ئا: ئارام کەریم
ئاوازدانەرو ژەنیار "دانا محێدین"، سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆنسێرتی میوزیكە لەئەوروپا، ئەو دەڵێت "وەكو هونەرمەندو میوزیكژەنێكی كورد بەپێی ئاستو توانای هونەریم بەرپرسیارێتی پاراستنو زیندوو هێشتنەوەی کلتوری کوردیم لەسەرشانە".
ژەنیار "دانا محێدین"، بە"ئاوێنە"ی راگەیاند پەیمانگای گۆتە بانگهێشتی کردووە بۆ ئەڵمانیا بەمەستی ئەنجامدانی كۆنسێرتی میوزیكی (خەزان) لەهەردوو وڵاتی (ئەڵمانیاو سویسرا)، لەچوارچێوەی چالاکی کلتورەکانی وڵاتان، چەند كۆنسێرتێک ئەنجام دەدات، بۆ پاراستنو زیندوو هێشتنەوەی كلتوورو میوزیكی نەتەوەكان، دانا وتی "بەو هیوایەی بتوانین كلتورو میوزیكی نەتەوەكەمان بەباشی بناسێنین بەوڵاتانی دەرەوەو ئاشنایان بكەین بەجۆراوجۆری ئاواز و میوزیكی نەتەوەكەمان".
وتیشی "من وەك هونەرمەندو میوزیكژەنێكی كورد، كە خواستو پەیامم خزمەتكردنو پاراستنی هونەرو كلتووری میللەتەكەمەو گەیاندنی ڕەسەنایەتی نەتەوەكەمانە بەدنیای دەرەوەو ناساندنیەتی لەڕێی میوزیكەوە.، وەك دەزانین گەلی كورد بەدرێژایی مێژوو لەژێر چنگی داگیركەراندا بووەو چەوسێندراوەتەوەو هەوڵیانداوە تەواوی فەرهەنگو كلتورو مێژوو ڕەسەنایەتییەكەی بسڕنەوە، منیش وەكو هونەرمەندو میوزیكژەنێكی كورد بەپێی ئاستو توانای هونەریم بەرپرسیارێتی پاراستنو زیندوو هێشتنەوەی ئەم مێژووە پڕ لەبایەخەم لەسەرشانەو بەئەركی خۆمی دەزانم هەرچەندە لەتوانامدا هەبێت بە بەرپرسیارێتییەكەم هەستم".
"دانا" ئەوەی رونکردەوە کە میوزیكی كوردی چەند فۆڕمو شێوازێك لەخۆدەگرێت، كە بریتین لە"میوزیكی هەورامان، میوزیكی كرمانج، میوزیكی كەڵهوڕی، میوزیكی موكریانی، میوزیكی گەرمیان"، ئەو وتی "لەناو ئەم فۆڕمە هونەرییانەدا میوزیكی شادو غەمگین هەیە، كە ئاماژە بەسەرجەم جومگەكانی ژیانی ڕۆژانەی گەلی كورد دەكەن، میوزیكمان هەیە ئاماژە بەژیانی كشتوكاڵی ناوچەیەك دەكات، هەمانە ئاماژە بەژیانی ئاژەڵداریو شوانكارەیی دەكات، میوزیكی دڵداری و ئەڤینداریمان هەیە... هتد ، لەڕاستیدا میوزیكی گەلەكەمان ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نییە لەمیوزیكی نەتەوەكانی دیكە، كە خزمەتی هونەرەكەیان كردووەو ئێستا لەجیهاندا وەكوو هونەرێكی باڵا چاویان لێدەكرێت، ئەم تایبەتمەندییەی میوزیكی كوردی وایكردووە لەلایەن نەتەوەكانی چواردەورمان وەك (فارسو توركو عەرەب) هەوڵی بردنو دەستكاریكردنی شاكارەكانمان بكرێتو بەشێوازی خۆیان دەریببڕن بێ ئەوەی ئاماژەیەكی پێ بكرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ئاوازو میلۆدیانە لەنێو قوڕگو هەستی هەر تاكێكی نەتەوەكەماندا پارێزراوەو لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دیكە گوازراوەتەوەو پارێزراوە".
وتیشی "ئامانجی من وەكو ژەنیارێكی كورد كۆكردنەوەو پاراستنی سەرجەم فۆڕمو شێوازە میوزیكییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش لەئێستادا لەگەڵ ڕێكخراوێكی جیهانی تایبەت بەپاراستنی كلتووری نەتەوەكان سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆنسێرتی میوزیكم، كە تێیدا ئاماژە بەتەواوی فۆڕمە میوزیكییەكانی نەتەوەكەمان دەدەمو لەنێو ژەنینەكانمدا بەشێوازێكی نوێگەریانە دایاندەڕێژمەوەو دەیگەیەنم بەگوێی میللەتانی دەرەوە".