كتێبی (گومان له‌چاو) چۆن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌فۆتۆو ڤیدیۆ بكه‌ین؟
  2022-05-21       2158       

نوسه‌ری كتێبه‌كه‌ رێبوار ئه‌وڕه‌حمان هه‌وڵیداوه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌زمونی كاری میدیایی و رۆژنامه‌وانیی خۆی تیشكێك بخاته‌سه‌ر بواره‌ جیاوازه‌كانی كاری ڕۆژنامه‌نوسیی له‌بواره‌كانی چاپكراو و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن به‌تایبه‌تیش كاتێك نوسه‌ر به‌رپرسیارێتیی هه‌بوه‌ وه‌ك لێپرسراوی ناوه‌ندی هه‌واڵ و به‌رنامه‌كانی كه‌ناڵێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئێن ئاڕتی كه‌ چۆن ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی ده‌ستكه‌وتنی وێنه‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و ڕووداوانه‌ بونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌كاتی كاركردندا تیشكیان خسته‌وه‌ته‌ سه‌ر.   


نوسه‌ر به‌پێی ئه‌زمونی خۆی باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌و وێنه‌و گرته‌ ڤیدیۆیی و ده‌نگانه‌ی له‌ڕێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌  بڵاوده‌كرێنه‌وه‌, ده‌كرێت هه‌ندێكیان ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی باش و به‌شێكیشیان ببنه‌ چه‌كێكی ترو له‌نێو ئه‌و فه‌وزا سیاسی و ئیداریه‌ی كوردستان, وه‌ك چه‌كێك دژی نه‌یاره‌ سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌كاربهێنرێن.
نوسه‌ر ده‌ڵێ به‌شاهیدی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردون, هه‌میشه‌ وردبینی كاركردنی خستوه‌ته‌ پێش هه‌موو شتێكی تره‌وه‌. 
هه‌ر بۆیه‌ به‌شێك له‌ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له‌پێناو زوو دابه‌زینی هه‌واڵ و گرته‌و وێنه‌كان, هه‌ڵپه‌ده‌كه‌ن و وێنه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان, بێ هیچ به‌دوادواچون و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك داده‌به‌زێنن, ئه‌وه‌ش گرفت و كێشه‌ی یاسایی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. 
نوسه‌ر رێبوار ئه‌وڕه‌حمان له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ڕه‌خنه‌ له‌كه‌ناڵ و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌گرێت و ده‌ڵێ كه‌میان هه‌یه‌ وۆركشۆپ و به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد رێكبخه‌ن بۆ ڕۆژنامه‌نوس و كارمه‌نده‌كانیان و ده‌وڵه‌مه‌ندیان بكه‌ن به‌ زانیاری و زانستی نوێ له‌بواره‌ جیاكانی میدیا. 
نوسه‌ر له‌كتێبه‌كه‌یدا هه‌وڵیداوه‌ ڕۆژنامه‌نوس به‌و میكانیزم و ئامرازانه‌ ئاشنا بكات كه‌ده‌توانێت له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وێنه‌یه‌ك یاخود گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بكات كاتێك له‌سۆشیال میدیا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌, تا بتوانرێت به‌وردیی‌و ڕاسترین زانیاری بگه‌یه‌نرێته‌ وه‌رگران. 
له‌م كتێبه‌دا زانیاریه‌كان و وشه‌كان به‌زمانێكی ساده‌ نوسراون و هه‌وڵدراوه‌ له‌به‌كارهێنانی ئه‌و زاراوانه‌ی په‌یوه‌ست به‌سایت و بزوێنه‌ره‌كانه‌, ئه‌و وشانه‌ به‌كاربهێنرێن كه‌له‌ناو خه‌ڵكدا زۆر باوه‌و ئاسانن له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵك. 
هه‌روه‌ك نوسه‌ر پۆزشی هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ناوی هه‌ندێك ده‌زگاو ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێناوه‌ له‌كتێبه‌كه‌یدا, مه‌به‌ست شكاندن و سوكایه‌تیی نه‌بوه‌, به‌ڵكو ئامانج لێی خستنه‌ڕووی تێپه‌ڕبونی چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك بوه‌ له‌نێو ئه‌و ده‌زگاو ناوه‌نده‌ ڕاگه‌یاندنانه‌ی هه‌ڵه‌ تیایاندا تێپه‌ڕیوه‌و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر وه‌رگر دروستكردووه‌.

(گومان لەچاو)، كتێبێكی گرنگە بۆنرۆژنامەنووسان، نوسین و ئامادەکردنی: رێبوار ئەورەحمان-ە، یەکەمین کتێب لەبواری لێکۆڵینەوە لەوێنەو ڤیدیۆی دروستکراو.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×