کورت بینی وەزارەتی ڕۆشنبیری.. نەبوونی ناوەندێک بۆ ئەرشیفی هونەری شێوەکاری کوردی
  2022-10-27       2420       

زامۆئا داراغا 


لە دوای تێکچوونی باری تەندروستی هونەرمەند ( ئیسماعیل خەیات ) وە لە رێکەوتی 29/04/2020 واتە دوو ساڵ و نیو پیش ئیستا من پێشنیارم کرد بە دروست کردنی ناوەندێکی هونەری بە ناوی هونەرمەند ئیسماعیل خەیاتەوە .
ئەم ناوەندە وەک شوینێک بۆ ئەرشیف و لیکۆلینەو و شیکاری هونەری شێوەکاری کوردی دروست بکرێت بۆ ئەو هونەرمەندانەی کە لەژیاندا نەماون یان ئەو هونەرمەندە شێوەکارانەی لە سەدەی ڕابوردوودا کاری هونەریان کردوە و کاریگەری راستەو خۆیان هەبووە لە سەر میژووی هونەری شێوەکاری کوردی .
بەلام ئەوەی چێی سەرنجە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و ناحکومی بەدەم ئەم پێشنیارەوە نەهات ، بە تایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری تا ئەم ساتە هیچ پلان و ستراتیجیەکی نییە بۆ ئەم بیرۆکە گرنگە وە کەسیان نەگەیشتونەتە ئەو بەرپرسیارێتیە کە هەست بە گرنگی ئەم بابەتە بکەن لە رووی مێژوویەوە و کاریگەری ئەم ناوەندە هونەریە لەسەر کایەی هونەری شێوەکاری کوردی .
لە هەست کردن بە بەرپرسیارییەتەوە ئەم بابەتە دووبارە ئەوروژینمەوە بە تایبەتی لەسەروبەندی مەرگی هونەرمەند ( ئیسماعیل خەیات ) بە باوەری من ئەم پێشنیارە لە ئێستادا پێویستیەکی مێژووییە بۆ کۆی کایەی هونەری و کولتوری ئێمە تا ئێمەش وەک گەلانی تری جیهان کاری جددی و زانستی لەسەر میژووی هونەری شێوەکاری خۆمان بکەین و لە فەوتان و بیرجونەوە رزگاری بکەین .



( 57 ) پەنجاو حەوت ساڵ لە ئەزموون...
بۆ ئەوەى لە بیرى نەکەین, وە هەمان هەڵە دووبارە نەکەینەوە پێوستمان بەوەیە کارە هونەریەکانى هونەرمەند ( ئیسماعیل خیات ) بپارێزین و لە فەوتان ڕزگارى بکەین,
پیشنیار دەکەم بە دروست کرنى شوێنێکى تایبەتى بۆ کارە هونەریەکانى و کۆى بەرهەمەکانى هونەرمەند ( ئیسماعیل خیات ) وە بکرێت بە ناوەندێکى زیندو چالاک لە مێژووى شارى سلێمانى و هەرێمى کوردستان و عیراقدا.
بۆ ئەوەى بتوانین مێژووى هونەرى شێوەکارى لەم ناوچەیە لە فەوتان و بیرجوونەوە ڕزکار بکەین پێوستمان بە شوێنێکى وا هەیە کە گرنگى بدان بە هەموو وردەکاریەکى هونەرى شێوەکارى.
ناکرێت هەڵەکانى پێشتر دووبارە بکەینەوە وەک چەندین هونەرمەندى شێوەکارى بە ئاسانى کارەکانیان لە دەستمان چوو, ئەم هەڵە کوشندەیە کە تائێستا بەردەوامە ئیتر دەبێت کۆتاى پێبهێنرێت, کە بە داخەوە نموونەمان زۆرە وەک هونەرمەندان ( سەروەت سەوز و ئاراز تالب ) و چەندین هونەرمەندى ترى شێوەکارى کە لە بێ مەعریفى و نەزانیندا لە دەستمان چوون و نەمان توانیى کارەکانیان کۆبکەینەوە و بیان پاریزین و ببین بە خاوەنى مێژووى هونەرى شێوەکارى خۆمان وەک هەموو نەتەوەکانى دونیا.
بە باوەڕى من کاتى ئەوە هاتووە ئەم کارە ئەنجام بدرێت ئیدى چیتر پشت گوێ نەخرێت وە فریاى ئەوە بکەوین کە ماومانە, بە تایبەتى کەسیکە وەک هونەرمەند ئیسماعیل خیات ( 57 ) پەنجاو حەوت ساڵ ئەزموونى هونەرى بەرهەم هێناوە یەکێکە لەو هونەرمەندە کوردانەى کە لە سەر ئاستى عیراق بەشدارى کردوە لە مێژووى هونەرى شێوەکارى لە ساڵەکانى شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکاندا.
ڕۆلێکى گرنگى هەبووە لە پیشخستنى هونەر بە تایبەتى لە شارى سلێمانى هەم وەک هونەرمەندێک وە هەم وەک سەرپەرشتیارى هونەرى لە چالاکی قوتابخانەکان لە ساڵى ( 1967 ) دا.
ئەم شوێنە ببێت بەدەستپیکێکى زۆر گرنگ بۆ نوسینەوەى مێژووى هونەرى شێوەکارى, وە بەم هەنگاوە دەتوانین کار لەسەر هەموو ئەو هونەرمەندانەى تر بکەین کە لە ژیاندا نەماون، هەموو کارە هونەریەکان و ئەو کەرەستانەى کە بەکاری هێناون لە ژیانى ڕۆژانەدا وە ئەو دیکۆمێتانەى کە پەیوەندى هەبووە بە ژیانیەوە لەوێ کۆبکرێتەوە, تا بتوانین لە ڕێگەى ئەم شوێنەوە مێژووى هونەرى شێوەکارى شرۆڤە و شیکارى و لێکۆڵینەوەى ورد بکەین, ئەم ناوەندە ببێت بە سەنتەرێکى ئەکادمى بۆ دروست بوونى زانستى هونەر و مێژووى هونەرى شێوەکارى.

هونەرمەند ( ئیسماعیا خیات ) لە ڕێکەوتى 2020/02/10 لە ڕووداوێکى کەوتندا لە ماڵەکەى خۆى وە لە پاش دوو نەشتەرگەرى قورس بۆ مێشکى لە ئێستادا بێهۆشە و لە سەر جێگە کەوتووە بە هیواى ئەوەم کە زوو جاک بێتەوە هەڵسێتە سەر پێى خۆى.


تێبینى:- فۆتۆکان دواهەمین دیدارى من و ئاڤانە لەگەل هونەرمەد ئیسماعیل خیات لە گەلەرییەکەى خۆى لە ڕیکەوتى 2019/12/17 چرکێندراوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×