ئا: هاوكار حسێن
پارتی پێیوایه تیرۆركردنی سۆرانی مامه حه‌مه پیلانڕێژیی بوه له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگی پارتی‌و دو به‌رپرسی باڵای ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتیش به‌رپرسیارێتی ته‌واوه‌تییان خستوه‌ته ئه‌ستۆی پارتی‌و پێیانوابوه ئه‌و كاره دژ به‌ئیراده‌ی گه‌لی كورد بوه، له‌لایه‌ن خۆیشیانه‌وه ئه‌مریكیه‌كان به‌به‌رپرسانی پارتییان وتوه، "ئه‌و كه‌یسه هه‌روا تێناپه‌ڕێت".
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ویكیلیكس ئاشكرایده‌كات كه به‌رپرسانی یه‌كێتی‌و پارتی به‌نهێنی به‌رپرسیارێتی تیرۆركردنی سۆرانی مامه حه‌مه‌یان خستۆته ئه‌ستۆی یه‌كتری‌و هه‌ریه‌كێكیان لاكه‌ی به‌رامبه‌ری تۆمه‌تباركردوه. له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، مه‌سرور بارزانی، پێیوابوه یه‌كێتی پیلانی له‌دژی خۆی‌و پارتی گێڕاوه، به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس سۆرانی مامه حه‌مه-دا‌و رایگه‌یاندوه، "كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه پیلانڕێژیی بوه له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگی خۆی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان".
ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه كه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان نوسراوه‌و ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیان كردوه، مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس سۆرانی مامه حه‌مه له‌كه‌ركوك. له‌به‌شێكی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا هاتوه، "نه‌وشیروان مسته‌فا بێ دودڵی ئۆباڵی ته‌واوی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی خسته ئه‌ستۆی مه‌سرور بارزانی‌و پارتی. وتیشی، مه‌حاڵه بۆ رۆژنامه‌نوسانی میدیای سه‌ربه‌خۆ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ میدیای سه‌ر به‌یه‌كێتی‌و پارتی بكه‌ن".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا كه هێمای "زۆر تایبه‌ت"ی لێدراوه، هاتوه، "كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌دورودرێژی باسی له‌وه كرد كه چۆن كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه دژ به‌ئیراده‌ی كورد بوه. ناوبراو ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی كرد‌و وتی، "بۆ ماوه‌ی 37 ساڵه، حزبی به‌عس نكۆڵی له‌ئازادی راده‌ربڕینی كورد كردوه. ئێمه پێویسته نه‌گه‌ڕێینه‌وه دواوه‌و هه‌مان شت بكه‌ین به‌رامبه‌ر كوردانی دیكه".
له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیشه‌وه به‌رپرسانی ئه‌مریكا نوسیویانه، "هه‌رچه‌نده كۆسره‌ت، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمه، به‌ڵام ئه‌ویش نازانێت به‌چ شێوه‌یه‌ك بودجه سه‌رفده‌كرێت. ره‌سوڵ دانی به‌وه‌دا نا كه یه‌كه‌مین شوێن كه پێویسته له‌گه‌نده‌ڵی پاكبكرێته‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه".
به‌پێی زانیارییه‌كانی ناو به‌ڵگه‌نامه‌كه، به‌رپرسێكی ناو ئۆفیسی نێچیرڤان بارزانی، به‌ئه‌مریكیه‌كانی راگه‌یاندوه كه دو گومان‌لێكراو به‌تۆمه‌تی كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه ده‌ستگیركراون‌و تێیدا هاتوه، " توشی سه‌رسوڕمان بوین له‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، زانیاری نه‌بو له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی دو گومان‌لێكراو به‌تۆمه‌تی كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه. مه‌سرور بارزانی یان درۆده‌كات یان له‌لایه‌ن ئۆفیسه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیه‌وه ئاگادارنه‌كراوه‌ته".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌ی نێوان به‌رپرسانی ئه‌مریكاو مه‌سرور بارزانی، ئه‌مریكیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی پێیانراگه‌یاندوه كه تیرۆركردنی سۆران "هه‌روا تێناپه‌ڕێت".
بابه‌ت: هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌بێت، راوێژكاری تایبه‌تی ئه‌مریكا تاووتوێی گه‌نده‌ڵی، ئازادی راگه‌یاندن ده‌كات
ئای دی: 08BAGHDAD3776
سه‌رچاوه: باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 1ی كانونی یه‌كه‌می 2008
پۆلێن: زۆر تایبه‌ت
له‌میانی سه‌ردانێكی راوێژكاری ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌رپرسانی حكومی‌و ناحكومیش باسیان له‌وه كردوه كه ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان دو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆر قوڵه، حكومه‌تی هه‌رێمیش رێز له‌ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی ناگرێت‌و گه‌نده‌ڵی ئابوری له‌هه‌رێم پێویستی به‌چاكسازیی هه‌یه. هه‌ریه‌ك له‌مه‌سرور بارزانی، به‌رپرسی پاراستنی پارتی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ راوێژكاره‌كه‌ی ئه‌مریكا باسیان له‌و ته‌وه‌رانه كردوه.
ئازادی رۆژنامه‌وانی‌و كوشتنی رۆژنامه‌نوسێك له‌كه‌ركوك
گه‌وره راوێژكاری باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌به‌غدا بۆ كاروباری باكوری عێراق، تۆماس كراجێسكی سه‌ردانی چه‌ند به‌رپرسێكی حكومی‌و ناحكومی كرد له‌هه‌ولێر‌و سلێمانی له‌رۆژی 25و 26ی تشرینی دوه‌م. مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوابو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پیلانی له‌دژی خۆی‌و پارتی گێڕاوه، به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس سۆرانی مامه حه‌مه-دا كه ناوبراو راپۆرتی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوكردبۆوه. بارزانی بێئاگایی خۆی ده‌ربڕی له‌ده‌ستگیركردنی هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه، به‌ڵام رایگه‌یاند، كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه پلانڕێژیی بوه له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگی خۆی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان.
مه‌سرور پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی نیشاندا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌باره‌ی كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باسی له‌وه كرد كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرنگی زۆرتر ده‌دات به‌كوشتنی رۆژنامه‌نوسێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌ك له‌كوشتنی رۆژنامه‌نوسێكی سه‌ر به‌حكومه‌ت. وتیشی، "ئه‌مه ده‌ریده‌خات ژیانی ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له‌حكومه‌ت ده‌گرن زۆر به‌بایه‌ختر بێت له‌وانه‌ی پشتیوانی له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ن." بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه زۆرێك هه‌وڵده‌ده‌ن له‌رێگه‌ی میدیا‌و (كوژرانی سۆران)ه‌وه، سه‌ركه‌وتنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌مبایه‌خ بكه‌ن." له‌لایه‌ن خۆیه‌وه باڵیۆز هاوڕابو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان زۆر گرنگه، له‌هه‌مانكاتدا فشاری خسته‌سه‌ر مه‌سرور بارزانی تا به‌رده‌وامبێت له‌دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی سۆرانی مامه حه‌مه.
نه‌وشیروان مسته‌فا پارتی تۆمه‌تبارده‌كات
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، میدیاكاری دیاری كورد، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌هه‌مانشێوه بێئاگایی خۆی نیشاندا له‌ده‌ستگیركردنی بكه‌رانی كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه، به‌ڵام بێ دودڵی ئۆباڵی ته‌واوی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی خسته ئه‌ستۆی مه‌سرور بارزانی‌و پارتی. كاتێكیش ته‌ئكیدی لێكرایه‌وه، مسته‌فا دانی به‌وه‌دا نا كه هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نیه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و وته‌یه‌ی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌پێویستی نه‌زانی به‌ڵگه بهێنێته‌وه‌و وتی، "زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كانی سوپای ئایرله‌ندا به‌لای حكومه‌تی به‌ریتانیاوه ناسراوبون، به‌ڵام ده‌ستگیریان نه‌كردن له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ریان له‌سه‌ر نه‌بو".
سه‌باره‌ت به‌بابه‌تی ئازادی راگه‌یاندن به‌گشتیی، مسته‌فا وتی، چه‌ندین فشاری دیكه له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان هه‌ن، له‌وانه پیاده‌كردنی سیاسه‌تی نانبڕین‌و ده‌ركردنیان هه‌ركاتێك پێویست بێت. وتیشی، مه‌حاڵه بۆ رۆژنامه‌نوسانی میدیای سه‌ربه‌خۆ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ میدیای سه‌ر به‌یه‌كێتی‌و پارتی بكه‌ن: "یه‌كێتی‌و پارتی نزیكه‌ی 8 هه‌زار كه‌سیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش قورسه كێبڕكێ له‌گه‌ڵ میدیایه‌كی له‌وشێوه‌یه بكه‌یت".
كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئیدانه‌ی ده‌كات
له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌هه‌مانشێوه هیچ زانیاریه‌كی نه‌بو له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی كه‌سانێك په‌یوه‌ست به‌كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌دورودرێژی باسی له‌وه كرد كه چۆن كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه دژ به‌ئیراده‌ی كورد بوه. ناوبراو ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی كرد‌و وتی، "بۆ ماوه‌ی 37 ساڵه، حزبی به‌عس نكۆڵی له‌ئازادی راده‌ربڕینی كورد كردوه. ئێمه پێویسته نه‌گه‌ڕێینه‌وه دواوه‌و هه‌مان شت بكه‌ین به‌رامبه‌ر كوردانی دیكه".
گه‌نده‌ڵی هه‌رێمی كوردستان
سه‌باره‌ت به‌گه‌نده‌ڵی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته په‌له‌بكات له‌پیاده‌كردنی شه‌فافیه‌ت له‌بودجه‌دا. هه‌رچه‌نده كۆسره‌ت، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمه، به‌ڵام ئه‌ویش نازانێت به‌چ شێوه‌یه‌ك بودجه سه‌رفده‌كرێت. ره‌سوڵ دانی به‌وه‌دا نا كه یه‌كه‌مین شوێن كه پێویسته له‌گه‌نده‌ڵی پاكبكرێته‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه.
كۆمێنت:
ئێمه توشی سه‌رسوڕمان بوین له‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی زانیاری نه‌بو له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی دو گومان‌لێكراو به‌تۆمه‌تی كوشتنی سۆرانی مامه حه‌مه. ته‌نها دو هه‌فته له‌وه‌وپێش، به‌رپرسێكی ناو ئۆفیسی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت كه ئامۆزا‌و زاوای مه‌سرور بارزانیه، ده‌ستگیركردنی ئه‌و دو كه‌سه‌ی بۆ ئێمه ته‌ئكیدكرده‌وه‌و دڵنیایكردینه‌وه كه نێچیرڤان بارزانی خۆی سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له‌و بابه‌ته. مه‌سرور بارزانی یان درۆده‌كات یان له‌لایه‌ن ئۆفیسه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیه‌وه ئاگادارنه‌كراوه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه به‌و پێیه‌ی مه‌سرور به‌رپرسی ئاسایشی پارتیه. به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی كه كێ چی ده‌زانێت له‌باره‌ی كه‌یسی سۆرانی مامه حه‌مه‌وه، ئێمه به‌رده‌وامده‌بین له‌داواكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له‌وباره‌یه‌وه. وه‌ك چۆن كراجێسكی له‌دوای كۆبونه‌وه‌كه، به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی پێیڕاگه‌یاند: "ئه‌م كه‌یسه هه‌روا تێناپه‌ڕێت".