فیلمی کوردیی زاڵاوا لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی دوو خه‌‌ڵاتی به‌ده‌ستهێنا
  2021-09-11       2290       


فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی "هەفتەی ڕخنەگران" و خه‌ڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واتا "فیپێڕشی" لە سی و شەشەمین خولی "هەفتەی ڕخنەگران"ی "ڤێنیز" به‌ده‌ستهێنا.

ڕێوڕه‌سمی کۆتایی بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی "هەفتەی ڕخنەگران" Critics' Week له حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice به ئاماده‌بونی هەندێک لە ستافی سەرەکی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" له‌وانه، ئەرسەلان ئەمیری، ده‌رهێنه‌ر، خاتو سەمیرا بەرادەری و روحوڵڵا بەرادەری بەرهەمهێنانی ئه‌م فیلمه، ئایدا پەناهەندە یه‌کێک له سیناریۆنوسان، نەوید پورفەرەج، پوریا ڕەحیمی سام" و خاتو هودا زەینوالعابدین ئه‌کته‌رانی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه، کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی دوێنێ هه‌ینی لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا به‌ڕێوه‌چو.

ئه‌م فیلمه کوردییه‌ توانی به سه‌رکه‌وتوییه‌وه خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی "هەفتەی ڕخنەگران" و ‌هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" (فیپێڕشی) FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به‌ده‌ستبێنێت.

له وتاری ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی "هەفتەی ڕخنەگرانی" ئەم فێستیڤاڵه گرینگه‌ پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهاندا هاتوه، "ئەندامانی لیژنەی دادوەران، که‌وتنه‌ژێر کاریگه‌ریی ده‌رهێنه‌ر له خوڵقاندنی یه‌که‌مین به‌رهه‌می سینه‌مایی خۆی، ده‌رهێنه‌ر، شاره‌زایانه به که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌سته جیاوازه‌کان له‌م فیلمه‌دا په‌یامێکی به‌هێز له به‌رانبه‌ر نه‌زانین و کۆنه‌په‌ره‌ستی نیشانی بینه‌ر ده‌دات که له‌م ڕۆژه تایبه‌تانه‌دا گرینگییه‌کی بێوێنه‌ وکاریگه‌ری هه‌یه".

هه‌روه‌ها له ڕێوڕه‌سمی کۆتاییدا، خه‌ڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واته "فیپێڕشی" FIPRESCI کە له لایەن یەکێتی ڕخنەگرانی سینەمای ئیتالیا SNCCI بەڕێوەدەچێت له نێوان ته‌واویی به‌رهه‌کانی هه‌ر چوار به‌شی 78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" به فیلمی "زاڵاوا" له به‌شی "هەفتەی ڕخنەگران" و هه‌روه‌ها به ‌فیلمی سینه‌مایی L‌evenement له ده‌رهێنانی "ئادرێی دیوان" Audrey Diwan له وڵاتی فڕه‌نسا له بەشی"پێشبڕکێی سەرەکی" ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به‌خشرا.

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" Zalava لە یەکەمین نمایشی جیهانی لە سێ سانسی جیاوازدا چوە سەر پەردەی سینەماکان و له لایه‌ن بینه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه گرینگه‌ و هه‌روه‌ها ‌‌ڕخنه‌گرانی سینه‌ماییه‌وه پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا.

فیلمی کوردی "زاڵاوا" بۆ بەدەستهێنانی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی "هەفتەی ڕخنەگران"ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لەگەڵ 6 فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له ڕکابەرییدابو.

یەکەمین ئەزمونی سینەمایی "ئەرسەلان ئەمیری" بە پشتیوانی "فڕۆم فیلمی هۆنگ کۆنگ" HAF، "مالی فیلمی کۆریای باشوور" KOFIC، بەشداریی ڕێکخراوەی سینەمایی "فاڕابی" ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی "توبا فیلم" Touba Film بەرهەمهاتوە و لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی به‌لجیکیی "لێوێلک" LevelK لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆکایەتی "ئالبێرتۆ باربێرا" Alberto Barbera بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 1 تا 11ی سێپتەمبەری 2021 لە وڵاتی ئیتالیا به‌ڕێوه‌چو.

 

 

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×