سینەما سالم و ناوەندی غەزەلنوس پڕۆژەیەکیان بۆ ڕێگرییکردن لە بڵاوبونەوەى بیرى توندوتیژیی لەناو کۆمەڵگادا، ڕاگەیاند، ئەوەش لەڕێگای نمایشکردنی فیلمی تایبەتەوە بێ بەرامبەر.
ئاوێنە: سینەما سالم لە پەڕەى تایبەتى خۆی لە تۆڕى فەیسبوک بڵاویکردەوە، ”پرۆژەى سینەما دژ بە توندوتیژیی” پرۆژەیەکی هاوبەشی ناوەندی غەزەلنوس و سینەما سالمە، کە بریتیە لە نمایشی گشتی و بێبەرامبەری ئەو فیلمانەی کە هەڵگری ئایدیای دژ بە پەڕگیریی و دژ بە توندوتیژی ئایینی، مەزهەبین و ئایدیای سەرەکی ئەو فیلمانە نیشاندانی ئەو فەزا ترسناکەیە، کە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی تاکڕەهەندو دەمارگیر دەتوانێت چەندێک ژیان لە مانا ڕاستەقینەکانی دابماڵێت و چ وێرانەیەک لە سەر زەوەی بخولقێنێت.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى سینەما سالمدا هاتوە، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتى و هەستکردن بە مەترسییەکانی تەشەنەکردنی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە لە فەزای کولتوری و ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا و لە سونگەی باوەڕبون بەوەی، کە سینەما دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاو دژ بەو شێوە بیرکردنەوە و تێڕوانین بۆ دونیا بگورێت و جۆرێکی تر لە بیرکردنەوە بەرهەم بێنیت، کە دواجار لە خزمەتی گەشەی کلتورییدا بێت ئەم دو ناوەندە ئەم پرۆژەیە ڕادەگەیەنن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا باس لەوە کراوە، لە زوترین ماوەدا کات و چۆنیەتی نمایشی فیلمەکان ڕادەگەیەنین.