نوسین: هێژا دڵشاد
"لەنوسینی فیلمدا، دەمەوێت ئازاد بم، هەرگیز رێگەنادەم نوسینەكانم لەلایەن كەسیكیترەوە سنووری بۆ دابنرێت". یڵماز گونەی
فیلمی (مێگەل)، یەك لە شاكارە سینەماییە مەزنەكەی یڵماز گونەی-یە. ئەم فیلمە لە سەردەمی خۆیدا لە سینەماكانی ئەوروپا نمایشكراوە و بینەری زۆری هەبووە و بەشداری چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی كردووە خەڵاتی بردووە.
لەم فیلمەدا یڵماز گونەی وەك سیناریست، دەرهێنەر رۆڵی هەبووە.
ئەگەر باس لە پوختەی چیرۆكی فیلمەكە بكەین، رووداوەكان لە بازنەى خێزانێكى كورد لە خاكى باكوورى كوردستان دەگوزەرێت، ئەم خێزانە كۆچەرييە لەناو خەيمەدا ژيان دەگوزەرێنن بەدەست ھەژارى و كێشەی دوژمنايەتى و خوێنڕشتنی نێوان دوو عەشیرەت كاریگەرییە دەرونییەكانی بەسەر تاكەكانەوە دەناڵێنن، لەم فیلمەدا دیمەنی ئاغا و دەرەبەگايەتى دەبینین، لەديوەكەيترى فيلمەكە سيستەمە فاشيست و نادادپەروەرەكەى دەوڵەتى تورك نيشاندەدات كە چينايەتى و چەوسانەوە و بەرتیل وەرگرتن لەلایەن دەوڵەتەوە بەسەر تاكى ئەو وڵاتەوە رەنگيداوەتەوە.
فیلمەكە لە ساڵی 1978 بەرهەمهاتووە ، نمرەی ئای ئێم دی بی 8.2 ی پێدراوە.
لەم فیلمە یڵماز گونەی وەك سیناریست و بەرێوەبردن و دەرهێنەر كاری تیاكردووە. نابێت ئەوەش لەبیر بكەین لەم فیلمەدا سێ ئایكۆنی سینەمای كلاسیكی توركیا، دواڕادە نواندنێكی جوان لە ئاستی باڵا نمایش كردووە، هەریەك لە تونجەل كورتیز، تاریق ئەكان و مەلیكە دەمیرئاغ پاڵەوانی دیمەنەكانی ئەم فیلمە بە ئازار و نایابەن.
لەو سەردەمەدا فیلمەكە ئەوەندە بە زەحمەت بەرهەمهێنراوە وەك تاریق ئەكان دەڵێت لە بێ پارەییدا نەمانتوانی فیشەك بكرین، بۆیە ناچار بوین لە كۆچەرییەكانی ناوچەكە فیشەكمان وەرگرت تاكو لە فیلمەكەدا بەكاریبهێنین. ئەكان دەشڵێت؛ تەنانەت لەساتی خۆ ئامادەكردن بۆ وێنەگرتنی فیلمەكە بەهۆی بێ پارەییەوە چاوپێكەوتنەكانمان لە ماڵەوە ئەنجامدەدا نەماندەتوانی بچینە رێستۆرانت و هۆڵەكانەوە، باس لەوە دەكات لەكاتی گەڕانەوە لە ناوچەی كورتئەڵان-ی سەر بە سیعرتی باكووری كوردستانەوە كە نزیك شوێنی وێنەگرتنی فیلمەكە بووە لە ناوچەی (پەرواری). ستافی فیلمەكە لەبەرئەوەی پارەی تەواویان پێنەبووە بە ئۆتومبێل و ئۆتۆبوس بەرەو ئەنقەرە بگەڕێنەوە بۆ تەواوكردنی بەشی كۆتایی فیلمەكە، ناچار بوون بە شەمەندەفەر بگەڕێنەوە كە ماوەی چوار رۆژی خایاندووە.
ئەم فیلمە لە هەر سوچێكییەوە تەماشای بكەین، لە چیرۆكەوە تاكوو بەرهەمهێنان و لێبووردەیی ئەو ئاكتەرە ناودارانە دەبینین هونەرێكی سینەمایی بەرزی یڵمازە، چونكە یڵماز گونەی جێگەیەكی باڵای هەبووە لەلای ئاكتەران و كارەكانی زۆر جێی تەقدیر بووە، ئەم فیلمە بەڵگەیە بۆ ئەو قسەیەم ئەگینا چۆن ستافێك بەبێ پارە و بەبێ بودجە دوای پڕۆژەیەكی فیلمی یڵماز دەكەوتن!
یڵماز گونەی دەربارەی بەرهەمهێنانی فیلمی مێگەل لە كتێبی مێگەل-دا بەم جۆرە دەدوێت "چیرۆكی فیلمی مێگەل لەنێوان ساڵی1972 بۆ 1973 لە زیهنمدا دروسبوو، لەو كاتەدا لە زیندان بووم، رووداوە سەرەكییەكانی چیرۆكەكەم لە دەفتەرەكەمدا نوسییەوە، ساڵانێكی زۆر لەدەفتەری تێبینییەكەمدا ئەم چیرۆكە وەك خۆی مایەوە نەمدەزانی رۆژێك چانسی ئەوەم دەبێت بیكەمە فیلمێك و خەڵاتی نێودەوڵەتی دەباتەوە.
دواجار لە ئازاری 1978 لە زیندانی ئیزمیر لاپەرەكانی ئەم چیرۆكەم هەڵدایەوە و كارم لەسەر كارەكتەرەكانی ناو چیرۆكەكە كرد تاكو بكرێتە فیلمێك داڕشتنەوەیەكی وردم بۆ كرد، هەندێكجار لەگەڵ نوسینەوەی دیالۆگە ئازاربەخشەكان سیمای كارەكتەرەكان دەهاتەبەرچاوم و رووم گرژ دەبوو، نوسینی چیرۆكی مێگەل لە زیندان، ماوەی سێ مانگ و نیوی خایاند.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم کارێكی گرانە لە زیندانەوە سیناریۆی فیلمێكی لەو جۆرە بنوسیت و سەرپەرشتی كارەكانی بكەیت تاکوو دەرهێنانی فیلمێک و رۆڵ و ئاكتەرەكانیش دیاری بكەیت دەنگدانەوە و خەڵاتەكانی فیلمی مێگەل لە ئاستێكی باڵای هونەری سینەماوە بەرهەمهێنرا، وەك نواندن چیرۆك و وێنەگرتن و دەرهێنان دواڕادە بۆ ئەو سەردەمە كارێكی ناوازە بوو لەسەرتاسەری توركیا و فیلمەكە سەرنجی ئەوروپییەكانیشی راكێشابوو لە سینەماكانی ئەوروپا داهاتێكی باشی كۆكردەوە.
لەم فیلمە پرسی كورد بە هەموو رەهەندەكانییەوە نیشانداوە، تەنانەت ئەم فیلمە بە دەرخستەی پرسی كورد لەسەر ئاستی جیهان دەبینرا. و پرسەكەی ناساند. فیلمەكە بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەوتنێكی گەورەی بەدەسهێنا لەسەرئاستی توركیا و لە سینەماكانی ئەوروپا، فیلمی مێگەل خاوەن نۆ خەڵاتی جیهانیی و 10 خەڵاتی ناوخۆیی توركیایە، لەوانەش:
لە فێستیڤاڵی فیلمی پرتەقاڵی ئاڵتونی ئەنتاڵیا لە ساڵی 1980 شەش خەڵاتی بردووە بۆ هەریەك لە باشترین فیلم، باشترین بەڕێوەبردن، باشترین موزیك، باشترین یاریدەدەری ئاكتەری پیاو، باشترین ئاكتەری ژن و باشترین ئاكتەری پیاو. لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بەرلین لەساڵی 1979 دوو خەڵاتی بردووە.
لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی لۆكارنۆ لە ساڵی 1979 دوو خەڵاتی بردووە.
لە پەیمانگای ئینستوتی فیلمی بەڕیتانی خەڵاتی باشترین فیلمی بردووە.
لە كۆمەڵەی نووسەرانی سینەما لە توركیا، چوار خەڵاتی بردووە.
ئەم فیلمە شاكارێكی مەزنە بە ئەندازەی فیلمی (رێگا) لەسەرتاسەری جیهان دەنگی داوەتەوە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بردووە، ئەم فیلمە دەرخستەی بە توانایی سینەماكارێكی مەزنی كوردە كە چۆن سەرەڕای رێگرییەكان و لە زیندانەوە فیلمی بەرهەمهێناوە ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كوردی خستۆتە سەرشاشە و توانیوێتی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بباتەوە و سەركەوتنێكی مەزن بۆ خۆی و گەلەكەی تۆمار بكات.