ئه‌مه‌ریكا: بارزانی‌ له‌لای‌ توركه‌كان وه‌ك كلیلی‌ تێكشكاندنی‌ په‌كه‌كه‌ ته‌ماشاده‌كرێت
  2019-06-13       7687       

   ئا: هاوكار حسێن


به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا ئامانجی‌ سه‌ره‌كیی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیا ئاشكرا ده‌كه‌ن‌و له‌كۆبونه‌وه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ توركیا گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ئه‌نكه‌ره‌ مه‌سعود بارزانی‌ وه‌ك كلیلی‌ تێكشكاندنی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) ته‌ماشا ده‌كه‌ن، به‌رده‌وامیش داوایان له‌واشنتۆن كردوه‌ كه‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر بارزانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوكاریی‌ زیاتریان بكات له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌.

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ سایتی‌ ویكیلیكس، كه‌ ئاوێنه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردیی‌، به‌پرسانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌توركیا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ "سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ سوپای‌ توركیا، ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ نیشتیمانیی‌ توركیا، وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، مه‌سعود بارزانی‌ وه‌ك كلیلی‌ تێكشكاندنی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) ته‌ماشا ده‌كه‌ن".
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان نیازی‌ حكومه‌تی‌ توركیا ئاشكرا ده‌كه‌ن له‌راگه‌یاندنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌‌و ده‌ڵێن، "ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ توركیا چه‌ند جارێك پێیانراگه‌یاندوین كه‌ ئامانجیان له‌پرۆژه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتیمانیی‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ تیرۆره‌، بۆ وشككردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ په‌یداكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو توركیادا‌و رازیكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ هاتنه‌خواره‌وه‌یان له‌چیای‌ قه‌ندیل‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵات له‌رێگه‌ی‌ سنوری‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ گۆشه‌گیر بكه‌ون‌و له‌ناوبردنی‌ یه‌كجاره‌كییان ئاسان بێت".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئێمه‌ تێبینی‌ ئه‌وه‌مان دا كه‌ پرۆژه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتیمانیی‌ توركیا ناسراو به‌(كرانه‌وه‌ی‌ كوردیی‌) ده‌شێت ئه‌و كارته‌ سیاسییه‌ بداته‌ ده‌ست بارزانی‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هانی‌ كورده‌كانی‌ توركیا بدات ده‌ستبه‌رداریی‌ توندوتیژیی‌ ببن‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ توركیا".


ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:
ئای‌ دی: 09ANKARA1755
بابه‌ت: ده‌زگا ئه‌منیه‌كان: بارزانی‌ كلیلی‌ تێكشكاندنی‌ په‌كه‌كه‌یه‌
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌توركیا
به‌روار: 9ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2009
پۆلێن: زۆر نهێنیی‌


پوخته‌:
له‌میانی‌ نوێترین گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ ئامانجی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ سێقۆڵیی‌ له‌هه‌ولێر‌و به‌غدا، سكرتێری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ توركیا، ئه‌یوب تێپی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ سوپای‌ توركیا، ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ نیشتیمانیی‌ توركیا، وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك كلیلی‌ تێكشكاندنی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) ته‌ماشا ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی‌ كرد به‌چه‌ند سه‌ردانێكی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌رۆدگان‌و ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا بۆ عێراق له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ ئابی‌ 2009دا‌و په‌یامه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. ئه‌یوب ئاماژه‌یدا به‌بێهیوایی‌ به‌رده‌وامی‌ خۆیان به‌رامبه‌ر خه‌مساردیی‌ مه‌سعود بارزانی‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌نگاوی‌ كاریگه‌ر به‌مه‌به‌ستی‌ سنورداركردنی‌ جموجوڵی‌ ئازادانه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌باكوری‌ عێراق‌و هاندانی‌ دانیشتوانی‌ كامپی‌ مه‌خمور بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ توركیا. ئه‌یوب جارێكی‌ دیكه‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ توركیای‌ دوپاتكرده‌وه‌، بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر بارزانی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ تا یارمه‌تی‌ توركیا بدات له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌.  
ئێمه‌ تێبینی‌ ئه‌وه‌مان دا كه‌ پرۆژه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ حكومه‌تی‌ توركیا ناسراو به‌(كرانه‌وه‌ی‌ كوردیی‌) ده‌شێت ئه‌و كارته‌ سیاسییه‌ بداته‌ ده‌ست بارزانی‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هانی‌ كورده‌كانی‌ توركیا بدات ده‌ستبه‌رداری‌ توندوتیژیی‌ ببن‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ توركیا، پرسیاری‌ ئه‌وه‌شمان كرد كه‌ ئاخۆ پابه‌ندبونی‌ حكومه‌ت به‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ لاوازبوه‌ له‌دوای‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌توندوتیژیی‌ به‌رده‌وامی‌ هاوڵاتیان له‌نێو كوردانی‌ توركیادا. ئه‌یوب دانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ توندوتیژییه‌كان دودڵییان له‌لای‌ "سیاسییه‌كان" دروستكردوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ هێشتا پابه‌ندن به‌و ئاراسته‌یه‌ی‌ ئێستایان. باسی‌ له‌به‌شداریكردنی‌ خۆی‌ كرد له‌كۆنگره‌ی‌ نهێنی‌ حزبی‌ ئاكپارتی‌ له‌رۆژانی‌ 21‌و 22ی‌ تشرینی‌ دوه‌م، ئه‌و وتی‌ میدیای‌ توركیا زیاده‌ڕۆییان كردوه‌ له‌گرنگیدان به‌ره‌خنه‌ی‌ چه‌ند ئه‌ندامێكیان كه‌ له‌باره‌ی‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ قسه‌یانكردبو له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا. به‌پێی‌ وته‌ی‌ ئه‌یوب ره‌خنه‌گره‌كانی‌ وه‌ك وه‌زیری‌ رۆشنبیریی‌، ئه‌رتوگول گونای‌، وه‌زیری‌ پێشوی‌ ناوخۆ، باسێسكیۆگلو وه‌ك تاكێك قسه‌یانكردوه‌ نه‌ك وه‌ك سه‌ركرده‌ی‌ حزبه‌كه‌ تا مه‌ترسیی‌ له‌سه‌ر یه‌كگرتویی‌ حزب دروستبكه‌ن. ئه‌وان نیگه‌رانبون له‌وه‌ی‌ خراپ ئیداره‌دانی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ زیان به‌پێكه‌وه‌ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ بگه‌یه‌نێت. سكاڵای‌ هاوبه‌شی‌ ره‌خنه‌گره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ حكومه‌ت، له‌ناویشیاندا به‌شیر ئه‌تاڵای‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ هه‌وڵی‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ری‌ داوه‌ بۆ راوێژكردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌كه‌، سه‌رانی‌ حزب فه‌شه‌لیانهێنا له‌وه‌ی‌ تێڕوانینی‌ ئه‌ندامانی‌ ئاسایی‌ خۆیشیان وه‌ربگرن. هیچ كام له‌قسه‌كه‌ره‌كانی‌ ناو كۆنگره‌كه‌ پشتیوانیی‌ وازهێنانیان له‌پڕۆژه‌كه‌ نه‌كرد.
ئه‌یوب دانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ واقی‌ وڕماوه‌ له‌راده‌ی‌ ئه‌و توندوتیژییه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ناو كوردانی‌ توركیادا هه‌یه‌. ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ نیشتیمانیی‌ توركیا چاوه‌ڕوانی‌ "روداوگه‌لێك" بوه‌ له‌كاتی‌ پشوی‌ جه‌ژنی‌ قورباندا، به‌ڵام پارێزگارانی‌ شاره‌كانی‌ وان‌و هه‌كاری‌ پێیانراگه‌یاندوه‌ كه‌ سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كانی‌ حزبه‌كه‌یان (پارتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتی‌، كه‌ پارتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كوردییه‌) چاوه‌ڕێی‌ ناكه‌ن توندوتیژییه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌رفراوانبێت‌و ده‌شێت هه‌ماهه‌نگیی‌ بكه‌ن. ئه‌یوب باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ توندوتیژییه‌كان له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رابه‌ری‌ په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كه‌ خه‌ریكه‌ بێئومێد ده‌بێت له‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتیمانیی‌ سه‌ره‌نجام ببێته‌ هۆی‌ ئازادبونی‌ له‌زیندان. ئاماژه‌ی‌ به‌لێكترازانی‌ نێوان ئه‌ندامانی‌ باڵای‌ په‌كه‌كه‌ كرد كه‌ ئه‌و پێیوابو ده‌توانن سودی‌ لێوه‌ربگرن. ئه‌یوب وتیشی‌، "چیای‌ قه‌ندیل" یاخود هاوسه‌رۆكی‌ ده‌ته‌په‌، ئه‌حمه‌د تورك له‌پشت توندوتیژییه‌كانه‌. پێشیوابو كه‌ هه‌ردولا پشتیوانیی‌ له‌چاره‌سه‌رێك ده‌كه‌ن. 
كۆمێنت: 
ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ توركیا چه‌ند جارێك پێیانراگه‌یاندوین كه‌ ئامانجیان له‌پرۆژه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتیمانیی‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ تیرۆره‌، بۆ وشككردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ په‌یداكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو توركیادا‌و رازیكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ هاتنه‌خواره‌وه‌یان له‌چیای‌ قه‌ندیل‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵات له‌رێگه‌ی‌ سنوری‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ گۆشه‌گیر بكه‌ون‌و له‌ناوبردنی‌ یه‌كجاره‌كییان ئاسانبێت.  ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نائارامیی‌ مه‌ده‌نیی‌ له‌باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ توركیاش ترس له‌سه‌ر سیاسییه‌كانی‌ حزبی‌ فه‌رمانڕه‌وا دروستبكات بۆ پاشه‌كشه‌كردن له‌ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌، ئه‌وا ئه‌و ئامانجانه‌ هێشتا ده‌توانرێت به‌ده‌ستبهێنرێت. له‌كاتێكدا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانده‌كه‌ین حكومه‌تی‌ توركیا سوربونی‌ خۆی‌ زیاتر نیشانبدات بۆ ئه‌وه‌ی‌ گوشار بخه‌ینه‌ سه‌ر بارزانیی‌ تا یارمه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ بدات له‌ریشه‌كێشكردنی‌ په‌كه‌كه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×