پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبونی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی، چوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب کرایەوە، لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییانکردوە و ملیۆنان کتێب و سەدان هەزار ناونیشان نمایش کراون.
ئاوێنە: حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم لە مەڕاسیمی کردنەوەی پێشانگاکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، حکومەتی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردو گرنگی تەواوی بە کتێب و کتێبخانەکان داوە، لەو چوارچێوەیەشدا سپاردنی ژمارە و چاپکردنی کتێبی بە رێنمایی تازە دەرکردوە، بەجۆرێک کارئاسانییان کردوە بۆ نوسەران و پاراستنی مافەکانیان.
ئەوەشی خستەڕو، لەم کاتەشدا پشتیوانی لە کتێبخانە گشتی و نیشتیمانییەکان دەکەن، بەتایبەت لە شاری سلێمانی کە شاری داهێنانی ئەدەبی نەتەوەیەکگرتوەکان و پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە ناوەندی رۆشنبیری، کوڕ و سیمیناری زۆری تێدا بکرێتەوە.
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم دەڵێت، پشتیوانی کارەکانی چوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب دەکات بەتایبەت کە ئەمساڵ پێشانگاکە فراوانتر کراوە و هەڵە و کەموکوڕییەکانی ساڵانی رابردوش چارەسەرکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە چوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی کرایەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 200 ناوەند و دەزگای چاپ وپەخشی ناوخۆی و بیانی بەشدارییان کردوە کە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهانەوە هاتون.