسێکی تر
٢- توندوتیژی سێکسی ودەست درێژی کردنە سەرکەسانی تربە زۆر، ئەم جۆرە زیاتردەکرێتەسەرمناڵان ورەگەزی مێینە،ئەم توندوتیژیە هۆکاری تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیە
٣- توندوتیژی دەوروونی، جۆرێکی ترە لە ئازاردانی کەسی بەرامبەر، بە هۆی بەکارهێنانی شێوازێکی نادروست ودوورلەمرۆڤایەتی
٤-توندوتیژی زارەکی(دەمپیسی) واتە بەکارهێنانی زمان بۆ ووشەی نەشیاوبریندارکەروەک جنێوودرۆوبوهتان بەکارهێنان
٥-توندوتیژی ئابووری، ئەمجۆرە بەکارهێنانی سامان وماڵ وسەروەتە بەشێوازێکی نەشیاووبێبەشکردنی کەسانی ترە لێی، یان نەڕەخساندنی هەلیکارە وچەوساندنەوەی کەسانی تر، زۆرجارجیاوازی چینایەتی وبێنرخ کردنی مافی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە
٦-توندوتیژی رەگەزی، ئەمجۆرە زیاتر لەوکۆمەڵگەیانە سەرچاوە دەگرێت کە عەقڵی پیاوسالاری وبڕوانەبوون بەمافی ژنان بوونی هەیە
٧-توندوتیژی ئایینی، ئەمەش لەئەنجامی پیرۆزکردنی یەک بیروباوەڕوڕێنەدان بەئازادی بیروڕای تری ئایینی، زۆرجارلەم جۆرەدا ئەگەربەووریایی وئاگایی پیاوانی ئایینی مامەڵە نەکەن، کاری توندوتیژی دەگاتە هانابردن بۆتیرۆروکوشتن وسڕینەوەی کەسان و ئایینەکانی تر، لەسەرتوندڕەوی ئایینی(زەبرانی)دەڵێت: (توندڕەوی ئایینی و ستەمکاری سیاسی دوو دیوی یەک دراون، ئەوە بەس نییە کە دراوەکە لێبدەین، دەبێت بیگۆڕین).
٨-توندوتیژی پەراوێزخستن ودوورخستنەوە، جۆرێکی مەترسیدارە بەتایبەت بۆ مناڵان کاتێ لەلایەن دایکان وباوکان ومامۆمستایان بەرامبەر بە هەندێ مناڵ دەکرێت ودووردەخرێنەوە لە بەخشینی سۆزومیهرەبانی وبەشداریپێکردن
من تەنها بۆسەرنجدان وئاماژە وخستنەڕوو ئەوجۆرە توندوتیژیانەم هێناوەتەوە، دەکرێ لەسەر هەریەکێک لەوانە دەیان توێژینەوە ئەنجام بدرێت، ئەرکی هەموو مرۆڤێکە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوەوهەڵوێستەی لەسەر بکات و خۆی وخەڵکی تریشی لێ دووربخاتەوە، هەروەک (ئیبراهیم المحلاوی)دەڵێت:( وەستانەوەوڕووبەڕووبونەوەی توندڕەوی توندوتیژی ئەرک وفەزیلەتە).
بۆئەوەی کۆمەڵگەکەمان دووربخەینەوە لەتوندوتیژی پێویستە گیانی ئاشتی زاڵ بکەین بەسەر گیانی شەڕەنگێزیدا، سیاسەتزان وشۆڕسگێڕی ناودار(ماهاتماگاندی)ئاماژەی بەگیانی ئاشتی کردوەووتوێتی(هیچ ڕێگایەک بۆ ئاشتی نییە، بەڵکو ئاشتی خۆی ڕێگایە).
هەرلەمبارەوەپیاوی شۆڕشگێڕوسەرکردەی ئەفەریقا(نیلسۆن ماندێلا)وتوێتی:( ئاشتی ئەوەیە کە هەست بە تێگەیشتن لە کەسانی تر دەکەیت و فێر دەبیت بە ئاشتی لەگەڵیان بژیت).
هیچ گۆڕانکاریەک بەئاراستەی باشکردن وچاکسازی بەبێ پلان وتوێژینەوەی زانستی وئاشنابوون بە تەواوی گرفتەکە، ئاکامێکی نابێت، بەبۆچوونی زۆربەی پسپۆڕان وشارەزایانی هەردووبواری کۆمەڵناسی ودەروونناسی، پێیان وایە زۆرهۆکار دەبنە لەمپەری توندوتیژی وتوندڕەوی، وەک میدیا وکەسانی بەرپرس لە ئایینەکان، پەروەردە، بەڵام لەهەمووان گرنگترپەروەردەیە، بۆیە ناکرێت هەروا بەسانایی وسادەیی لەپەروەردە بڕوانین، حکومڕانی باش و بائاگاوخەمخۆرهەمیشە دڵی لەسەرفەلسەفەی پەروەردەکەیەتی، نەک خەمی گیرفانی بەرپرسان وتاڵانکردنی زەوی نیشتمان بۆبازرگانیەکانی خۆیان.
پرۆگرامەکانی خوێندن پێویستە خاڵی بکرێنەوە لەوبابەتانەی گیانی شەڕەنگێزی وتٶڵەکردنەوەوئاژاوە لەناو مناڵاندا دروست دەکەن ، چونکە ئەمانە دەبنە ئاژاوەوناخۆشی لەسەر کۆمەڵگە، لەجێی ئەوانە سۆزومیهرەبانی وهاوکاری وخۆشەویستی دابنرێن، ئەمانەش خۆشنوودی بە ژیان دەبەخشن.
ئەم وتارەبەووتەی ناودارێک کۆتایی دەهێنم، وەک چۆن بەووتەیەکی گرنگ دەستم پێکرد، بەهیوام هەموولایەنە پەیوەندیداروبەرپرسەکانی ئەم بوارە، سەرنج وبۆچوونەکانمان بەهەند وەربگرن، لەبەرخاتری نەوەی داهاتووکە ژیانێکی پڕ لەئاشتیان بۆ دابین بکەین، شەڕوئاشووب وکوشتن ونەخٶشی وناخۆشی بکەین بە ئاشتی وڕێزگرتن.
(تیتاڕۆنی)دەڵێت: (ئاشتی تەنها نەبوونی ململانێ نییە، بەڵکو بوونی دادپەروەری و لێبوردەیی و ڕێزگرتنی یەکترە).