سێ بە سێ
  2023-11-08       1853       

شیعری / نەوزاد بەندی 

 

دوو  شت دزرا ، 

حیزبەکان نەوتی ژێر زەوی  و خەڵکەکەیش ئاوی ژێر زەوی ...

دووەمیان بە نهێنییە و 

یەکەمیشیان بە ئاشکرا ..

 

٭      ٭      ٭

 

دوو هەڕاجی نائاسایی   ، 

حیزب زەوی بازرگانی و 

خەڵکیش ڕاستگۆیی و متمانە ،

لە کەمپەکانی ئەوروپا ..

یەکەمیان بۆ فەردە دۆلار 

دووەمیان بۆ ڕەگەزنامەی ئەوروپایی ..

 

٭      ٭      ٭

 

وامزانی هەورەکە دایکرد ، 

کەچی پرژی ئاوڕشێنی ژنێ بوو لە بەردەگا بوو   ، 

بە دزی نەوتدزانەوە ،

یان بە ئەمری نەوتدزێ ، 

بیرێکی ئاوکێشی  لێدا و  

خەتی دووەمی  ئاویشی

بە بۆری سێ چارەک ، دزی ..

( کە ئەمەی دی ، 

لەناکاو هەورەکە ڕایکرد ..)

 

٭    ٭    ٭ 

 

دزیی بکەی  ،

  کەواتە

 تۆ هەی  ..

 

٭    ٭    ٭ 

سەدان تەنکەر نەوتی دزیی ڕیز ئەبن لەو سنوورانە ، 

سەدان جۆگەلەی ئاوی ڕوون سەر ئەکەن بە ڕاست و چەپی ناو کۆڵانا  ، 

  ..

٭      ٭      ٭

 

زانیاری زیاترت ئەوێ ؟

جیاوازیی نێوان نەوت و ئاو ، 

نەوت کاتێ دزرا ، وون ئەبێ 

ئاو کە دزرا ، دەردەکەوێ ..

 

٭     ٭     ٭

 

چەندین ڕۆژە، 

هەموو عەلامات و ئەعرازەکانی  بارینێ  ، 

بە ئاسمانی شارەکانمانەوە دیارن ،

بەس نابارێ ..

ڕێک وەکو  من ، 

سی چل ساڵە ، 

هەموو عەلامات و ئەعرازەکانی کۆچکردنم پێوە دیارە و 

کەچی چەقیوم وەک دارێ  ..

 

٭      ٭      ٭ 

 

ئەڵێم تۆ بڵێی بارانەکەیشیان نەدزیبێ و 

لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی ،

گرێبەستی پەنجا زستانەیان ئیمزا نەکردبێ ؟ 

کەف و تەمەکەی بۆ ئێمە و ئاوە ڕوونەکەی بۆ ئەوان ..؟؟

ئاخر بە پێی گرێبەستی نەوتەکەیش بوو ، 

دوکەڵ و پیسبوون  بۆ خەڵک و ..

نەوت و دۆلاریش بۆ خۆیان ..

 

٭        ٭        ٭

 

ئەم دەسەڵات و میللەتە  

ڕۆژانە هەزارەها جار، 

یەکتری تەڵاق ئەدەن ..و

کەچی هیچ کامیان 

ماڵەکە جێ ناهێڵێ  ..

هەر پێکەوەن ..

ئەم پەیوەندییە ناشەرعییە، 

نازانم چۆن 

مامۆستاکانی ئاینیی،

لێی بێدەنگن ؟ ..

چۆن مەلا بەشیر هیچ ناڵێ؟

 

٭     ٭     ٭ٕ

 

له لاپەڕەی فەیسبووکەکەی

نوسی بووی ئیشی پتڕۆڵیۆم ..

ووتم با شتێ دەربارەی 

پتڕۆڵ و پێکهاتەکانی 

هاوکێشە و بەند و کارلێک و 

توخمەکانی ، بچنمەوە ..

کە پیا گەڕام ، 

هەمووی هەر تەوقە و مەجلیس و 

جامانە و عەشرەت و وورگی هەڵڕژاوی سەر قایش بوو ..

جا بۆم دەرکەوت 

ئەم قەپۆزە 

لووتخوارە سەر قولکە جەوتە ..

فڕی بە پێکهاتەکانی

  پتڕۆڵەوە نییە و تەنها 

دزی  نەوتە ..

 

٭     ٭     ٭ 

 

زانیاریم پێیە ، نەتدیوە 

پێم بڵێ چەندێ کۆمپانیا و تاوەر و ڤێلات بەناوە  ، 

پێت ئەڵێم چەند بەرمیل  نەوتت دزیوە لەم بۆگەناوە   ..

پێم بڵێ چەند دەستت ئەڕوا ،

پێت ئەڵێم دابەستەی حەوشەی 

چ حیزبێکی  ..

پێت ئەڵێم لە ناو ئاگری 

دۆزەخا ،

لە چ بەشێکی ..

 

٭     ٭      ٭ 

 

ئەگەر مەکتەب کرایەوە و 

پشووی دزیی موچەکانتان بڕایەوە، 

پێم باشە کۆمەڵێ وانەی تازە - تازە زیادکەن بۆ لیستی وانەکان ..

گوناهن ، با لەوە زیاتر

  بێ داهاتوو ،

 بێ نان نەبن هەژارەکان ..

وەکو وانەی :

چۆن لە ماوەی هەفتەیەکا ئەبی بە دز؟ 

چۆن لەگەڵ حیزبا ئەبیتە شەریکە دز؟ 

چۆن به کۆرسێ ئەبیتە  پسپۆڕ لە عیلمی فێڵ و تەڵەکە و درۆدا  ؟

چۆن بە هیچ ئاوێ تەڕ نابی ..

چۆن ئەبی بە سپایدەرمان لە شەڕەکانی ناوخۆدا؟ 

چۆن گیرفانت بە زنجیری بیرە نەوتێکا ئەدوری؟ 

چۆن دەنگی خەڵکی هەژار و ساویلکە بەکاردێنی تا

 ئەگەیتە باوەشی چەوری قەڵەوترین حیزبی ووڵات .. چۆن دۆلار ئەهێنیتە بەر  ،

 وەک کوڕی حەملان و حەیدەر.. ؟؟

چۆن فێری شانازیی  ئەبی بە درۆ و خیانەتەوە؟

چۆن  زەوییە زۆر گرانەکان ، 

یەک یەک قوت ئەدەی وەک لوقم ؟

چۆن دایئەمەزرێنی پێڕ و شەقوەشێن و باند و تاقم؟ 

ئاسانترین ڕێگا بۆ شانازییکردن کەکاتێ هەموو میللەتیش پێت ئەڵێن دز ..

چۆن چۆنی  باج ئەخەیتە  سەر دەسکێ سەوزە ، کە لە گوێی جادەیەکا ، ئەیفرۆشێ پیرەمێردێکی سەد ساڵەی نەخۆش و کز ؟

چۆن نیوەی وڵات بفرۆشی و ڕووت ڕەش نەبێ وەک قۆنەرە ؟ 

چۆن نەتەوە و دین و ئاڵا ، 

بکەی بە هۆکاریی دزی  ..و

تەزویریان کەی یەک یەک ..فەقەرە فەقەرە ..

چۆن چەرمی ڕووت هێند قایم بێ شمشێری میسریی نەیبڕێ ؟ 

چۆن دەریایەک نەوت قوت بەیت و دەستیش لە خەڵک پانکەیتەوە و پێیان بڵێی : هەر چیم بەنێ ، خوا نەیبڕێ ....

هەتا دوایی ........هتد ....

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×