ویكیلیكس ئەو "نەخۆشیە درێژخایەنانە" ئاشكرادەكات كە بەرۆكی یەكێتی بەرنادەن
  2019-06-16       3730       

ئا: هاوكار حسێن

 

بەڵگەنامەیەكی نهێنی ویكیلیكس، هەمان ئەو "نەخۆشی"و ئاستەنگانە باسدەكات كە بەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی گرتوەتەوەو ئێستاش بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، ئەوانەش دەردی دواخستنی كۆنگرە، ململانێی ناوخۆیی، گرفتی جێگرەوەی رابەرایەتی لەدوای تاڵەبانی‌و ناكۆكیەكانی لەگەڵ پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ‌. 

ئەو بەڵگەنامەیە كە مێژوەكەی بۆ ساڵی 2008، دەگەڕێتەوەو وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، باس لەوە دەكات، "یەكێتی كە بەدەست ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت‌و گرفتی جێگرەوەی رابەرایەتی هەیە، لەهەوڵی دانوستانی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت دایە لەگەڵ سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان. هاوكات سەركردایەتی یەكێتی بەدەست دواخستنەكانی كۆنگرەی خۆیەوە دەناڵێنێت كە ماوەیەكی درێژە چاوەڕوانیەتی".

لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی تیمی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی ئەمریكا، بەرپرسانی یەكێتی لەهەولێرو سلێمانی ئاماژەیان بەوە كردوە، "كۆنگرەی یەكێتی، كە لەبنەڕەتدا وابڕیاربو لەكۆتایی ساڵی 2007 سازبكرێت‌و دواخرا بۆ مانگی حوزەیرانی 2008، دیسانەوە ئەگەری دواخستنی لەئارادایە بۆ مانگی ئەیلول".

لەبەشێكی دیكەی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتوە، "كۆنگرە هەنگاوێكی گرنگ‌و بەرچاو دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی یەكێتی، ئەو حزبە دەیەوێت بەوریاییەوە لێی نزیك بێتەوە. ئەم دواخستانەی كۆنگرە رەنگە لەوەوە سەرچاوە بگرێت كە یەكێتی بیەوێت پێكهێنانی كابینەی نوێ رابگەیەنرێت، ئینجا سەرنج بخاتەسەر بەرنامەو كاری حزبی. هەروەها ئەوەش دەردەخات كە ململانێ‌ بۆ بەدیهێنانی باڵانس لەنێوان یەكێتی‌و پارتی لەبەركەوتی پۆستەكانی حكومەتدا‌و نیگەرانیەكان لەبارەی ناكۆكیە ناوخۆیەكانی یەكێتی، لەوە ئاڵۆزترین كە پێش ئەو وادەیەی بۆ بەستنی كۆنگرە دیاریكراوە چارەسەربكرێن".

بەپێی زانیاریەكانی ناو بەڵگەنامەكە، لەسەرەتای پێكهێنانی كابینەی نوێدا، یەكێتی خواستی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوە، بەڵام بەهۆی پێداگری پارتیەوە ناچاربوە دەستبەرداری بێت، "دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی وەزارەتەكانی سامانە سروشتیەكان‌و داراییەوە هێشتا بەردەوامە‌و پارتی خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی هەردو وەزارەتەكە". 




دەقی بەڵگەنامە:

ئای دی: 08BAGHDAD1392
بابەت: یەكێتی بەترسەوە هەنگاو دەنێت
سەرچاوە: یاڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد
كات: 4ی مایسی 2008
پۆلێن: زۆر تایبەت


پوختە:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەدەست ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت‌و گرفتی جێگرەوەی رابەرایەتی هەیە، لەهەوڵی دانوستانی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت دایە لەگەڵ سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەجۆرێك بەلای هەردولاوە جێگەی رەزامەندی بێت. هاوكات سەركردایەتی یەكێتی بەدەست دواخستنەكانی كۆنگرەی خۆیەوە دەناڵێنێت كە ماوەیەكی درێژە چاوەڕوانیەتی، لەكاتێكدا ئەم حزبە كاردەكات بۆئەوەی تێڕوانین‌و بەرنامەی كاری خۆی دابڕێژێتەوە بەگوێرەی ئەو واقیعەی لە ئێستاو قۆناغی دوای سەدامدا هاتۆتە ئاراوە. بەرپرسانی یەكێتی داوای ئەوە دەكەن كە ئەوان پێویستیان بە سەرنج‌و ئاگاداری تەواوەتی سەركردە باڵاكانیانە لەوانە (جەلال تاڵەبانی‌و بەرهەم ساڵح) كە لەئێستادا سەرنجیان لەسەر هەندێك مەسەلەی نیشتمانیە، بۆئەوەی كۆنگرەی یەكێتی لەمانگی ئەیلولدا بەڕێوەبچێت.

یەكێتی هێشتا خەریكی هەڵسەنگاندنی واقعی دوای سەدامە
لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی تیمی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی ئەمریكا لەناوەڕاستی مانگی نیساندا، بەرپرسانی یەكێتی لەهەولێرو سلێمانی ئاماژەیان بەوە كرد كۆنگرەی یەكێتی، كە لەبنەڕەتدا وابڕیاربو لەكۆتایی ساڵی 2007 سازبكرێت‌و دواخرا بۆ مانگی حوزەیرانی 2008، دیسانەوە ئەگەری دواخستنی لەئارادایە بۆ مانگی ئەیلول. هەریەك لە سەعدی پیرە، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەهەولێرو سەركۆ مەحمود، بەرپرسی پەیوەندیەكانی یەكێتی لەسلێمانی، تەئكیدیان لەوە كردەوە كە یەكێتی پێویستی زیاتری بە كاتە بۆئەوەی كۆنگرەیەكی سەركەوتو ئەنجامبدات‌و ئاماژەیان بە سێ‌ ئاستەنگ كرد كە هۆكاری دواخستنەكانی كۆنگرەكەن. سەرەكیترینیان ئەوەیە كە یەكێتی پێویستی بە ئاگاداری تەواوی سەركردە باڵاكانیەتی بۆئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەر ئەو ئەركە جێبەجێبكات. هەریەك لە جەلال تاڵەبانی‌و بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەتەواوی سەرنجیان لەسەر هەندێك مەسەلەی نیشتمانیە، وەك ئاسایشی ناوچەكانی بەغدادو بەسرە، بۆیە لەئێستادا كاتەكە بۆ ئەوان گونجاو نیە. 
بەرپرسانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی خوازیاربون لە پایزی داهاتودا بارودۆخی ئەمنی جێگیری بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام هیچ گەرەنتیەك نیە بۆئەوەی سەركردەكانی یەكێتی لەماوەی چەند مانگی داهاتو ئامادەیی باشتریان تێدابێت بۆئەوەی سەرنجیان بخەنە سەر كاروبارەكانی ناوخۆی حزب. دوەم، لەدوای ساڵی 2000ەوە ئەمە یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی دەبێت كە سازبكرێت‌و ئەو ئاستەنگانەی روبەروی حزب دەبنەوە وایكردوە داڕشتنەوەیەكی ریشەیی بكرێت بۆ ئەولەویەتی كار كە دەركەوتوە ئەمەش زەحمەتە، (تائێستاش پلاتفۆرمی یەكێتی داوای "لابردنی سەدام"ی كردوەتە ئامانجی خۆی). ئەو لیژنەیەی بەرپرسە لەداڕشتنی سیاسەتی حزب‌و رێگەی بەرەوپێشچون، لەكۆتایی ساڵی رابردوەوەو پێش كۆنگرە لەئامادەكارییدایە بەوهیوایەی كۆنگرە ببێتە نەیتێكی سیاسیی ئاسان‌و دوور لەململانێ‌.    
سێیەم، بەرپرسانی یەكێتی باسیان لەوە كرد كە كاتی زیاتریان پێویستە بۆئەوەی بتوانن ئەو ئەندامانەش بەشداری پێبكەن كە لەدەرەوە دەژین. 

گفتوگۆكانی كابینەی نوێ‌ خاوو خلیچكن
پاش حەوت راپۆرت لەبارەی كەمكردنەوەو بەهێزكردنی وەزارەتەكانی حكومەت، حكومەتی هەرێم ئێستا بەنیازە ناوی وەزیرەكان رابگەیەنێت بۆ پڕكردنەوەی پۆستە دیاریكراوەكان. ئەو راپۆرتانەی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكەن كە لەچوارچێوەی ئەم كابینە نوێیەدا، یەكێتی دەتوانێت پۆستی وەزارەتەكانی سامانە سروشتیەكان، ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی، كاروباری ئاینی‌و ئاوەدانكردنەوە وەربگرێت، لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان هەشت پۆست وەردەگرێت كە لەناویاندا وەزارەتی دارایی‌و پێشمەرگە هەن، ئەو وەزارەتانەشی دەمێننەوە بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دادەنرێن.  سەعدی پیرەو مەحمود ئاماژەیان بەوە كرد كە دواین راگەیاندن لەوبارەیەوە دەكەوێتە دوەمین هەفتەی مانگی مایس. پیرە رونیكردەوە كە كاتێكی زۆر تێپەڕیوە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان بۆ چەند وەزارەتێكی عەمەلی. 
دانوستانەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی بەردەوامن بۆ دابەشكردنی وەزارەتە نوێیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا بژاردەی ئەوە لەبەردەمدا ماوە كە كێ‌ باشترینە بەلای هەردو حزبەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەو كاركردن لەگەڵ نێچرڤان بارزانیدا. مەحمود ئاماژەی بەوەشدا كە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی وەزارەتەكانی سامانە سروشتیەكان‌و داراییەوە هێشتا بەردەوامە‌و پارتی خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی هەردو وەزارەتەكە. 
ئەم دواخستنەی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، هۆكاری ئەو ناكۆكیە قوڵانەن كە لەناوخۆی یەكێتی دایە. ئەم ناكۆكیە وای لە لایەنگرانی جەلال تاڵەبانی كردوە دژی باڵی رفۆرم بوەستنەوە كە لەلایەن نەشیروان مستەفاوە سەركردایەتی دەكرا. ناكۆكیەكان بەجۆرێك بەرزبونەتەوە كە دزەیان كردوەتە ناو راگەیاندنەكانەوەو وای لە جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی حزب كردوە داوای گرتنەبەری دیسپلینی حزبی بكات لەناو ئاستەكانی یەكێتی دا‌و هەڕەشەكردن لەهەر ئەندامێكی حزب كە رەخنە لەئەندامانی دیكە یان حزب بگرێت. 

كۆمێنت
كۆنگرە هەنگاوێكی گرنگ‌و بەرچاو دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی یەكێتی، ئەو حزبە دەیەوێت بەوریاییەوە لێی نزیك بێتەوە. ئەم دواخستانەی كۆنگرە رەنگە لەوەوە سەرچاوە بگرێت كە یەكێتی بیەوێت پێكهێنانی كابینەی نوێ رابگەیەنرێت، ئینجا سەرنج بخاتەسەر بەرنامەو كاری حزبی. هەروەها ئەوەش دەردەخات كە ململانێ‌ بۆ بەدیهێنانی باڵانس لەنێوان یەكێتی‌و پارتی لەبەركەوتی پۆستەكانی حكومەتدا‌و نیگەرانیەكان لەبارەی ناكۆكیە ناوخۆیەكانی یەكێتی، لەوە ئاڵۆزترین كە پێش ئەو وادەیەی بۆ بەستنی كۆنگرە دیاریكراوە چارەسەربكرێن. بەرەچاوكردنی پێشینەی بابەتەكە، جێگرتنەوەی جەلال تاڵەبانی مەسەلەیەكە كەمتر سەرنجی گشتیی بۆ لای خۆی راكێشاوە بەبەراورد بەساڵی 2007، كاتێك تەندروستی تاڵەبانی تێكچو، بەڵام هێشتا گرنگی زیاتری هەیە لە بیری لایەنگرانی یەكێتیدا.  


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×