وێنە..قائیمقامیەتی هەولێر بەهۆی چالاكییەكەوە كتێبخانەیەكی شارەكەی داخست
  2020-12-18       2949       

بەهۆی ئەوەی لەمیانی چالاكییەكیدا پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا نەبوە، كتێبخانەی ئاشتی لە هەولێر داخرا.

ئاوێنە: كتێبخانەی ئاشتی لە هەولێر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، كتێبخانەكەیان لەلایەن قائیمقامیەتی هەولێرەوە داخراوە، ئەوەش بەهۆكاری ئەوەی لە سیمینارێكدا كە دوێنێ رێكیانخستبو، پابەندنەبون بە رێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

كتێبخانەی ئاشتی لە هەولێر دوێنێ سیمینارێكی بۆ د. زانا ئەحمەد قەساب سەبارەت بە هاندانی گەنجان بۆ خوێندنەوە لە هۆڵی میدیای شارەكە رێكخستبو.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لەلایەن لاپەڕەی رەسمی كتێبخانەكەوە لە فەیسبوك بڵاوكراونەوە، قەرەباڵغییەكی زۆر بە سیمینارەكەوە دیارەو بەپێی قسەی كتێبخانەكەش لە سیمینارەكەدا كورسی نەماوەو بەشێكی ئەو گەنجانەی چون بۆ سیمینارەكە لەسەر زەوی هۆڵەكە دانیشتون.

كتێبخانەكە جەخت دەكاتەوە كە ئەوان مۆڵەتیان لە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ چالاكییەكە وەگرتوەو رێگەیشیان بە هیچ كەسێك نەداوە بچێتە هۆڵەكە بەبێ بەستنی دەمامك.

بەڵام قائیمقامیەتی هەولێر چالاكییەكەی ئەو كتێبخانەیەی بە مەترسیدار ناوبردوە بۆ زیاتر تەشەنەكردنی كۆرۆنا كە سەدان كەسیان لە هۆڵێكی داخراودا كۆكردۆتەوە و وتویەتی: بۆیە كتێبخانەكەیان داخستوەو بەبڕی یەك ملیۆن دیناریش سزایان داوەو جەختیشی كردۆتەوە كە وەرگرتنی مۆڵەت بەمەرج دەبێت و دەشبێت لەژێر چاودێری قائیمقامیەتدا بێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×