کتێبی"گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت" به‌زمانی فارسی چاپ‌و بڵاو کرایه‌وه‌!
  2022-08-07       2492       

کتێبی"گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت" که‌ قه‌سیده‌یه‌کی درێژی نوسه‌ر، شاعیرو مامۆستای زانکۆ؛ د.ئه‌حمه‌دی مه‌لایه‌و له‌ساڵی 2016 چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر زمانی فارسی و له‌لایه‌ن نه‌شری "لۆگۆس" له‌تاران چاپ و بڵاوکرایه‌وه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت وه‌کو هه‌وڵێکی دیکه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌ گێڕانه‌وه‌و شیعری کوردیدا ده‌بینرێت و کوشتن و ئافراندنه‌وه‌ی دووباره‌ی زه‌رده‌شتی مێژووییه‌و مانیفێستکردنی سیسته‌مێکی به‌هاخوازانه‌ی ڕێژه‌گه‌رایه‌! دژی هه‌موو ئه‌و کوشت و بڕو مه‌وداکه‌وتنه‌ی نێوان ئینسان و سروشت و جیهان و بوونه‌و به‌زایه‌ڵه‌ی تیشک دێته‌ گۆو به‌پزیسکی گزینگی سه‌هۆڵی نامیهره‌بانی ده‌توێنێته‌وه‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ که‌ له‌شه‌ش"گزینگ"ی جیاوازو له‌هه‌مانکاتدا گرێدراو پێکهاتووه‌ سه‌ودای ستران و گۆرانییه‌کی هه‌یه‌ که‌ به‌زامی قوڵی مرۆڤایه‌تی و هاواریی پڕسوێی کورد وه‌کو زامدار دێته‌ ده‌نگ! که‌ڵکه‌له‌ی فۆرم به‌شێک له‌پانتایی گێڕانه‌وه‌که‌ی داگیر کردووه‌؛ له‌وێدا که‌ گێڕه‌ره‌وه‌ بۆ ئافراندنه‌وه‌ی جیهان له‌ڕێگه‌ی زمان و پیتی کوردییه‌وه‌ جیهان ده‌ئافرێنێته‌وه‌ و دژی تاریکی و شه‌ڕ ده‌وه‌ستێته‌وه‌. که‌ به‌وته‌ی وه‌رگێڕ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ بۆ ناو زمانی فارسی زۆر سه‌خت و ئه‌سته‌م بووه‌و کاتێک ده‌ڵێین وه‌رگێڕان به‌ته‌واوه‌تی ڕوونادات مه‌به‌ست له‌ئه‌م حاڵه‌ت و شوێنه‌ ناسکانه‌یه‌. حه‌وته‌ی پێشوو ئه‌م کتێبه‌ له‌لایه‌ن نه‌شری لۆگۆس له‌ ژێر ناوی"بازگشت زردشت" و له‌134 لاپه‌ره‌دا به‌وه‌رگێڕانی عادل قادری؛ نوسه‌رو ورگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چاپ و بڵاوکرایه‌وه‌. عادل قادری تا ئێسته‌ خاوه‌نی چوار به‌رهه‌می نوسین و وه‌رگێڕانه‌.
بۆ وه‌ده‌ستخستنی ئه‌م کتێبه‌ به‌زمانی فارسی ده‌توانن سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی نه‌شری لۆگۆس بکه‌ن. 
Irlogos.com


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×