لە یادی "دیلان"ی ئازیزدا، بیرەوەرییەک..
  2020-10-29       3064       

بەرزان هەستیار


ڕۆژی 29.09.1983 و سەعات چوار و نیوی ئێوارە لە حەوشەی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی کۆڕێک بۆ مامۆستا"دیلان "ساز کرا ، کۆڕەکە وەک هاوڕێی ئازیزم کاکە "هونەر دیلان" هێنایەوە یادم بۆ خوێندنەوەی شیعری "سێبەری پەرت " بوو کە یەکێکە لەو دەقە جوانانەی" دیلان " کە سەبارەت بە ڕووخان و سووتاندنی گوندەکانی کوردستان بوو لە لایانە ڕژێمی بەعسەوە . لە کۆتایی کۆڕەکەدا وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆو پرسیارکردن کرایەوە و یەکێک لەو پرسیارانەی لە "دیلان "کرا سەبارەت بەو پارچە شیعرەی دیلان بوو کە لە پشت خۆیەوە بە گەورەیی بە دیوارەکەدا هەڵواسرابوو (وەک لەو وێنەیەدا دیارە کەلەگەڵ ئەم چەند دێڕەدا پۆستم کردووە ) کە تێدا دەڵێت:
لە سەرچنار ناز ، لە زەڵم سازێ
لە قۆپی ڕازی بەهەشت ڕازاوە
شیرین..شیرینی خاکی کوردستان
هەر بۆ پەرستن دروست کراوە
ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم ئامادەبووەکە پرسیبووی" مامۆستا ئەو شیعرەی لە پشت سەرتەوە هەڵواسراوە کەی و بۆچیت نووسیوە ؟"
مامۆستا "عەبدولڵا ئاگرین " کە کۆڕەکەی بەڕێوەدەبرد پرسیارەکەی بۆ "دیلان خوێندەوە "دیلان " بە بێ ئەوەی بوەستێت وتی کام شیعرە و ئینجا ئاوڕێکی بۆ دواوە دایەوە ، تومەس تا ئەو کاتە دیوەتی ئەو شیعرەی نەدابوو کە لە پشت سەری خۆیەوە بەو گەورەییە هەڵواسرابوو، بۆیە لەگەڵ قسەکەی" دیلان "و ئاوڕدانەوەکەیدا ئامادەبووانی کۆڕەکە و خۆشی دەستیان کرد بە پێکەنین.
لە یادی سی ساڵەی کۆچی دوایی "دیلان"دا سڵاو لە خۆی و شیعر و دەنگو سەداکەی، سڵاو لەو ڕۆژە گەرم و گوڕانەش کە پڕ بوون لەچالاکیی ئەدەبیی و هونەریی جوان.
هەر بە یادی "دیلانەوە پێم خۆش بوو ئێوەش لە جوانیی دەقە نایابەکەی "دیلان " بێبەش نەبن بۆیە لە خوارەوە تەواوی دەقەیەتان بۆ دەنووسم.
وەک تێبینییەکیش دەڵێم بە داخەوە ئەو سەرچاوەیەی من شیعرەکەم لێ وەرگرت چەندین هەڵەی تێدابوو ، ئەوەی توانیم بە سەلیقەی خۆم ڕاستم کردنەوە.
"سێبەری پەرت"
--
گڕەی چلەکەی ئیمساڵ گەرم بوو سکڵ باران بوو
بای باوەشێنی جاران نەرم بوو شنە هێنان بوو
سێبەری خەستی ئارەق فڕێن بوو لەو شاخ و داخە
پشووی ژێر گەڵای گڕە بزێن بوو لەو دۆڵ و باخە
هاوین تەرمەکەی ئەبڕایە شوێنێ وەرشەی گەڵا بوو
سوپای تەوژم کە خۆی ئەبینێ لەژێر چڵا بوو
لەکوێ هەڵاتن ئەبوو بە باری هەڕەتی گەرما
لەو ملە بەرزە نیشانەو ناوی ئەکرا بە بەرما
سێبەر بۆ دڵ و بۆ هەناسەیە کە خوێناوی بوو
بۆ ئاخ و ئەشکێ، مەیلێ، تاسەیە کە تەماوی بوو
لەکوێ دەست ئەکەوت لەکوێ ئەبینرا لەو سنوورانە
بە چەپک لەوێ ئۆخەی ئەچنرا لەو چنوورانە
ئاخ ملم، ئامان شەماڵ و شنە وادۆش داماوم
هاڕە هاژەیە، کامیت لەکنە بێنە بەرچاوم
تو پیرۆزەکەی شینی ئاسمانت پەشێوە گیانم
تو کەفچەرێنی ڕووە و دامانت فریای ئامانم
بکەوە بە سۆز یا بە شمشاڵی گڕەی دەروونم
لە گیان لە جەستە لە لەش داماڵێ شای چەند و چوونم
وەڵام کوا؟ وەڵام لە کوێیە؟ بەشەو یا بە تاریکی
کێ برین پێچی برینمی پێ یە؟ ڕێی بە باریکی
هەردەیە، بەردە، جار چاڵ و چۆڵە جارێ هەورازە
ئەم دەستم پیرە ساوام لە کۆڵە ئاواتم ڕازە
کێ ئەگاتە پاڵ جەستەی شکستەم؟ لەم ڕێگا کووڕە
کێ لە گەڵمایە بۆم ئەڵێ بەستەم؟ لە مەرگ تووڕە
کێ لایە لە گڕ یا لە دووکەڵێ؟ سووک ئەکاتەوە
ئامان ئامانێ بۆ چارەم ئەڵێ گیان بیباتەوە
کێ باوەش ئەکا بە سێ درنجا؟ بە شەوی باران
کێ دەر ئەکێشێ ستەم لە بنجا؟ وەک دێوی جاران
کێ فوویەکی قووڵ ئەکا بە سینگما؟ هەناسەم سوارە
کێ باڵێ ئەکا بە باڵ و چنگما؟ ساڵم نەبارە
کێ دەست ئەکاتە گەردنی چیام؟ ڕەش هەڵگەڕاوە
کێ دەم ئەخاتە کانیاوی سیام؟ وەی تێڕژاوە
کێ ئەگاتە پاڵ چاڵی ئاواتم؟ لەو وێرانەیە
هەست وەکو شاری چۆڵی نەهاتم شانە شانەیە
فریام کەوە ئەی ترووسکەی دووری بە ئاستەم دیار
بمگەیەنەرە گۆشە و سنووری خەیاڵی هەوار
بمگەیەنەرە لێواری چیای پیش خواردنەوە
بمبەرە لوتکەی سەرپۆپی سیای بەرزکردنەوە
با بڵێم هاوار بەروبوومەکەی دارم وەریوە
لەو ڕێچکە بەرزەت چلە شوومەکەی تێهەڵچەقیوە
ئیتر ئەی نووکی قەڵەمی ڕاستی دەستی تێکۆشان
نۆرەی ئێمەیە بەستە لە ئاستی چووزەرەی ژیان
نۆرەی ئێمەیە بە کوردی دەنگێ دەنگ بداتەوە
خونچەیێ، گوڵێ، ئاوازی، زەنگێ خۆی بکاتەوە

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×