ئا: ئاوێنە
ڕۆجهر واتهرس، کە یەکێکە لەناودارترین هونەرمەندو موزیکژەنەکانی جیهان، گیتارهكهی خۆی بۆ کچە کوردێکی گۆرانیبێژ دەنێرێت کە حوکمی ١٩ ساڵ زیندانیی لەتورکیا بەسەردا سەپێنراوە.
نۆدەم دۆراك، كچە هونەرمەندێكی كوردەو تەمەنی ٣٤ ساڵەو خەڵکی ماردینە، كە گۆرانی بەهەردوو زمانی توركیو زمانە رەسەنەكەی كوردی دەڵێت، ئەو حوكمی 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەتۆمەتی ئەوەی گۆرانی سیاسی وتوەو پەیوەندی بەپەكەكەوەیە.
هەرچەندە پارێزەرەكانی رایانگەیاندوە دەوڵەتی توركیا هیچ بەڵگەیەكی لەبەردەستدا نییە تا ئەم تۆمەتە بسەلمێنێ.
كاتێك ساڵی 2015 حوكم دراوە، دۆراك ویستویەتی گیتارەكەی لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ زیندان، بەڵام پاسەوانانی زیندانەكە ژێی گیتارەكەیان پچڕاندووەو شكاندویانە.
دۆراك پێش ئەوەی بخرێتە كونجی زیندانەوە، ئاماژەی بەوە كرد بو كە دەمێك بوە خەونی بەكڕینی گیتارێكەوە بینیوە، بەڵام پارەی تەواوی پێنەبووە، ئەو وتبوی "دایكم ئەڵقەی بوكێنییەكەی دامێو پێیوتم بڕۆ بیفرۆشەو بەپارەكەی گیتارێك بكڕە، كڕینی ئەم گیتارە بۆ من هەموو دنیای ئەهێنا".
شكاندنی گیتارەكەی دۆراك لەساڵی 2017ەوە دەنگدانەوەی لەنێو هەموو موزیكژەنە دیارەكانی دنیادا هەبوەو هاوخەمی خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕیوە، لەنێویاندا "رۆجەر واتەرس" هونەرمەندی ناودارو ئاوازدانەرو چالاكوانی سیاسیو گۆرانیبێژ، كە بەبیستنی چیرۆكی چارەنوسی گیتارەكەی دۆراكو بەناهەق حوكمدانی بۆ ماوەی 19 ساڵ زیندانیكردن نیگەرانو توڕە بوە.
رۆجەر واتەرس بەرۆژنامەی رۆلینگ ستۆن-ی راگەیاندوە "بییەنە پێش چاوی خۆتان كە گیتار چەند ئارامبەخشە تۆ گۆرانبێژو شیعری گۆرانی نوس بیتو لەزینداندا بیت".
راشیگەیاندوە "دۆراك خوشكمانەو بەرپرسیارێتیی ئەوەمان لەسەرە پشتیوانی لێبكەین وەك هەزارانو سەدان كەسی دیكە كە لەسەرتاسەری جیهاندا لەكونجی زینداندان".
رۆجەر جەغت لەوە دەكات "دۆراكی كچە هونەرمەندی كورد گۆرانی بۆ خێزانو گەلەكەی بەزمانی خۆی دەڵێت، جێی نیگەرانییە وڵاتێكی وەك توركیا كە خاوەنی میراتێكی هونەریی مێژووییە بەمجۆرە مامەڵەی لەگەڵ بكاتو بیخاتە زیندانەوە".
رۆجەر باس لەوە دەكات كە پاش بیركردنەوەیەكی زۆر بۆ سەرنجڕاكێشانی رای گشتی دنیا دەربارەی زیندانیكردنی ئەم كچە هونەرمەندە كوردە، بڕیاری داوە گیتارە رەنگ رەشە تایبەتییەكەی بۆ دۆراك بنێرێ لەزیندان.
لەساڵی 2021ەوە كە ئەم گیتارە گەشتەكەی دەستپێكردوە لەماڵەكەی رۆجەرەوە لەلۆنغ ئایلاندی نیویۆركەوە، چەند جارێك لەسەرتاسەری ئەوروپادا راگیراوەو لەلایەن ژمارەیەك موزیكژەنو هونەرمەندی ناوداری ئەوروپاوە نەخشو واژۆی پشتیوانی خراوەتە سەر بەرلەوەی ئەمساڵ 2022 بگاتە زیندانەكەی دۆراك لەبایبۆردی توركیا.
رۆجەر دەڵێت "پارێزەرەكانی پێیاراگەیاندم كە دۆراك وتویەتی بەبینینی ئەم گیتارە بۆ یەكەمجار هەستم بەئازادی كردووە لەماوەی شەش ساڵی رابردودا".
دەشڵێت "من لەهەشتاكانی سەدەی رابردوەوە هەستم بەنەهامەتی هونەرمەندانی كورد كردوە لەتوركیاو بەم دواییەش لەڕێگەی كچەكەمەوە هەستم بەنەهامەتی دۆراك كرد، بۆ سەرنجڕاكێشانی رای گشتی جیهانیش بڕیارم دا گیتارە تایبەتەكەمی بۆ بنێرم".
جۆرج رۆجەر واتەرس George Roger Waters هونەرمەندێكی بەڕەچەڵەك بەریتانییەو تەمەنی 79 ساڵە، ئاوازدانەرو گۆرانبێژو نوسەری شیعری گۆرانیو موزیكژەنو چالاكوانی سیاسیو یەكێكە لەدامەزرێنەرانی تیپی موزیكی "پینك فلۆید"،
تەمەنی 5 مانگ بووە كە باوكی لەساڵی 1944دا لەجەنگی دژ بەئیتالیادا كوژراوەو ئەمە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ژیانی هەبوە، لەساڵی 1965ەوە بەیەكێك لەداهێنەرە ناودارەكانی موزیكی رۆك ناودەبرێو ئەلبومی "دیوار" یەكێكە لەئەلبومە بەناوبانگەکانی.