ئا: ئاوێنە
زارا "Зара" ئەمڕۆ بەناوبانگترین هونەرمەندی روسیایە، ئەو بەردەوام شانازی بەکوردبونی خۆیەوە دەکاو لەلایەن پوتینەوە خەڵات دەکرێ‌و هاوڕێی نزیکی لاڤرۆڤیشە.
زەریفە پاشایڤن مگۆیان، کە لەروسیاو جیهاندا بە"زارا" ناودەبرێت، کچە کوردێکە بەقژە ڕەش‌و روخسارە جوان‌و ناسکە رۆژهەڵاتیانە سەرنجڕاکێشەکەی‌و بەدەنگە میهرەبان‌و سیحرئامێزەکەی لەو وڵاتە ساردوسڕەدا کە لەمسەری باکوری ئاسیاوە درێژ دەبێتەوە تا ئەوسەری باکوری ئەوروپا، روسەکانی سەرسام کردوە.
زارا له‌ساڵی 1983 له‌سانت بترسبورگ له‌ڕوسیا له‌دایك‌و باوكێكی كوردی ئێزدی لەدایکبوە، کە خه‌ڵكی ناوچه‌ی غیومری ئه‌رمینیا بوون‌و بەرەو "لینینگراد"ی یەکێتی سۆڤیەت‌و سانت بترسبورگ-ی ئێستای روسیا، کۆچیان کردوە.
زارا به‌شی شانۆی له‌ئه‌كادیمیای سانت بترسبورگ ته‌واوكردوه، له‌باره‌ی ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه، لەچاوپێکەوتنێکی پێشتری ڕۆژنامەی ئاوێنەدا دەڵێت "سه‌ره‌تای به‌شداریم له‌كاری هونه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نم 14 ساڵان بو كه به‌شداریم كرد له‌پێشبڕكێی ته‌له‌فزیۆنی "ئه‌ستێره‌ی رۆژ"و به‌گۆرانی "دڵی جولێت" توانیم سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنم‌و دوای ساڵێك واته له‌ساڵی 1998 له‌فێستیڤاڵی "رێگه بده‌ن منداڵان پێبكه‌نن" له‌وڵاتی میسر خه‌ڵاتی سه‌ره‌كیم به‌ده‌ستهێناو هه‌روه‌ها له‌پێشبركێی Grand-Prix له‌سیبیریا به‌شداریم كرد‌و توانیم پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم‌و له‌ساڵی1999 خه‌ڵاتی باشترین ده‌نگم پێ‌به‌خشرا وه‌ك گۆرانیبێژی ساڵ‌و له‌دوای 6 ساڵ به‌رده‌وامیم له‌گۆرانی وتن توانیم سنوری وڵاته‌كه‌م تێبپه‌ڕێنم‌و گۆرانیه‌كانم بگه‌یه‌نمه زۆرێك له‌وڵاتانی جیهان‌و له‌ساڵانی 2003و 2004 بۆ ماوه‌ی دو ساڵ له‌سه‌ریه‌ك توانیم خه‌ڵاتی باشترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنم له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپاو له‌فێستیڤاڵی "Hopes of Europe" هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی حه‌وت خه‌ڵاتی مۆسیقای نه‌ته‌وه‌یی Golden gramophone" له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی‌و نیشتیمانی له‌ڕوسیاو به‌شداریكردن له‌چه‌ندین فێستیڤاڵ‌و كۆنسێرت‌و پێشبڕكێی موزیكی جیاواز".
زارا کە لەچەندین فیلم‌و دراماشدا بەشداری کردوەو شارەزایی لەپیانۆژەنین هەیە، لەگەڵ ناودارترین هونەرمەندانی جیهان گۆرانی دویتی وتوەو دەیان کۆنسێرتیشی لەهۆڵە ناودارەکانی جیهان ساز کردوەو جگە لەبڵاوکردنەوەی چەندین ئەلبوم بەزمانی روسی، بەزمانەکانی کوردی‌و ئەرمەنی‌و فەرەنسی‌و ئینگلیزیش گۆرانی دەڵێت.
زارا کە بەهۆی بەهرەو دەنگخۆشی‌و سەلیقەو کەسایەتی بەهێزو سەرسەختییەوە بوەتە هونەرمەندێکی ناودارو سەرکەوتو، دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی دەڵێت "ژیانی تایبەتیم وەک دەریا وایە: یان زۆر ئارامە یان پڕ لەشەپۆلە".
ئەو دو جار هاوسەرگیری کردوەو خاوەنی دو چیرۆکی عاشقانەیە کە هەردوکیان بەپشودان کۆتای‌یان هاتوە.
هاوسەری یەکەمی سێرگی ڤلادیمیر ماتوینکوی کوڕی سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی روسیا بو، کە لەساڵی ٢٠٠٤دا کاتێک زارا لەتەمەنی ١٩ ساڵیدا دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات، بەڵام دوای ساڵ و نیوێک لەیەکتر جیادەبنەوە، هەرچەندە لەسەر خواستی سێرگی، زارا دەست لەئایینی ئێزیدی هەڵدەگرێ‌و بۆ سەر ئایینی مەسیحی ئەرتدۆکس وەردەگەڕێ‌و لەکەنیسەدا مارە دەکرێت.
هاوسەری دوەمیشی، سێرگی ئیڤانۆڤ دەبێت، کە لەساڵی ٢٠٠٨ هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات، پاش ئەوەی دو منداڵیان دەبێت، ساڵی ٢٠١٦ جیادەبنەوە.
ئێستا زارا لەگەڵ دو کوڕەکەی "دانیال‌و ماکسیم" دەژی‌و ژیانی ته‌رخانكردوه بۆ هونه‌ره‌كه‌ی.
زارا جگه له‌وه‌ی توانیویه‌تی ببێته گۆرانیبێژێكی سه‌ركه‌وتو، له‌هه‌مانكاتیشدا توانیویه‌تی ئه‌ندامێكی چالاكی چه‌ند رێكخراو‌و دامه‌زراوه‌یه‌كی خێرخوازی بێت‌و ساڵانه به‌شداری چه‌ندین چالاكی خێرخوازی ده‌كات له‌جیهاندا، ئەو لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "من ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌ی "Step towards" كه هاوكاری پێشكه‌شی منداڵان‌و مێردمنداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت ده‌كات‌و هه‌روه‌ها ئه‌ندامم له‌رێكخراوی “By Call of Heart” كه له‌ڕێگه‌ی چالاكیه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌وه هاوكاریی پێشكه‌شی منداڵانی نابینا‌و كه‌مئه‌ندام ده‌كه‌ین، ساڵانه وه‌ك ئه‌ندام به‌شداری ده‌كه‌م له‌ئاهه‌نگی"گۆچانی سپی" كه یه‌كێكه له‌و ئاهه‌نگه خێرخوازیانه‌ی ساڵانه رێكیده‌خه‌ین له‌وڵاتانی جیاواز به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی ئه‌و منداڵ‌و لاوانه‌ی نابینان‌و هه‌روه‌ها له‌ڕوسیاش ساڵانه به‌شداری چه‌ند چالاكی تری خێرخوازی ده‌كه‌م‌و هیوادارم بتوانم له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌مه‌وه خزمه‌ت بكه‌م به‌مرۆڤایه‌تی‌و به‌وانه‌ی پێویستیان به‌هاوكاری‌و پشتیوانی هه‌یه".
زارا نەک هەر ئەو داهات‌و سەرمایەی بەدەستیهێناوە لەکاری خێرخوازیدا دەیبەخشێت، بەڵکو ئامادەشە بڕواتە بەرەکانی جەنگەوە بۆ پشتیوانی کردن لەسەربازانی ولاتەکەی‌و ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، ئەو لەساڵانی ٢٠١٥و ٢٠١٦ سەردانی سوریای کردوە بۆ پشتیوانی کردن لەسوپای روسیا‌و ساز کردنی کۆنسێرت بۆیان، ئەمەش وایکرد ساڵی ٢٠١٦ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی روسیا "ڤلادیمیر پوتین"ەوە خه‌ڵات‌و مه‌دالیای ده‌وڵه‌تی روسیای له‌كۆشكی كرملین پێببە‌خشرێت، هه‌ر هه‌مان ساڵیش له‌لایه‌ن رێكخراوی یونسكۆ وه‌ك هونەرمەندی یونسكۆ بۆ ئاشتی ده‌ستنیشانكرا له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كار‌و پرۆژه‌و ئاهه‌نگه خێرخوازییانه‌ی ئه‌نجامیان ده‌دات.
زارا کە لەنزیکەوە سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا‌و میخائیل بوگدانۆڤی نوێنەری تایبەتی پوتین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و گەورە سیاسەتمەدارو سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە دەناسێ، لەزۆربەی بۆنەکاندا شانازی بەکوردبونی خۆیەوە دەکاو پشتیوانی خۆی بۆ مافەکانی کورد دەردەبڕێت.
زارا له‌باره‌ی ناوه‌كه‌ی بەئاوێنەی وت "من ناوم زه‌ریفه‌یه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لای كورده‌كانی قه‌فقازیا به‌گشتی زارا وه‌ك خۆشه‌ویستی د‌ەردەبڕدرێت، خانه‌واده‌كه‌شم له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشیانویستوم ئه‌و نازناوه‌یان پێ‌به‌خشیوم‌و خۆیشم ناوه‌كه‌م زۆر لاپه‌سه‌نده‌و پێمخۆشه به‌زارا با‌نگم بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌موزیك‌و گۆرانی كوردیش ده‌ڵێت "ئه‌گه‌رچی من به‌زمانی روسی زیاتر گۆرانی ده‌ڵێم، چه‌ند جارێكیش گۆرانی كوردیم وتوه، به‌ڵام گوێ له‌موزیكی كوردی ده‌گرم‌و ئاشنایه‌تیم پێی هه‌یه"
د‌ەشڵێت "من كوردستان‌م خۆشده‌وێت".