دامەرزاوەی كەریمی عەلەكە رایگەیاند، ئامادەن تێچوى چارەسەرکردنى نەخۆشیى مامۆستا عەزیز گەردى، لەناوەوە و دەرەوەى هەرێم، بگرنە ئەستۆ.
ئاوێنە: دامەزراوەی كەریمی عەلەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە بانگەوازێكدا رایگەیاند"خزمان و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانى مامۆستا و نووسەر و وەرگێڕی کورد عەزیز گەردی ئاگادار دەکەینەوە کە وەک دامەزراوەى کەریمى عەلەکە بەختیار و سەرفرازین کە وەک ئەرکێکى ئەخلاقى تێچوی چارەسەرکردنى نەخۆشیى مامۆستا لەناوەوەى هەرێمى کوردستان و لە دەرەوەى وڵات بگرینە ئەستۆ."
ماوەی چەند رۆژێکە باری تەندروستی عەزیز گەردی، نوسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد تێکچوە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر چارەسەری بۆ دەکرێت.
د. عەزیز گەردی، ئەدیب و نوسەر و ڕەخنەگرێکی ناوداری کوردە، ساڵی 1948 لە بەحرکەی پارێزگای هەولێر لەدایکبوە، تا ساڵی 2018 بەردەوامبو لە نوسین، بەڵام ماوەیەکە باری تەندروستیی تێکچوە.
عەزیز گەردی زیاد لە 36 کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و جیا لە وەرگێڕان، كۆمەڵێك بەرهەمی تایبەتی خۆیشی هەیە لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی).