لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ شەهرام نازری، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ئەو هونەرمەندا مایەی شانازی هەموو کوردێکە.
ئاوێنه: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاب رایگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشواز لە هونەرمەندی ناوداری کورد شەهرامی نازری کرد کە ماوەیەکە بە سەردان لە هەرێمی کوردستانە و رۆژی دووشەممەی رابردووش لە رێورەسمێکدا خەڵاتی ئاڵتوونیی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێبەخشرا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە دیداری مامۆستا نازری، رێز و ستایش و پێزانینی بۆ مێژوو و خزمەت و کار و بەرهەمە هونەرییەکانی دووپاتکردەوە و پێگە و ناوبانگی مامۆستا نازری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان و ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییانەی بەدەستیهێناون بە مایەی شانازی هەموو کوردێک و خەڵکی کوردستانی بە گشتی لە قەڵەمدا، هاوکات وێرای دووپاتکردنەوەی هەموو پشتگیرییەک بۆ مامۆستا نازری، هیوای تەمەنی درێژ و تەندروستیی باش و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست".
باسیلەوەشکرد:" لای خۆشییەوە مامۆستا شەهرامی نازری وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ئەو رێزلێنان و خەڵاتکردنەی لە هەرێمی کوردستان لێی کراوە، دووپاتیکردەوە کە رێزلێنان و خەڵاتکردنی لە کوردستان، لای ئەو کە هەموو ئەو رێزلێنان و خەڵاتە نێودەوڵەتییانە زیاتر مایەی شادی و مانادارتر و بەهادارترە کە لەسەر ئاستی جیهان پێشکەشی کراون، هەروەها خۆشحاڵی خۆشی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نیشاندا".