په‌یامێک بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵی (ئاوازی گەلان) له‌سلێمانی
  2023-09-08       2206       


جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه که له‌بۆنه‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا له‌شاری سلێمانیدا گروپێکی عێراقی بانگهێشتکراوه که کۆنه به‌عسییه‌ک ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات! که هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده کوردانه‌ی له‌به‌غداد له‌په‌یمانگاو ئه‌کادیمیای هونه‌ر خوێندیانه له‌هه‌شتاکاندا، باش ئه‌و کابرایه ده‌ناسن، جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه که له‌ناو ئه‌و هه‌موو گروپه فۆلکلۆری و نوێیانه‌ی عێراقدا ئه‌و گروپه بانگهێشتکراوه. 

بۆ ده‌بێت ئێمه‌ی کورد ئاوا بێباکانه‌و به‌ئاسانی زامەکانی ئه‌و ساڵانه‌مان بیربچێته‌وه که به‌ده‌یان‌و سی‌دان گه‌نجی ئه‌و شاره به‌هونه‌رمه‌ندانیشه‌وه شه‌هیدکران‌و په‌لکێشی زیندانکران‌و ئازارێکی زۆریان چه‌شت به‌ده ستی به‌عسییه‌کان‌و ڕژێمی له‌ناوچوی دیکتاتۆری عێراق که خۆم یه‌کێکم له‌و هونه‌رمه‌ندانه!

پێویسته ئه‌و ده‌زگاو که‌سایه‌تیانه‌ی ئه‌مجۆره بۆنه‌و فێستیڤاڵانه ڕێکده‌خه‌ن ڕێزیک بۆ مێژوی قوربانیان‌و زیندانیانی سیاسی ئه‌و شاره دانێن‌و ئه‌و که‌سایه‌تییه ناشرینانه‌ی سه‌رده‌می به‌عس نه‌خه‌نه سه‌ر شانۆ له‌شاری (هه‌ڵمه‌ت‌و قوربانی)! 

ئه‌م هه‌موو پاره‌یه له‌موزیکی گه‌لان‌و ئاوازی میلله‌تانی تردا له‌ژێر ناوی جۆراو جۆردا سه‌رفده‌کرێت، له‌کاتێکدا هه‌ندێ له‌هونه‌رمه‌نده‌کانی خۆمان که هه‌وڵی به‌ئه‌کادیمیی کردن‌و به‌جیهانییکردنی موزیکی کوردی ده‌ده‌ن، ده‌بێت پشتگوێبخرێن! 

ئه‌مه‌ به‌دبه‌ختی میلله‌تی کورده که هیچ پلانێکی پێشوه‌خه‌و درێژخایه‌نی نییه نه‌بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت‌و هه‌روه‌ها  بۆ که‌لتورو هونه‌رو ئه‌ده‌ب! 

ئێستاکه‌ش به‌چاوی خۆمان ده‌بینین‌و به‌گوێی خۆمان ده‌بیستین چی ڕوده‌دات له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم‌و چه‌ته‌کانی به‌غداد که کورد هێنانیه‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات! جێگه‌ی داخه‌و ئازاره‌کان زۆرن. ناشکرێ ئێمه‌مانان هه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین، له‌کاتێکدا ئه‌م هه‌موو کاره‌بێبنه‌ماو هه‌ڵانه ده‌بینین!

پێشڕه‌و بابان

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×