2021-03-27   2504     
پێشڕەو حەمید
ئێمە ھۆڵەکانی شانۆمان پرکردوە لە ململانی بێمانا لەسەر شتی بچوک بچوک .. ئێمە شانۆمان لەبینەران تۆراندوە و دڵ و دەرونمان پرڕکردووە لەڕق کینە بەرامبەر بەیەکتری ..ئەوە ئێمەین لەسەر شانۆ وەک فریاد رەس و پاڵەوان خۆمان نیشان ئەدەین و لەدەرەوەی ھۆڵەکانیشەوە وێنەیکی شکاو و مرۆڤێکی نەخۆشین !
مەگەر ئێمەنین تائیستاش سەرقالی گەوجاندنی بینەرانین ؟ مەگەر ھەر ئێمەنین تەنھا لە بۆنەو ڤیستیڤاڵەکاندا دەزانین ھۆڵی شانۆکانمان لەکوێن ؟ بیرتان نەچێت ئەوە ھەموومان بوین دەیان تێکستی سەقەتمان بردەسەرشانۆ بۆ چەند ھەزار دینارێک .. مەگەر ھەر ئێمە نین بەناوی ھونەرمەندبونەوە شەڕێکی گەورە و ناڕەوا بەخودی ھونەر دەفرۆشین ؟ ھەرئێمەیشین ڕۆژانە چەند زاراوەیەکی ھونەری دەرخ دەکەین و شەڕی یەکتری پێدەکەین و خۆمان بەتیۆریستی شانۆیی دەزانین بەبێ ئەوەی لەمانای وشەکانیش تێبگەین .. مەگەر ھەرئێمە نین ڕۆژانە بەناوی ھونەرەوە بیحورمەتی بەھونەر دەکەین ئازیزان ؟
ئێمە خۆمان بە شانۆکار و ھونەرمەند و بەسۆپەرمانی مافەکانی تاک و ئازادیەکانی مرۆڤ دەزانێن کەچی بندیوارین و ملکەچین بۆ بڕیارەکانی حیزب و ھەرگیز شەکری وەھا ناشکێنین کە لە سەرشانۆ قسەلەسەر پیاوە بەدڕەوشتیەکانی شۆڕش و حیزب و سەقەتی پڕۆگرامەپەروەردەیەکانی حیزب بکەین !
ئێمە وای نیشان ئەدین کە کارەکتەرێکی جوانین و خاوەنی کینیزیایەکی تۆکمەین و " ڕۆمیو وجولییت و ھاملت و سیمبلین و ملک لیر " ی شکسپیر بەجوانترین ئەداو جوڵەو تێک ئاوێزانبونەوە یاری پێدەکەین .. کەچی لەسەر شەقام و شۆستەو ناو کایەجیاجیاکانی تردا وەک بەرد دێین و دەڕۆین و لەبەرامبەر ئەو ھەمو ناعەدالەتییەدا ھەستێکی تراژیدیمان بۆناخولقێ ؟!
سەرھۆڵی شانۆکانمان پڕبون لە دەھۆڵ کوت و خەڵکانی ھەزەلی و گیرفان بــــڕ ، کەچی ھونەرمەندو شانۆکارانی بەئەزمون و ڕاستەقینەیش دەستەو وەستان چاوەڕوانی گـۆدۆیەکن ڕزگاریان بکات لەو گوتارە فاشیلەی ئەو ھەزەلیانەی بەخۆیان دەڵێن ھونەرمەند ؟!
ئێمە قسەلە سەر لادانی ماسکەکان دەکەین لەشانۆدا ، کەچی زۆربەمان لە ماسکیک زیاترمان لە ڕۆخسارماندا شاردوەتەوە و دوفاقیانە سەرقاڵی نواندنین و ، وەک ئەکتەرێکی کەوتوو بۆ ھەمیشە بوینەتە بارێکی گران بەسەر شانۆ وە و خۆیشمان گوناھبار نایەت پێش چاوو ، ئەوەش سەرتای کارەساتەکەی شانۆیە !
بەرلەکۆتای ئەم دەردەڵە دەپرسم ، ئایا پەیوەندی ئێمە لەگەڵ شانۆ پەیوەندی یەکی ڕۆحیانیە یان کاتیک شانۆمان خۆش دەوێت کە بڕیاربێت فیستیڤاڵێکی بۆسازبکەین ، بۆ خۆھەڵکیشان و خۆ بە ھونەرمەند نیشاندان .. یان ئەوکاتانەی دەبینەوە بە ئەکتەر کە بزانین بەرھەمی کارەکەمان چەورە ھەروەک پەڕموشی مراوی ؟
بەکورتی و بە پوختی ئێمەتەنھا چەند ھەوڵێکی بچوکمان ھەیە و ئەوەی سمێڵی سور بوو ھەمزەئاغانیە و ئەوەی تەمەنی زۆربوو لەشانۆدا ھونەرمەند نیە و ئەوەی پەیمانگاو ئەکادیمای خوێندبێت شارەزاو بەسەلیقە نیە ، تەنھا ئەوەندە نەبێت کە ھونەر عیشقە و ئەوەی عاشقی ئەو ھونەرە نەبێت ، ئەوا ھەرگیز ھونەرمەند نیە ؟!
تـێـبینــی: ڕۆژی جیھانی شانۆ، رێکخراوی یۆنسکۆ ھەریەکەلە ( ئەرشیبالک ماک لیش ، فرانسۆ مۆریاک ،جۆن برستلیستیلی ) وەک سێ شانۆکاری جیھانی لە ٢٧ ئادار١٩٤٦ دەستنیشان کرد بۆ دیاری کردنی ساڵ ڕۆژێک بۆ شانۆی جیھانی و لە ساڵی ١٩٦١ لەکۆبونەوەیەکی شانۆکاران لە (ڤینا) بەشێوەیکی فەرمی ٢٧ ئاداریان کردە ڕۆژی شانۆی جیھانی .