براوەكانی خەڵاتەكانی "سەمیر قەسیر" لە بەیروت ئاشكراكران و خالید سولێمان کە نوسەرو روناكبیرێکی كوردە چوە قۆناغی کۆتایی بردنەوەی خەڵاتەکەو براوەی دوەمی خەڵاتەكە لە بواری وتاری بیروڕا تایبەت بە پرسەكانی ژینگە بو.
ئاوێنە: دكتۆر ملكۆ ئەحمەد، شاعیرو ئەدیب و ئەكادیمی و هاوڕێی خالید سولێمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پیرۆزبایی لە ناوبراو كردوە بەبۆنەی بردنەوەی ئەو خەڵاتەو رایگەیاندوە"خالید سولێمان، نوسەر و ڕوناکبیری کورد دەبێتە براوەی دوەمی خەڵاتی (سەمیر قەسیر) لە بواری وتاری ڕاوبۆچون، تایبەت بە پرسەکانی ژینگە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لەگەڵ خالیددا نوسەرێکی لوبنانی و نوسەرێکی میسری گەشتنە فاینەڵی خەڵاتەکە، ئەمڕۆ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیەنرا، عیزەت ئەلقەمحاوی ڕۆماننوسی میسری بو بە براوەی یەکەم و خالیدی کوڕە گەرمیانی بو بە براوەی دوەم."
دكتۆر ملكۆ ئەحمەد ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەشداریی خالید لە خەڵاتێکی وادا کە حەڤدە ساڵە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە ساز دەکرێ، بۆخۆی بردنەوە و سەربەرزییە بۆ قەڵەمی کورد."
هەروەها وتوشیەتی"خالید لە دێیەکی دورەدەستی ناوچەی داودەی گەرمیانەوە بەرەو لوتکە دەڕوانێ، جگە لە زمانی دایک بە هەرسێ زمانی عەرەبی و فەرەنسی و ئینگلیزییش دەنوسێ."