شکۆیەک بۆ پەرلەمان و شکۆیەک بۆ خەڵک

غازی حەسەن
  2023-05-27     313

پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستان لە خولی یەکەمیدا و کەمێکێش لە دووەم و سێیەمین هەڵبژاردندا کە هەرێمی کوردستان لەدۆخی شەڕی برا کوژیشدا بوو، شکۆ و پێگە و ئەرک و گوتاری نوێنەرایەتی خەڵک و دۆخی سیاسی و بیرکردنەوە لەچۆنیەتی داڕشتنی یاسا و رێسای جدیی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و ژیان و ئابووری و ڕۆشنبیریی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان تێدا باڵادەستبوو. نوێنەرەکان بەئەمەک بوون بەرانبەر بەدەنگی خەڵک. دواتر بەهۆی ململانێ و گۆڕانی بەهای کورسی و شێوازی نوێنەرایەتی و دەرکەوتنی جۆرێکی دیکە لەململانێی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن و پێگەیشتنی نەوەیەکی نوێ لەنێو پەرلەمان، بەکردەوە ئاراستەی کارکردن و شتەکان بەرەو گۆڕانکارییەکی سلبی چوون.

هێزێک پەیدا بوو، کە پێی وابوو وەکو زۆر لەپەرلەمانەکانی دونیا دەتوانن بە مێز کوتان و شەڕە بۆکس و دەبەی ئاو هاویشتن و سوکایەتی بە پێگەی پەرلەمان، دەتوانن سەرنجی زۆرترین خەڵک بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. ئەم شوێنە بۆ گوتاری چەواشەکاریی و شێواندنی یاسا و تێکدانی کۆمەڵگە دروست نەکراوە. پێویستی بە (ئەزموون و کەسانی بە توانای فکری و یاسایی و دڵسۆز و خودانی گوتارێکی عاقڵانەی دروستکەرە)، من بڕوام بەوە نییە ئەوەی هەیە (دیموکراسییە، یان بەرهەمی دیموکراسییە) نەخێر لەکردەوەدا گوتاری (بنۆکڵکردن و مۆرانە و نمایشی سینەمایی و سیاسەتی نمایش و بەبازاڕکردنی دەنگ و شوێنی دەنگفرۆشی)  بریتییە لە (کردەی دژە دیموکراسی و دژی گەڕانەوەیە بۆ شکۆ و خواست و پێویستی هەمەلایەنی خەڵک).

پێم وایە لایەنەکان وەکو هەموو دونیای پێشکەوتووی دیموکرات، پێویستە ململانێ لەسەر دۆزینەوەی (گونجاوترین و شیاوترین و بەئەزمونترین کەسانی خودان عەقڵ و مەعریفە و کەسایەتی لاشەڕ و ئارام) بۆ دروستکردنی گوتاریکی شیاو لەنێو پەرلەمان بکەن، نەک گەڕان بەدوای کەسانێک، کە ئامادەن و شەرم لەوە ناکەن (جنێو فرۆشترین و شەڕ پێ فرۆشترین و ئاژاوە چیترین و گەرمترین و هەڵچووترین و فیشەکە شێتە) بن.

کاتی ئەوەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان خاوەنی گوتارێکی دامەزراوەیی بنیاتنەر و چاودێرێکی یاسایی و سیاسی دادپەروەرانەی بەرهەمهێن بێت. یەکەم: (هەڵبژاردن) لەکاتی خۆی بکات و دۆزەکە نەکاتە مۆدێلێکی کەترەلێدراوی  داڕزیوی سەقەت و گەمەی سیاسی. دووەم: (لایەنەکان ئەمجارە کەسانی گونجاو بۆ ئەم ئەرکە) بدۆزنەوە، نەک (کەسانێک بۆ ئەوەی شەڕی جەستەیی و فیزیکیان) بۆ بکەن و وا مەزەندە بکەن ئەوان لەبەرەکانی جەنگن و لە یارگایی بۆکسانێن. ئەم شوێنە شکۆی تایبەتی هەیە، شوێنێکە نوێنەرایەتی دەنگ و خواست و پێویستی خەڵک دەکات. سێیەم: (قونسلخانە و نوێنەرانی وڵاتەکانی دونیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا) و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، تێکەڵی ڕووداوەکانن، چاودێری دۆخ و ململانێ و گوتاری سیاسی لایەنەکان و شێوازی کارکردن و  بیرکردنەوەیان دەکەن، بۆیە پێویستە (پەرلەمانێک هەبێت نمایشێکی ڕەسەن و نوێنەرایەتییەکی هەقیقی هاوسەنگ و گونجاو لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی) بێت و (کەسانێکی لێوەشاوەی) تێدا بێت، ڕای گشتی پێشوازیی لێ بکەن.

هیچ گومان نییە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ململانێیەکی توندی شارستانی و سیاسی لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان و بێلایەنەکان (کۆنەپارێز و چەپرەوەکان) هەیە، هەندێک جار کار دەگاتە (ئابڕووچوون و ئاشکراکردنی پەیوەندییە نهێنییە سێکسی و بازرگانیی و سیاسییەکانیش)، بەڵام کۆنگرێس داناخرێت.  لە وڵاتەکانی ئەوروپاش ئەم ناکۆکیی و جیاوازیی و ڕکابەریی و بەیەک ڕازیی نەبوونە لەنێوان ڕەوتە فکری و ئایدیۆلۆژیی و حزبی و گروپە سیاسییە جیاوزەکان هەیە و توندیشە، ئەوان لەڕێگەی ئەو پڕۆژە و گفتانەی بە خەڵکیان داوە متمانەی نێوان خۆیان و دەنگدەرەکانیان بەهێز و نوێ و فراوانتر دەکەنەوە، نەک لەڕێگەی (بنیدوار بوون، داتەپاندنی پەرلەمان و پەکخستنی کارەکانیان و گەندەڵیی و چاوبڕینە داهات لەپێناو دابینکردنی گوزەرانێکی باش و شایانە بۆ خۆیان و بازرگانیی کردن بە دەنگی خەڵک). ئەوان لەڕێگەی داکۆکی لەمتمانە و نوێنەرایەتی و گوتاری دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانەی خۆیان نەک پێگەی خۆیان بەهێز دەکەن، بەڵکو لەڕووی یاساییەوە شکۆی نوێنەرایەتی و وڵاتەکەشیان و گوتاری دامەزراوەکانیان دەپارێزن، نەک بیر لەتێکدان و ئاژاوە و ڕاگرتن و پەکخستنی کاروباری یاسایی و بەرێوەبردنی وڵات بکەنەوە. نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان و چین و تویژە کۆمەڵایەتییەکان گوتاری گفتوگۆ لەپێناو بەدیهێنانی بەرنامەکانیان پەیڕەو دەکەن، نەک گوتاری سڕینەوەی یەکتر و گوتاری ڕەتکردنەوە و داخستنی پەرلەمان و شکاندنی شکۆی یاسادانان و پووچاندنەوەی گوتاری متمانە و نوێنەرایەتی خەڵک.  

پەرلەمان کۆ نابێتەوە، پەرلەمان حزب بەرنامەی بۆ دادەنێت، ئەندام پەرلەمان کوتەک وەشێن دەێت، ئەندام پەرلەمان وا دەبزانێت لە شێخەڵڵا و سابونکەران و چایخانە قسە دەکات، ئەندام پەرلەمان پێی وابێت بەنمایشی هێز و تووڕەبوون و بۆکس و هاتوهاوار پتر حزبەکەی ڕازی دەکات و بەم جۆرە گوتارە پاساو بۆ (دڵسۆزیی خۆی و سیاسەتی ڕاستی حزبەکەی) دەدۆزێتەوە و خەڵک هان دەدات بۆ ئەوەی ئافەرینی لێ بکەن، نەخێر بەم شێوازە قوڕەکە خەستر دەکەن. بۆیە پێویستە ئەمجارە بیر لە پەرلەمانێکی خاوەن ئیرادە و خاوە گوتاری بیناکردن و چارەکەر و ئاشتەوایی  و شکۆدار بکرێتەوە، نەک پەرلەمانێک زۆربەری تەمەنی لە (مانگرتن و کۆنەبوونەوە و بێکاریی و بایکۆت) بێت. (پەرلەمان/ کارێک) نەبێت لەم دۆخە گرژەدا (دەست لەکارەکەی بکیشێتەوە و ناڕازیی بێت و واز لە مووچکە نازدارەکەی بهێنێت)، کەچی لەپێش کامیرا و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (هاتوهاور بکات و بقیژێنێت).

لەبەر ئەوە پێویستە شکۆی پەرلەمان شۆکدار بێت و شکۆی خەڵکیش شۆکدار بێت و دەنگدەر بزانێت چۆن شکۆی خۆی لەڕێگەی دەنگی خۆی دەپارێزێت و جیاوازیی لەنێوان (گوتاری پاراستنی شکۆی دامەزراوە و ئاژاوە و تێکدان و خزمەتگوزاریی) بکات. لایەنەکان بیر لە نوێنەرانی شیاو بۆ کاری شیاو بکەنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×