شادمان ئەحمەد مەحمود حەمدی
دەروونناسی کۆمەڵایەتی، زانکۆی لۆزان
ئاواز خۆین مستۆ دادار نزیکەی پەنجا ساڵە گۆرانی دەچڕێ لە نیشتیمان و لە غوربەت.
هەر لە منداڵیەوە، کاتێک کرێکاری کارگەی خشت درووستکردن بووە، خۆڕسکی مۆسیقاو شیعر و ئەدەبی نەتەوەکەی بووە و لە غوربەتیش ئاشنایی لەگەڵ ئاوازو گۆرانی و سیمفۆنیا جیهانیەکان پەیدا کردووە.
لە پێش دە ساڵیەوە بە چالاکی ئۆپێرای گووڵی خوێناوی و بابە بابەی ڕەفیق چالاکدا لەسەر شانۆ و هەر لەوکاتەوە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
مستۆ، بە دەنگە سازگارەکەی گۆرانی بۆ خەمی کوردو و بۆ کۆچی دوایی باوکی خۆی لەپێناوی نەتەوەکەیدا چڕیوە.
لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە، لە غوربەت، بەشداری چەندەها چالاکی کۆنسێرت و ئۆرکێسترای کردووە لە گەڵ ژانیارانی بیانی.
مستۆ ی مرۆڤدۆست، وەک بڵێی بۆ عیشقی جوانی و هوونەردۆستی هاتبێتە ژیان، زووربەی ژیانی تەرخان کردووە بۆ ئاوازو شیعرو ئەدەب و لە منداڵیدا کرێکاری کردووە. بە داهێنانی تایبەت و بە سەربەخۆیی بەرهەمە هوونەریەکانیدا دەناسرێتەوە.
مستۆ، بە "فرمێسکی هونەر" چرۆی گوڵەکانی مرۆڤایەتی و نەتەوەکەی ئاوپڕژین دەکات. ئاوازی سەمای شادی پەپولەکانن وەکو " تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن".
ئاوازی کۆڵنەدەری خەمەکانی نیشتیمانی دایکی دڵشکاو، وەک لە گۆرانی " فاتمەدا" پڕ لە سیحری جوانیە، بۆ بەرز دەکاتەوە بۆ جوانی ژیان.
ئەم ئاوازانە باسی ساتە شیرینەکانی یاری چاوشارکێی منداڵی دەکەن کە هۆکارێکی خۆڕاگری بوون لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا.
ئاوازی کۆڵنەدەری داهێنانی سازێکە کە هاوئاوازی دەنەخشێنێ لە نیوان دەنگە پەرتەوازەکانی نیشتیمان و غوربەت.
هونەری کۆڵنەدەری ڕامانە،
دەنگی حاڵەکان و حاڵی دەنگەکانە
لەسەردەمی ووردوو خاشبوونی ووشەکانا.
لکاندنەوەی زریکەی ئازار و ئۆخژنی چێژی ژیانە. بۆژاندنەوەی هارمۆنی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە.
پڕۆژەی داهاتووی مستۆ دادار، لە تەمەنی شەست ساڵیدا، پێشکەش کردنی کۆنسێرت و ئۆرکێسترایە بە مرۆڤدۆستان و هونەردۆستان.
ئامانجی پڕۆژەکەش هەڵقوڵانی جوانیە سەرەڕای و نەهاتەکانی گەرویەکی بریندارەوە و بەهیوای ساڕێژبوون بە هونەر لە ئاستی تاک و کۆمەڵدا.