حەسەن  زیرەك  چریكەیەك  لەویژدان و ئازارەكانی  تاكی كورد  
  2022-06-23       2855       

 موتەلیب  سەعید عومەر 


هەموو دەنگ و چریكەو سۆزیك  سەدا و هاوارێكە  لەمرۆڤ  بوون لەو خەم و ئازارانەی  كە مرۆڤەكانی دونیا لەژیانی  كولەمەرگی و كوێرەوەرییاندا  دەریان  بریوە  ئەگەرچی   شێوازی  دەربرینی  هەر مرۆڤێك  جیاواز ترە  لە ئەوی تر  شاعیران  بەووشە هەست و  سۆز و پەیامەكەیان ئاڕاستەی  خوێنەرەكانیان  دەكەن  بەڵام  هونەرمەندان  بەدەنگ و  چریكە گوێی  بیسەرەكانیان  زاخاو دەدەن، لەناو كولتوورو ئەدەبیاتی  گەلاندا  زۆر  دەنگی ناسراو دیار هەیە  كە بیسەرو  بینەرێكی  یەكجار  زۆریان هەیە، لەناو كۆمەڵگەی كوردی  حەسەن  زیرەك  یەكێكە لەو دەنگانەی  چ لەسەردەم  و چ دوای خۆی  توانی ببێتە ناسنامەو ناسینی  دەنگ و سەدایەكی  تایبەت لای  بیسەرو هەوادارەكانی، وەك چۆن  هەندێك  تێكستی  شاعیرانی كورد   زیندو نەمر  ماوەتەوە  لەنمونەی  هۆنراوە  بەرزەكانی  نالی،حاجی  قادری  كۆیی، سالم، عەبدوڵا گۆران، شێخ نوری  شێخ  ساڵح، بێكەس..هتد، چریكەی حەسەن  زیرەكیش  یەكێكە لەو دەنگانەی  بۆ ماوەی پەنجاڵ   دوای  نەمانی  هێشتا  لە گورٍە و برەو دایە ئەوە سەرباری  ئەو هەموو گۆرانكارییە  لەژیانی  كۆمەڵی  كوردی  بەركەوتنی  بەدیاردەی  بەجیهانیبوون  سەرهەڵدانی  چەندین  ئامڕازو  تەكنیكی  نوێ‌، دەنگی نوێ‌  هێشتا  زمانە  سادەو چریكە ئەفسوناوییەكەی  تایبەتەكەی  حەسەن  زیرەك  لەگوێی  بیسەران و هەوادارانیدا  كاركرد و سەنگی  خۆی هەیە  بۆ سەلماندن و دەرخستنی  ئەم رٍاستیانەش  دەكرێ‌  شیكارییەكی  كورت  بۆ  هەندێ‌  بەستەو مەقام و  میلۆدییە  فۆلكلۆرانە بكەم   كەلە دەروونە پڕ لە ناكامەكەی حەسەن  زیرەكدا  دروست  بوون و  گوزارشت  لەهەست و خەمو ناسۆرو  دەردە دڵیەكەی  لایەك و توانا خودا پێدراوەكەی  دەكات  وەلێ‌   گفتوگۆ كردن  و نووسین  لەبارەی   تواناو دەنگ  و چریكەی  حەسەن  زیرەك  هەڵگری  دەیان  لێكوڵینەوە  و  خوێندنەوەی   جیاوازە   لەم  وتارەدا  دەرفەتی  ئەوەمان  نیە  شیكارییەكی  ووردو  فراوان  لەمەر  ژیان و كۆی  ڕەهەندە  جیاوازەكانی  ئەو هونەرمەندە  بەرزە  بكەین .
 ئەز لەم خوێندنەوەمدا  چەند  سەرنج و  بۆچوونێكی كورت  لەبارەی  ئەو  هەستو سۆز و ئەو دەربرینانە  دەدەم  كە بەهەستێكی  قوڵ و خەمێكی گەورەی  ئینسانی   حەسەن  زیرەك  بەدرێژایی  تەمەنی  هونەری و  توانای  لەڕادە بەدەركەی   چرٍیوێتی  لەكاتێكدا  تا لەژیانیشدا  بووە  زۆر كەم  لە هونەر دۆستان و شەیدایانی  دەنگی  لەناڵەو  چریكە  ویژدانیەی  حەسەن  زیرەك  تێنەگەیشتن، حەسەن  زیرەك  ئەو  مرۆڤەی  دەرفەتی  نەبوو  وەك  مرۆڤێكی  كورد  ژیانێكی  شایستە بژی  وێڕای  نەبوونی  خوێندەواری و  دەرفەتی  ژیان  بەڵام  بەهرەمەند و  داهێنەر لە رٍێكخستنی  بەند، و  ووتنی هەڵبەست  و چڕینی  مەقامو  گۆرانی .

هەر وەك   زیرەك  خۆی  لەیەكێك  لەتۆمارە  دەنگییەكانیدا   دەڵێََت  هونەر لەنێو  كوردا  بایەخی   نیە، هونەر لەنێو  كوردا  قەدری نەما، هونەر بۆ  من بەهرەیەكی  نەدا، هونەر  بۆ  من  كارێكی  نەكرد  كە بە شوێنیا  بچم  چوون  كوردم  و بەزمانی كوردی  قسە دەكەم .
 حەسەن  زیرەك  ئەگەرچی   هونەرەكەی  بۆ  خەڵك  بوو  بەڵام  بەداخەوە  خەڵك  وەك  مرۆڤێكی  سادەش  لێیان  نەروانیوە   چ  جای  ئەوەی  لەبەهرە و چریكەو  توانای  بەرزی  حەسەن  تێبگەن  هەر بۆیە  سكاڵاو دەردە  دڵی  خۆی  لەوەدا  دەردەبرێت  كە كوردە  بەزمانی  كوردی  دەدوێت  وەگەر نا   زیرەك   كوردێكی  بێ‌ غەلو  غەش و  ڕەسەنە   تەنانەت  بەهۆی  كورد  بوونیەوە  دووچاری   زۆر دەردە  سەری و  گرتن و ئەشكەنجە و ئازار   بۆتەوە .
 قەت  لەدونیادا  نەبوو  بێجگە لەناخۆشی  بەشم 
ئەی خودا چەند  بەد بەخت و  چەند چارە  ڕەشم 
سەردەمێك  ئاوارە بووم و   مودەتێكیش  دەربەدەر 
قەت  نەمدی  ڕووی  ئاسوودەگی  هەر تووشی  گێرەو  قەر قەشم   
سەرباری  ئەو هەموو خەم كەسەر و تەنیایی و نائارامیە  زیرەك  دڵێكی  شەیداو  سەرەڕۆی  هەیە هەمیشە دیدەو  هەستو گیانی لای  شۆڕە  ژنی چاو مەست و كیژی  كوردی  كوردەوارییە  حەز  دەكات  خۆشەویستەكەی  گفتو گۆی  لەگەڵ  بكات .
       نام دوێنی  بۆچیم  نامدوێنی، بۆ لێم  زیز بووی  نامدوێنی 
ئەگەر بێو بمدوێنی،نام  ڕەنجێنی، نام  شەمزێنی، رۆح  دەدەم  لەمزگێنی، سەر دەدەم لەمزگێنی 
ئەم چریكەیە  بەرلەوەی  دەربرینی  هەستێكی جوانە  لەناخی  پەنگخواردووی   مرۆڤێكی  ئاشق   بەكیژە كوردێكی  چاومەست  لەهەمانكاتدا  داواكاری و  گرفتاری  زامێكە  بۆ  دڵدارەكەی  هیچ نەبێت  بزەیەكی  بۆ بكات  تا ئاخ و  ناڵینەكەی  كەم بێتەوە و  ئوقۆە  بگرێ‌  ئەو چریكەیەی   كەژو  دوڵ و  بەندەنەكان  پڕ لەناڵین  دەكات  بەڵام  خانمەكەی  بێئاگایە و لەسەر كەشی  خۆی ناكەوێ‌ . 
گەر بێت و بمدوێنی  نام رٍەنجێنی،نام شەمزێنی، رۆح دەدەم  لەمزگێنی، سەر دەدەم  لەمزگێنی 
لە بەندی  یەكەم  گرفتاری  ئەوینێكە بەدەست  دڵدارەكەی،لەبەندی  دووەم  ئەگەر بێت  بمدوێنی  نامرەٍ نجێنی  بۆیە ئەگەر بیدوێنێ‌  گیانی ئاسوودە  دەبێت  سەبوری و مزگێنیەك  دەبێت  بۆی .
حەسەن  زیرەك  وێرای ئەوەی  وەستایەكی  شارەزا  بووە  لەڕێكخستنی  بەندو  ووشەو یاریكردن  بەدەنگی لە هەمانكاتدا  لەچرینی  گۆرانیی  شاد دا  توانایەكی  بەرزی  هەیە  لەوەسفكردن و پیا هەڵدانی  بەژن و لەنجەو  ر ٍەوتی  كیژی  كورد و  وڵاتی  كوردەواری .
    لەگۆرانی  ئەرێ‌ لادە،لادە، رٍووبەند پەشمینە  وێنەیەكی  تری  جوانی  ژن و سروشتی  كوردەواری  بە دەنگە  ئەفسوناوییەكەی  دەكێشێت  بە شێوەیەك  وێنەی  كیژی كورد  كاتێك  لەكانی  بەلەنجەو لار دەگەڕێتەوە  بەرەو ماڵ   ئەو  دیمەنە  هەستو  هۆشی حەسەن  بردووە .
ئەی  كیژی  لادێ‌  بانەو دارستان، كاسپی  تۆم  ساڵێ‌  مازووە و گەڵووان 
 ئەی  كیژی لادێ‌  محاڵێ‌  مەنگۆر، من  بۆ  تۆ  نەمام  شۆخی  جگەر  بڕ
ئەی  لادە،لادە   رٍوو بەند پەشمینە، رٍوو بەند پەشمینە خوێنت  شیرینە 
حەسەن  زیرەك  گۆشكراو پەروەدەكراوی  ژینگەو  ژیانی  كوردەواری یە ئەوەتا  لەناو هێنانی   سەربان و  ماڵ و ماڵیات، و دارستان و مازوو، گەڵا دا  وورد و بەسەلیقەیە، وێرای  ئەوەش  كیژی لادێ‌  وەك مرۆڤێك  بەشێكە  لەگیان و  بیری حەسەن زیرەك و لەهەست  و دەربرینەكانیدا جوانترین  پێناسەو  وێنایەكی  بەرزی  هونەری  ڕەنگدانەوەی  هەیە. 
لەداڕشتن و  وێنەگرتنی  سروشتی  خاكی  بۆكان و  دەوروبەریدا  زیرەك  مرۆڤێكی  بیر فراوان و شەیداو سەودا  سەرێكی  یەكجار  ئاشق و كارامە بووە  چ  لەرێكخستنی  ووشەو چ  لەناسینی   دەوروبەری  ناڵەشكێنە و هەموو ئەو شوێنانەی  نزیك  یان  بەرامبەر ناڵە شكێنەی  بۆكانە.
دەچمە سەر ناڵەشكێنە بەرامبەر  بە بۆكانێ‌ 
 یاری  من هەر نەجیبە باریكە و نەشمیلانێ‌  
   بمرم  كورتێ‌ خاڵ   دانە  دانێ‌ .
دەچمە سەر ناڵە شكێنە  بەرامبەر  میاندواوێ‌ 
 ئەشقی  باڵای  لێو  ئاڵ  بووم  كولمَەی  گوڵی  سێڵاوێ‌ 
 دونیام   بێوی  من  ناوێ‌ .
حەسەن  زیرەك  زۆر سەو داسەر و شەیدایە تا ئەوپەری  مرۆڤبوون  ئەشقێك  تژی لەژیان  نەك  تەنها  بۆ جەستە و ئارەزووی  ژن  بەڵكو  بەگیان  شەیدای  جوانی  سروشتی  كوردستان و كوردەواری  و ژنی كوردە    چونكە  ئەشقەكەی  زیرەك  هەستێكە  بۆ  ژیان  دروست  بووە  ئەو هەستەی  لەمنداڵیەوە  تا مردن  دەنگ  و ناڵە و خەمەكەی  لە ناخێكی پاك  لەژیاندۆستی،خۆنەویستی  و مرۆڤدۆستی  ڕەنگیداوەتەوە .
دەستم  بەدامێن   قوربان  دەگ یارم  كەمبارت 
چونكە  بەگزادەی   دەبمە  نۆ كەرت 
دەیجا لوتفت  بێت  مردم  سندوقی سەرت 
لای لای  سورە گوڵ، چۆنت  ڕاژێنم 
ئیجازەم  بدە  سەر پەنجەم  بێنم 
وات   ڕادەژینم  ڕاتنە چڵە كێنم  
حەسەن  زیرەك  تەنها  خاوەنی   چریكەیەكی  ئەفسوناوی  نیە  بەڵكو  یەكێك  لەتایبەتمەندییەكانی  چرینی  هەڵبەستەكانی  شاعیرانی  كوردە  بە دەنگە  ئەفسوناوییەكەی ، لایەنێكی  تری   توانای  ئەو هونەرمەندە   زیندو كردنەوە  بەرهەمی  فۆلكلۆر و  بایەخدان بەم  ڕەهەندە   گرنگەی  كەلەپووری نەتەوەكەمان   بۆ  مرۆڤێكی   بێكەس و  بێ‌ لانەو  سەر هەڵگرتوو  بەڕاستی جێگەی  تێرامانە،  حەسەن  زیرەك  ئەو مرۆڤە داهێنەرە  نەخوێندەوارە  لەو سەردەم و  هەلومەرجە سەخت و ژیانە پر كوێرەوەرییە  دێت و چەندین  بەندو بەستەو میلۆدی  كوردی  زیندو دەكاتەوە  لەفەوتان دەیانپارێزیت  ئەوەش  یەكێكە لە بەهرەو  زیرەكی  ئەو مرۆڤە  كوردە .
بەداخەوە  حەسەن  زیرەك  ئەگەر كورد  نەبووایە  دڵنیام  لە نێو  هەر نەتەوەیەكی تر  بوایە  هیچی  كەمتر نەبوو لە شكسپیر، چاپلن و  بۆ دلێری  شاعیری  ناوداری ئینگلیز  ئەوان خاوەن  دەوڵەت و  شارستانیەت و ئەرشیفیكی  دەوڵەمەندی  پارێزراون   بەڵام  زیرەك  لەنەتەوەیەكی  بن دەست و لەهەلومەرجێكی  ناهەموار، وڵاتێكی  پر لەستەم و  نادادی  كۆمەڵایەتی  ژیا .
خەسڵەتیكی  تری  بەرزی  هونەرەكەی  حەسەن  زیرەك  ئەوەیە  دەنگێكە  زیاتر  لەزەمەنێك و  سەردەمێك  بەردەوامی  هەیە،  حەسەن  زیرەك  دەنگێكە  سنور برٍ و  رۆیشتوو بەناو  وڵاتێكی تر و  كەلتوورێكی  تر ناسینی  ئەو دەنگە  بەناو  نەتەوەی  فارس و عەرەب  ئەوەش  وایكردوە   لەسەر ئاستی  گەلانی  دەوروبەر  زیاتر ناسراو بێت، لەمانەش  زیاتر  حەسەن  زیرەك  چریكە یەكە  گوزارشت   لە ویژادن، و ئازار، و نەهامەتیەكانی  تاكی كورد دەكات  لەتەواوی  خاكی  كوردستان .
 چ  سرێكە  لەدلمَا یە  بیڵێم و  زمان   ئەسوتێ‌ 
بیشارمەوە  نەیبێژم، مێشك و ئێسقان  دەسووتێ‌  
زۆر شت  هەیە  بۆ  وتن  بەڵام  ڕەنگە هەر  ئەرزشی  نەبێت ، ئەو سڕەی  لەدەروونی  حەسەن  زیرەك  دایە  تەنها پەروەردگار  دەزانێ‌  چییە   ئەو نهێنیە  هێندە  بەژان و  ناسۆرە  تەنانەت   توانای  نیە  بەزمان  دەریبرێت   ترسی ئەوەی  هەیە  بەدركاندنی  زمانی  بسوتێت   ئای چ  سرێكە  خودای  گەورە  مەگەر  تۆ  بزانی  چ  نهێنی، و خەمو  كەسەرێكی  قوڵی  لەدەروونیدا پەنگی  خواردۆتەوە .
لەنێوان  ئەم  دوو ڕاو هەستە ئازار چەشتووەدا  دوو دڵ  ڕاماوە  ئەگەر بیشارێتەوە   نەیبێژێت  مێشك و ئێسقان  دەسووتێت  بۆیە ئەگەر  نهێنیەكە بدركێنیت  ئاگرەكەی  دەروونی  دادەمركێت .
لەیادی  كۆچی  دوایی  پەنجا ساڵەی  ئەو هونەرمەندە  بەرزەی   كورد  درود  بۆ گیانی پاك و هەستی  بەرز و هونەری بەرزت ،  ئەز  دوای  زیاتر لە 45  ساڵ  گوێگرتن  لەدەنگی  ئەو  هونەرمەندە  مەزنە  ڕام  وایە  ئێمەی  بیسەر، و هونەر دۆست  و هەوادارانی   دەنگی حەسەن  زیرەك  تا ئێستا  نەمانتوانیوە  وەك پێویست  زیرەك  بناسین   ئەو كاتە لەناسینی  ئەو  هونەرمەندە  تێدەگەین   كەبتوانین  چەندین  لێكوڵینەوەی زانستی  و  بەدواچوون  بە نێو  كانیاوی  پرٍ لە مرواری  ئەو هونەرمەندە ناسراوەدا  بكەین .   


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×