وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوەی (پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر) بۆ دیراساتی مێژویی و ڕۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی سلێمانیدا.
ئاوێنه: ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆچی دوایی مێژوونووسی کورد د.کەمال مەزهەر بڵاویکردووەتەوە:
"لەدەستدانى د.کەمال مەزهەر خەسارەتێکى یەکجار گەورەو زیانێکى لەقەرەبوکردنەوە نەهاتووە، بەڵام تەنها دەتوانین دڵی خۆمان بەوە بدەینەوە کە ئەم زاتە لە ماوەی ژیانی پڕ شکۆی خۆیدا دەیان خوێندکاری بە ئەمەکی بۆدرێژە پێدان بە ڕێگاو ڕێبازە نیشتیمانی نەتەوەیی و زانست دۆستییەکەی پێگەیاندوە کە مەحاڵە بهێڵن ڕێبازەکەی بەبێ رێبوار بمینێتەوە".
هەر لەپەیامەکەدا هاتووە:" دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوەی (پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر) بۆ دیراساتی مێژویی و ڕۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی سلێمانی رادەگەیەنین". ١٦ی ئەم مانگە د.کەمال مەزهەر. مێژوونوسی کورد، بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا.