لە ئێوارەى ئەمڕۆوە حزبوڵای لوبنان زیاتر لە ٥٠ مووشەکی ئاڕاستەى ئیسرائیل کردو دواتریش سوپای ئیسرائیل بۆردوومانى چەندین بنکەو پێگەی حزبوڵا کرد.
میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ حزبوڵا لە لوبنانەوە زیاتر لە ٥٠ مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، سوپای ئیسرائیل مووشەکەکانى حزبوڵای تێکشکاندوە و ژمارەیەک پێگەی ئەو گرووپەشی لە لوبنان بۆردوومان کردوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان هێرشەکە لەلایەن حزبوڵاوە ئەنجام دراوە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەو هێرشانە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام درابن، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئێران گورزی سەربازی لە ئیسرائیل بوەشێنێت.
هێرشەکە دوای هەڕەشەکانى بەرپرسانى ئێران دێت کە ئەمڕۆ کاتژمێری سفریان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لەکاردانەوەى هێرشەکەى ١ـی ئەم مانگە کە ئیسرائیل کونسوڵخانەى ئێرانی لە دیمەشق بۆردوومان کردو بەهۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی سوپای پاسداران کوژران.