2021-11-30   2368     
ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەكانی بەختیار عەلی لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سالس لە تاران چاپ و بڵاوكرایەوە و بەمشێوەیە تا ئێستا شەش ڕۆمانی ئەو نووسەر كراوەتە فارسی و ڕۆمانی حەوتەمیش بڕیارە بە زمانی فارسی بڵاو بكرێتەوە.
لەوبارەیەوە نووسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی به میدیای فهرمی یهكێتی ڕایگەیاند: ساڵی 2004 پێش ئەوەی ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەكانی بەختیار عەلی نووسەر و ڕۆماننووسی كورد بە زمانی كوردی بڵاو بكرێتەوە، وەك یەكەم كەس خوێندمەوە و بڕیارمدا بیكەم بە فارسی، بۆیە دەستمپێكرد و نووسەر خۆیشی دەقە كورد و فارسییەكەی بەروارد كرد و ڕەزامەندی نیشاندا بۆ بڵاوكردنەوە و پاش 16 ساڵ لەئێران مۆڵەتی پێدرا چاپ بكرێت، پێشتر لە ئێران ڕێگەی پێنەدەدرا چاپ و بڵاوبێتەوە و ئەمساڵ بۆ یەكەمجار چاپ و بڵاوكرایەوە.
مەریوان هەڵەبجەیی وتیشی: ئەو ڕۆمانە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سالس لە تاران لە تیراژی 770 دانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە و لەسێهەمین خوڵی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی كەوتەبەر دیدی خوێنەران.
مەریوان هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەشكرد كە تا ئێستا شەش ڕۆمانی بەختیار عەلی كردووە بە فارسی و حەوتەمین ڕۆمانی ئەو نووسەرەش بەم منزیكانە بە زمانی فارسی بڵاو دەكرێتەوە و چەند قەسیدە شیعری بەختیار عەلی لەلایەن ئەو وەرگێڕەوە كراونەتە فارسی.