وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سوهاد هەولێری
ڤاسیلی یەکێک بوو لە شاعیرە هەرە ناسراوەکانی ئوکراینی. ئەو ساڵی ١٩٣٥، لە گوندێکی نزیک خارکیڤ لە دایک بووە. لە شاری کیێڤی پایتەخت زانکۆی تەواو کرد. پیشەی سەرەکی ڕۆژنامەوانی بوو. ژمارەیەک کتێب و کۆمەڵە شیعری چاپ کردووە،
ڤاسیلی کە بەهۆی شیعرەکانی و چالاکییە زۆرەکانی ببووە جێی گومان، ئێوارەیەکیان لە وێستگای شەمەندەفەری سمیلا، دەکەوێتە بەر لێدانی ژمارەیەک لە کەسانی نەناسراو، بە بەرگی پاسەوانان. دوای ئەوە دەکەوێتە نەخۆشخانە و لە دیسێمبەری ساڵی ١٩٦٣ و لە تەمەنی ٢٨ ساڵی، گورچیلەکانی لەکار کەوتن و مرد.
چەند مانگێک پێش مردنی و لە ئاداری ١٩٦٣، ئەم شیعرەی (Курдському братові، کوردسکۆمی براتۆڤی، یان برا کوردەکانم)ی نوسی. چاپ کردنی شیعرەکە لە یەکیەتی سۆڤیەت قەدەغە کرا و تەنیا لای شیعردۆستان دەستاودستی پێدەکرا، تا لە ساڵی ١٩٦٥، دەقی شیعرەکە لە ڕۆژنامەی ئەلمانی Suchasnist، بۆ یەکەمجار چاپ کرا. ڤاسیلی بەهۆی بەکارهێنانی تەکنیکی شیعری داهێنەرانەی لەم دەقەدا، بە زوویی و هەر بە هۆی ئەم شیعرەیەوە، بوو بە بەناوبانگترین شاعیری ئوکراینیی. تەنانەت شیعرەکە بە گەورەترین کاری وی دادەندرێت و بەوهۆیەوە بوو بە پاڵەوانی نیشتیمانی و پەیکەرێکی ڕازاوەی بۆ دروستکراوە. شیعرەکە بەسەر زاری سەدان هەزار ئوکراینییەوە زیندوو ماوەتەوە.
جێگای سەرنجە کە مامۆستایەکی زانکۆی کشتوکاڵ، بەناوی (میکۆلا کۆتس)، چونکە لە ساڵی ١٩٦٥، کۆپی شیعرەکەی لەناو خەڵکی بڵاوکردبووەوە، هەرچەندە ئەو لەجیاتی هەموو (کورد)ەکانی ناو دەقەکە، ناوی (ئوکراینی) دانابوو، بەڵام دیسان بە حەوت ساڵ زیندانی و دوور خستنەوە بۆ سیبیریا حوکم درا.
برا کوردەکانم
شاخ دەگریێ و خوێن دەڕژێ
ئەستێرەی دۆڕاو دادەکشێن:
بۆ ناو دۆڵە گوڵاوییەکان، برینداران و ژێرخاک نراوەکان
شۆڤێنیستە برسیەکان دێنە پێشێ.
هۆ کورد، ئاگات لە فیشەکەکانت بێت
بەڵام گیانی پیاوکوژەکان پارێزراو نین.
دڵڕەقیی و دزی
ڕەشەبای خوێنین، داکەوتنی گەرداو.
بە زمانی گولڵە لەگەڵیان بدوێ:
ئەوان بە نیازی چاکە نەهاتوون.
هەستە ناوی خۆت و زمانەکەت هەڵبگرە.
لێبگەڕێ با کوڕەکەت ڕابکات.
تۆ ناتوانی بە هارمۆنیی، لەگەڵ چەوسێنەران بژیت:
ئەو (خاتوونێکە) و تۆش دەبێت گالیسکە ڕابکێشیت.
بەز و پیوی، هی خوێنی گەلانی ماندووە
شۆڤێنیزم خراپترین دوژمنمانە
ئەو بە شەرمەوە، خیانەتی لە خیانەتیش کرد
هەموو شتێکیش دەکات تا تۆ ملکەچی بیت.
هۆ کورد، ئاگات لە فیشەکەکانت بێت-
بەبێ ئەوانە، تۆ ناتوانی خێزانەکەشت بپارێزیت.
پشت نەکەیتە توانای نەفرەت و ڕق
تا ئەو کاتەی کە دۆستیی دەکەیتە دروشمت.
چۆن بتوانین دوا شۆڤێنیستی سەر ئەم گۆی زەویە
هەڵدەینە ناو گۆڕێکی کراوە.