ئا: بەختیار سەعید
ئەو لە سلێمانی لەدایكبووەو پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدای تەواوكردووەو دواتریش بۆتە مامۆستای هونەر لە یەكێك لە خوێندنگەكانی ناو شاری سلێمانی، هەروەها بەشداری چەندین پیشانگەی كردووە لەناو شاری سلێمانی و دەرەوەدا، دواتر لەساڵی 1964 ڕووی لە ئەمریكا كردووە، لەدوای دوو ساڵ بەسەربردنی ژیان لە ئەمریكا، هەلی خوێندنی لە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكان لە پاریس بۆ دەڕەخسێت و لەدوای تەواوكردنی خوێندنی هونەر جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و لە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی ئەمریكی كار دەكات و دواتریش لە كەناڵی بەناوبانگی ئەمریكی NBCوەكو هونەرمەندێكی شێوەكار بە نەخشاندنی هەموو ئەو وێنەو باكگراوندانەی كە تەلەفزیۆنەكە بۆ بەرنامەو گۆرانی و پرۆژەكانی لەلایەن ئەم هونەرمەندە ئەنجامدراوە كە ناوی سەردار زوهدی-ەو لەشاری سلێمانییەوە گەیشتۆتە ئەو ئاستە.
سەرەتا سەردار بەشداری پیشانگەكانی ناو كوردستانی دەكرد، دواتر كە چووە فەرەنساو پاشان ئەمریكا كارەكانی لەنێوان پەیكەرو تابلۆدا خۆی دەنوانن، كارەكانی بوونە جێی سەرنج و لەزۆرێك لە پیشانگەكانیدا هەموو تابلۆكانی دەفرۆشران كە زۆرترینی سروشت و كاری مۆدێرن بووە، لەهەمانكاتدا پەیكەرەكانی بوونە تێمایەكی بۆ ژیان لە كوردستان، هەر لە ئەو شەڕانەی بەردەوام ئێخەی كوردستانی گرتووە، هەروەها كیمیابارانی هەڵەبجەو چۆنێتی ئازاردانی شۆڕشگێڕان لەناو زیندانەكانی بەعس و ژیانی ژنان، هەروەها ژنان بەشێكی سەرەكی ناو پەیكەرەكانی بووە.
سەردار لەرێگای هونەرەكەیەوە بەردەوام خۆی وەكو هونەرمەندێكی كورد ناساندووەو بەرهەمەكانیشی گەواهی ئەو ئیحساسە كوردییە بووە، هەر ئەوەش بۆتە هۆكارێك كە وەكو شێوەكارێكی تایبەت لەسەر ئاستی وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمریكا بناسرێت، هەروەها كاركردنی لە یەكێك لەگەورەترین كەناڵە دیارەكانی ئەمریكا ئەوەش ئەو متمانەو بڕواپێكردنە بووە لەو ئاستەدا هونەرمەندێكی كورد كاری تێدا بكات، هەروەها كاركردنی بۆ فیلمە كارتۆنەكان و دیكۆرە جیاوازەكانی ناو ئەم كەناڵە گەورەیەی ئەمریكا.
سەردار زوهدی بەردەوام لەگەلەرییە دیارەكانی ئەمریكا نمایشە تایبەت و هاوبەشكاندا بەشداریكردووە، لەوانە گەلەری 800 لە لۆس ئەنجلس كە تیایدا فراوانترین كارەكانی كە تایبەت بە ژنان كە چۆن توانیویانە وەكو پێشمەرگە بەرگری لەخاك و نیشتمان كردووە، لەهەمانكاتدا بەدەرخستنی جوانی ژنانی كورد وەكو خاوەن جوانییەكی ئەفسوناوی تایبەتن و كارەكانی بۆتە ئەو ناسنامەیە بۆ گەورەیی و ئازایەتی ژنانی كورد بەتایبەت كە توانیان سوپایەكی گەورەی وەكو داعش تێك بشكێنن و بوونی خۆیان وەكو ژنێكی تایبەت لەسەر ئاستی جیهان بناسێنن و ببنە جێی شانازی بۆ هەموو ژنان لەسەر ئاستی جیهان.
سەردار لەگەڵ هەموو ئەو چالاكی و كارانەیدا بەڵام ئاواتەخوازە هەموو كارە هونەرییەكانی بێنێتەوە بۆ شاری سلێمانی، ئەو شارەی كە بۆتە پایتەختی رۆشنبیریی و ئەو شارەی كە تیایدا لەدایكبووە، هەربۆیە بۆ ئەو هەلە دەگەڕێت ئەو هەلە دەگەڕێت كە چۆن ئەو خەونە بكاتە واقیع و ئەو كارانەی بكاتە پیشانگەیەك و چاوی هونەرمەندان و هەوادارانی هونەری شێوەكارەی شارەكەی پێ ئاشنا بكات، هەروەها گرنگی بە داستانە كوردییەكان دەدات وەكو بابەت بۆ ناو تابلۆكانی، سەبارەت بە فرۆشی تابلۆكانی كە بابەت تیایدا ژنانی كوردی بووە سەرەتا لە بەغدا دەڵێت (بۆ یەكەمنیجار تابلۆكانم لەچوارچێوەی پیشانگەیەكدا لە بەغدا نمایشكراو سەرجەم تابلۆكانی ئەو پیشانگەیە فرۆشراو توانیم بێمە دەرەوەی كوردستان، دڵخۆش بووم بۆ جاری دووەم و لەساڵی 1967 و لەشاری پاریس بەهەمان بیرۆكەی ژنانی كوردەوە پیشانەیەكی ترم كردەوە كە بە سپۆنسەری د. كامەران بەدرخان بوو)ز
زنجیرە تابلۆكانی (ژنانی كورد) بەردەوامی هەبوو كە سەرەتا بە وەشاندنی فڵچەو بۆیەی زەیتی و تێكەڵاوكردنی لەگەڵ لمدا بوو، بەڵام دواتر شێوەیەكب تەجریدی لەخۆگرتوو دواتر لە ساڵی 1973 لە گەلەری (Skinny Art Gallery) نمایشكراو سەرجەم ارەكانی جێی سەرنجی ئامادەبوان بوون.
هونەرمەند لەدیدارێكیدا دەڵێت (لەگەڵ ئەوەی كە لە یەكێك لە گەورەترین كەناڵەكانی ئەمریكادا وەكو هونەرمەند كارمكردووە، بەڵام وەفاداربووم بۆ هونەرو كلتوری كوردی، هەر ئەوەش بوونەتە هۆكار بۆ بەردەوامی و بەرهەمهێنانی كارەكانم).
سەردار زوهدی
-1963 پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدای تەواو كردووە.
-1965 یەكەمین پیشانگەی تایبەتی لە شاری بەغدا.
-1965-1967 ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی پاریس- بەشی نیگاركێشانی تەواو كردووە.
- 1973 یشانگەی تایبەتی لە گەلەری (KFAC Skinny Art) كە زنجیرە نیگاری ژنانی كورد بووە.
- 1973 پیشانگەی تایبەتی لە گەلەری (Paedei) لە لۆس ئەنجلس.
- 1974 پیشانگەی تایبەتی لە گەلەری (بادیدی).
-1975 پیشانگەی تایبەتی لە گەلەری (بادیدی).
- 1987 پیشانگەی تایبەتی لەسەر كاریگەری چەكی كیمیایی.
- 1988 پیشانگەی تایبەتی لە گەلەری (دنفر) كۆلورادو.
- 1989 پیشانگەی تایبەتی كاریگەری چەكی كیمیایی- رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی.
- بەشداری لەچەندین پیشانگەی هاوبەشدا.