كۆڵبەرێكی كورد بەتەقەی هێزەكانی سوپای پاسداران لەنێو سنوری خاكی هەرێم كوژرا
  2024-05-09       249       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، کۆڵبەرێکی گەنجی كورد لە کاتی کۆڵبەری و لە نێو سنوری خاكی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە چەکی قورس تەقەی لێ کرا و کوژرا.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سوپای پاسداران کە لە سنوری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان جێگیرکراون، بە چەکی دۆشکە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردوە و کۆڵبەرێک بە ناوی سالار ئەحمەدی دەستبەجێ کوژراوە. ئەم کۆڵبەرانە لەنێو سنوری خاکی هەرێمی کوردستاندا بون.

رێكخراوی هەنگاو لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویكردۆتەوە، سالار ئەحمەدی تەمەن 23 ساڵ و خەڵکی گوندی (نەڵاس)ی سەر بە شارۆچکەی ڕەبەت لە سەردەشت بوەو تا ئێستا تەرمەکەی بۆ سەردەشت نەگەڕێندراوەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە، لە سەرەتای لەماوەی نۆ رۆژی مانگی ئایاردا لانیکەم پێنج کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×