سولی فۆبیا” ی سلێمانی!

بڕوا بەرزنجی
  2024-03-23     297

لە ١٩٧٥ وە، واتە دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، پارتی نائومێدبوە لە سلێمانی و دەنگی بەم شارە ناگات، ئەمەیش شتێکە بەشێک لە نوسەر و ڕۆشنبیران باش لێیتێدەگەن، بۆیە بۆ ئەوەی سەرنجی پارتی ڕابکێشیت و بگەیت بە “نان و ئاوی زەرد”ی خۆت، دژی سلێمانی قسە بکە. سەیرە ھێزێک ئەگەر بە درۆیش باسی “کوردبون” بکات، بتوانێت جنێودان و بچوککردنەوەو ناشرینکردنی سلێمانی بکات بە بەشێک لە سیاسەتی خۆی. 
سلێمانی، تەنھا شارێکە کورد بە خەیاڵ و بیر و دەستوپەنجەی کوردیانەی خۆیی وەک شارێکی کوردی دروستیکردوە. تەنھا شوێنێک لە مێژوی کوردا بە مانای شار دەوری شاری بینیوە نەک قەرەباڵغییەکی گەورە. 
ھەر بۆیە لە ھونەر و ئەدەب و سیاسەت و بیناسازی و دینسازی و تەریقەتەکان و بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان، ئەگەر ئەم شارەی لێدەربکەیت، مێژوی کورد بەتایبەت لە باشور، بەشی ئەوەی تیانامێنێتەوە بڵێین”کوردین”.
بەڵام ساڵانێکە، میدیایی ڕاستەوخۆ و سێبەری پارتی توشی “ سولی فۆبیا” بوەو بەشوێن ھەرشتێکا دەگەڕێت وێنەیەکی ناشرین بۆ ئەم شارە دروستبکات.
سلێمانی شارێک بوە لەیەک کاتدا دژی گەندەڵی و نا عەدالەتی لەسەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحمود و ھەروەھا ئینگلیزەکانیش وەک داگیرکەر وەستاوە، ئێستا چۆن بێدەنگ دەکرێت لەبەرامبەر کۆمەڵێک قاچاخچی کوردایەتی، کە خەریکە ئەو سەروەت و سامان و دەسەڵاتە زۆرەی بەناوی کوردایەتی بۆ خێڵ و منداڵەکانی خۆیان بردوە دەیانخنکێنێت.
 ئەوە ھێزی ڕوناکی عەقڵە وادەکات، ھەم دزی و ناعەدالەتی ناوخۆ ببینێت ھەم لە دژایەتی  و ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکەران سەرمەشقە لە مێژوی کۆن و نوێدا.
ئەم “ سولی فۆبیا” یەیی پارتی لەگەڵ سلێمانی، نەخۆشییەکی فاشیانەی دەرونییە، فاشییە، چونکە ناکرێت شارێک و بە سەدان ھەزار خەڵک سزای سیاسی بەیت و ڕق و بوخز بەرامبەریان دروستبکەیت تەنھا لەبەرئەوەی شوێنکەوتەی تۆ نین. 
کە بۆتە خاڵی لاوازی دەستی ئەوکەسانەی بەشوێن خۆبردنەپێشەوەو گەندەخۆری سیاسیدان.  لەم چەند ساڵەدا چاوی ڕەخنەی زۆرێک نوسەر و شاعیر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەند، چاوی پەیجەکانی پارتییە لە سۆشیال میدیاو دڵداری لەگەڵ ئەم نەخۆشییەی پارتی دەکەن، بۆچی بۆ موکافەئەی بندیوار!.
، وابزانم زۆرڕونە کێن ئەم گەورە ڕاوێژکار و  گەورە فەیلەسوفانەی کوردایەتی و ئەخلاق!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×