2021-10-22   2465     
مامۆستا جەعفەر
هاوڕێی ئازیز و برای خۆشەویست كاك حەمە زیاد مەولود كتێبێكی نایابی پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە ، لە بن ناونیشانی : (لێتدەپرسن: حزب چییە ؟)
كتێبی زۆر لەسەر سیاسەت و حزب نووسراوە ، بەڵام كتێبی (لێتدرپرن : حزب چییە ؟) خاڵی وەرچەرخانە لە نووسینی سیاسی كوردی . راستە كارەكەی كاك حەمە زیاد مەولود كارێكی تیۆری گشتییە و هیچ ئاماژەیەكی بۆ مێژووی كاری سیاسی و حزبی كوردی نەكردووە ، بەڵام ئەم كتێبە گەورەترین خزمەتی بە بیری سیاسی كوردی كردووە .
هەر بۆ نمونە: لە لاپەڕە ١٧٧ - ١٩٨ باسی چوارەم : (حزب و دەزگای سیخوڕی وجیهانی ئۆروێڵ ) نووسەر باسی ئەزموونی پارتی كۆمۆنیستی رووسی دەكات ، چۆن ستالین لە رێگەی دەزگای هەواڵگرییەوە جومگەكانی پارتی كۆمۆنیستی رووسی كۆنترۆل كرد و سەركردە ناسراوەكانی پارتەكەی لەسەر هیچ تیرباران كرد .
ئەزموونی دووەم : ئەزموونی حزبی بەعسە لە عێراق پاش چەندین دەزگای هەواڵگری لەناو یەك و دژ بەیەك دروست كرد. سەركردە ناسراوەكانی پارتەكەی یەك لە دوای یەكتری لەناو برد.
هەردوو ئەزموونەكە : حزب لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە رۆحی دەكێشرێت. حزب دەبێتە قەوارەیەكی بێ گیانی ساردوسڕ . مێژووی ئەو حزبە سفردەكرێتەوە و لەسەر شانۆی سیاسی وڵات ئاوا دەبێت!
بە پێویستی نازانم لەسەر سەرجەمی بابەتەكان بە وردی بنووسم.
بەڵام پێمباشە رۆشنبیران و كادر و ئەندامانی حزبە كوردستانیەكان ، پێش ئەوەی بیر لە هەر كارێكی سیاسی بكەنەوە ، ئەم كتێبە نایابە بخوێننەوە . چونكە ئەم كتێبە بەگوێرەی پێویست بەرچاوڕوونی .بە هەموو خوێنەران دەبەخشێت.