وادەى دابەزینى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار ئاشکرا کرا
  2023-10-11       1687       

ڕاوێژكارێکى سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وەبەرهێنان ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بەهای دیناری عێراقى بەرامبەر دۆلار جێگربوون بەخۆیەوە دەبینێت، دەشڵێت، هەوڵدەدەین هەموو كەرتەكان هاوتای سیستەمی جیهانی بكەین.

ئاوێنه‌: محەمەد نەجاڕ، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وەبەرهێنان لە میانەی میوانداریكردنی حەوتەمی كۆڕبەندی “میری” وتارێكی پێشكەش كرد.

لە وتارەكەیدا محەمەد نەجاڕ ڕایگەیاند، ئەو بەرز و نزمییەی لە نرخی دۆلاردا ڕوودەدات، دەرئەنجامی ڕێكەوت نییە، بەڵكو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، هەروەها پێشبینی دەكەین، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار جێگربوون بەخۆیەوە ببینێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەیەكی كورتدا شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكان سەبارەت بە دۆلار گۆڕانكاریی بەسەردا هات و لە ئێستاشدا هەوڵدەدەین هەموو كەرتەكان هاوتای سیستەمی جیهانی بكەین.

لە كۆتاییشدا ئەوەى خستە ڕوو، بوونی گەندەڵی گەورە لەناو كۆمەڵێك بانك و كۆمپانیای بانكیدا، بووەتە هۆی بە قاچاخ بردنى دۆلار، هەروەها بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×