2020-10-28   3958     
سەرخێڵ شێخ هاوڕێ
گەشەسەندنی تەریقەتی نەقشبەندی و ئیرشاد لەسەر دەستی شێخ عبدالکریم شەدەڵە لەدوای ساڵانی ١٩٢٠ و پشتگیری کۆمەڵایەتی بۆ جوڵانەوەی هەقە بووە جێگەی هەڵوێستی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، دواجار لەپایزی ١٩٣٤ دەستیان کرد بە گرتنی شێخانی هەقە و شێخ عبدالکریم وشێخ مامەڕەزای برای و حاجی شێخ عارفی سەرگەڵوو چەندکەسێکی تر گیران لەلایەن حکومەتەوە و شێخ عبدالکریم دوور خرایەوە و بۆ کەرکوک و شێخ مامەڕەزاش بۆ حەویجە بۆیە کۆمەڵێک لە موریدانی شێخ لەحاڵی ئاسای دەردەچن و ڕودەکەنە کەرکوک بۆ ئازادکردنی شێخ کە بەساڵی (گونیە) ناسراوە تا شێخ ئازاد دەکرێت و دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. وەهەروەها شێخ مامەڕەزا لە ساڵانی ١٩٢٠ ەکانەوە خەلیفەی شێخ عبدالکریم بووە لە گوندی کەڵکەسماق و پاشان بەفەترەیەک پێش شەهید کردنی شێخ عبدالکریمی شەدەڵە، شیخ خۆی ئامادەکاری دەکات کە شیرینی شێخایەتی مامەڕەزای برای لەلایەن سۆفی و مریدانەوە بخورێتەوە (١،٢) و وە دوای کۆچی شێخ عبدالکەریم (مامەڕەزا) ی برای لەلایەن زۆرینەی شوێن کەوتوانی شێخ عبدالکریم بە ڕابەری بزووتنەوەی هەقە هەڵبژێردرا(١،٣،٤،٥) بۆیە بزووتنەوەی هەقە گەشەیەکی خێراو تازەگەری و ڕێکخستنەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کە ئەمەش دەرئەنجامی تواناو لێهاتووی و ڕۆشنفکری شێخ مامەڕەزا بوو لەوسەردەمەدا و پەیوەندی پتەوی مامەرەزا لەگەڵ زۆربەی کەسایەتی کۆمەڵایەتی و حکومی و ناودارانی ناوخۆو دەرەوەو ناوچە جیاجیاکاندا هەبووە.
مامەڕەزا ڕوحێتێکی تازەی بەهەقەکان بەخشی کە تیایدا بەرنامەیەکی گشتگیری بۆهەموو لایەنەکانی ژیانی هەقەکان و چینی هەژاران و جوتیاران فەراهەمکرد لەوانە ( برایەتی، هەقپەرستی، هاوبەشی، ئابوونە، تەگبیرو ڕا، سەربەستی ئافرەت، ڕەوشت،کاروباری ڕێکخستن)(١،٣،٤،٥)، دواجار بەهۆی ئەو دەنگدانە کۆمەڵایەتی و تەوژمی گەرم و گوڕی هەقەکان زیادبوونی ژمارەیان هەربۆیە حکومەتی و ئەوکاتەی عێراق و ئینگلیز بەئاگاییەوە چاوی لەسەر بزووتنەوەی هەقە بوو وەهەروەها شۆڕشی ئەوکاتەی بارزان و پشتگیری مامەڕەزا لەساڵانی ١٩٤٣- ١٩٤٤ (٣،٥) ئەوەندەی تر حکومەتی نیگەران و توڕەکرد هەربۆیە ئاڕاستەی بزووتنەوەکە لەو بارودۆخەدا بزووتنەوەی هەقە لەپاڵ چاکسازی کۆمەڵایەتی دا جۆرێک لە خەباتی سیاسی و نیشتیمانی بەخۆوە بینی و گەیشتە ئەوەی پەیوەندی حەقەکان و حکومەت بەرەو بارێکی نائاسایی چوو تاگەیشتە ئەوەی لەساڵی ١٩٤٤ حکومەتی عێراق لەپلانێکدا لەناوچەی دوکان لەلایەن (سەعید قەزاز) پارێزگاری هەولێر مامەرەزای ڕابەری بزووتنەوەکەی بەناوی دیدارەوە دەستگیردو بەئۆتۆمبیلەتایبەتەکەی خۆی ڕاستەوخۆ دوری خستەوە بۆعەمارە کەئەمە بوو بەسەرەتای سەرهەڵدان و جوڵان و دەستپێکی ڕێوڕۆیشتن (ڕێپێوان) ی هێمنانەی هەقەکان لە ئەیلولی ١٩٤٤.
گرتنی شێخ مامەڕەزا ئەوەندە کتوپڕ بوومامەڕەزا تەنها توانی پەیامێک بدات بە خزم و موریدان و پەیڕەوکارانی هەقەکان بەجۆرێک خرۆشان و توڕە و نیگەران بوون کەلەدڵسۆزیان بۆ ڕێبازەکەیان و ڕابەرەکەیان (مامەڕەزا) نەک هەرئامادەی پشتگیری بوون بەڵکو ماڵ و موڵکیان خۆیان فرۆشت و لەهەموو ناوچەکانەوە بەرەو ناوچەی قەڵاسێوکە و ئاغجەلەر بەهێمنانە و بەدەستەوە گرتنی دارێکی بەڵاڵوک (دارەقوڵە*) کە هێمای نیازپاکی هەقەکان بوو کەوتنەڕێ، پاشان لەگوندی گۆپتەوە و هەموو سۆفی و موریدان یەکیان گرت و بەرەو ناوچەی شوان بەڕێکەوتن و حکومەت ڕێگەی لەخۆپیشاندەران و ڕێپێوانەکە گرت و بەردەوام لەگەڵیان بوو و بەهەڕەشەی کوشتن و توندو تیژی و تا گەیشتە دەستگیرکردنی (کاکەڕەزای عسکری) و دوانزەکەسی تریان لێ دەستگیرکردن و هەرچەندە پێشتریش ڕاوێژکارەکەی مامەڕەزا (شێخ محمدامین مەڵحە) و شێخ مستەفای کوڕی مامەڕەزا لەناوچەی میرزا ڕۆستەم دەستگیرکرابوون، بەڵام خۆپیشاندەران گوێیان بەرێگریەکەی حکومەت نەداو گەیشتنە یاروەلی، لەگەڵ کۆڵنەدان و بەردەوام بوونی حەقەکان حکومەت ناچار بوو شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆدابین بکات لە گوندی یاروەلی لەکۆنە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی حکومەت، وە بەناچاری هەرسێ پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و کەرکوک گەیشتنە ئەوێ بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ هەقەکان (٣،٤،٥). حەقەکان سەرەڕای نەخۆشی و سەرماو سۆڵە لەم ڕێپێوانە هێمنانەوە چەند مانگیەدا جەندین پیر و مناڵ و گەنجیان لێمردن و هەروەها کچێکی مامەرەزا بەناوی (فاتمە) کۆچیکردووە.
هەقەکان هەرچەندە لەژێر فشاری بەردەوامی حکومەت بوون بە توند و تیژی جۆراوجۆر بەڵام بەردەوام بوون لەڕێپێوان و خۆپێشاندانی هێمنانە بۆ گەیشتن بەکەرکوک هەرچەندە ویستیان بەپێدانی بەرتیل و هەڵڕشتنی نوقڵ و تەنانەت پارەش لەبەرپێی موریدان بۆ فریودانیان ڕێ بە خۆپیشاندانەکە بگیڕێت (٦) بەڵام نیازپاکی و خۆشەویستیان بۆ مامەڕەزا هەموو شتێکیان ڕەت کردووەتە و تا دواجار گەیشتنە کەرکوک و حکومەتی ناچار بەدانوستان و ڕێکەوتن کرد و کۆمەڵێ مەرج دیاری کرا لە ئازادکردنی مامەڕەزا و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتجێبوون و یارمەتی جوتیاری بەڵام دوای ڕازی بوونی مامەرەزا لەسەر ڕێکەوتنەکە سەرئەنجام مامەڕەزا ئازادکرا و بەشێکی هەقەکان گەڕانەوە بۆ ناوچەی شوان وپاشان سۆفی و موریدان گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە بەرواری کانونی یەکەم ی ١٩٤٤ و مامەڕەزایان نارد بۆ هەڵەبجە و دوای ٥ ساڵ مانەوەو گەڕایەوە بۆ سلێمانی دواتر بۆ کەڵکەسماق لەساڵی ١٩٤٩ و لەژێر چاودێریدا مایەوە کەنابێت هاتوچۆو سەردان بکات و تا ساڵی ١٩٥٢ و دەستی کردەوە بە سەردان و گەڕان و بەسەرکردنەوەی براو خوشکانی مامەڕەزایی.و بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ نەکرا لەلایەن حکومەت (٣،٤،٥).
هەرچەندە مامەڕەزا توانایەکی مرۆی و مادی و مەعنەوی پتەوی هەبوو کە ژمارەی بەشداربوانی سۆفی و موریدان لەڕێپێوانەکەدا بە ١٢٠٠٠ کەس مەزندە کراوە (٣)بەڵام بیری لەبەکارهێنانی چەک و توند و تیژی نەکردووەتەوە بەڵکو هەڵگرتنی داریان کرد بەشانازیەک بۆ بزووتنەوەی هەقە وبیریان لەڕێپێوانی هێمنانەو و ئاشتیانە کردەوە لەکاتێکدا کەمامەڕەزا هەڵگری پەیامی ئاشتی جیهانی بووە و وەکو کەسایەتیەکی دیاری باشوری کوردستان واژۆی لەسەر بانگەوازی ستۆکهۆڵمی بۆ ئاشتی جیهان کردووە لەساڵی 1945(٣،٤)
ئەم ڕێپێوانە دڵسۆزی و پەیوەندی خۆشەیستی هەقەکانی پشتڕاست کردەوە بۆ مامەڕەزا و هەروەک مەلاحەسەنی مەعنەوی کەیەکێکە لەشاعیرو پەیرەوکارانی هەقە لەهۆنراوەیەکی بەناوی دارەقوڵە و دەربڕینی هەستی خۆی سەبارەت بە گیران و ئازادکردنی ڕابەرەکەیان شێخ مامەڕەزا بەم شێوەیە دەربڕیوە (٧)
دارەقوڵە یەکێکە لەشعرەکانی شاعیری میللی مەلاحەسەنی مەعنەوی ١٨٦٣ز-١٩٦٨ز
دارەقوڵە...
چەند ئەستێرەن لە ئاسمانێ
چەند خەستەن لەخەستەخانێ
ئەوەندەم خوشک و برا هەن
لەوێ ماڵە خانەدانێ (لەوێ) مەبەستی خانەقای مامەڕەزایە لەکەڵکەسماق
***
شەدەڵەی مالم مەنبەعی نوورە
پیرەمەگروون لەئاستی توورە
ڕەزاو کەریم دەڵێمەوە
تا نەیستێنم نایەمەوە
***
یاکەریم و یاڕەزایە
داربەدەست دەچنە غەزایە
مامەڕەزا لەوێ بەندە
(داری قوڵە) وەک تفەنگە
***
ڕۆژی دەعوایە درەنگە
(دارەقوڵە) چەکێکی جەنگە
بەقاسیدی یەكێک بڕوات
خەبەری جەنگیان بۆ ببات
***
خەبەر بۆ مەرگەو پشدەرێ
بۆ گۆپتەپەو بۆ عەسکەرێ
لەگەرمیان لە کوێستان
(هەقە) هەموو خرۆشان
***
هاتن لەملاو لەولاوە
وەک هەنگ پوورەیان داوە
سەبرو هۆشیان نەماوە
دەڵێی مەحشەر هەستاوە
***
داربەدەست بەگۆنگەڵێ
کەوتنەڕێ بەرەو (یاروەلی)
(یاروەلی) پاک دەوری گیرا
گوتیان کوانێ مامەڕەزا؟
ڕەزاشیان بەڕێکردبوو
لەکەرکووک بەندیان کردبوو
ئینگلیزیش زانی لافاوە
(دائیرەی هەقە) هەستاوە
***
بەرەو کەرکووک هێرشیان برد
گەورەو گچکە بووبوون بە پرد
(.......)
(.......)
***
شاڵاویان بردە کەرکوکێ
هەروەکو سەیرانی بوکێ
(موتەسەڕیف) بو دەستەبەر
نەیان هێشت دەرچێ بێکەدەر
***
کەوتنە قسە بۆئەڵقە لەگوێ
هەر ئێستێ ڕەزامان دەوێ
***
(مامەڕەزاتان) پای لەتەیارە
دەڕوا لەرێگەی کوت و عەممارە
زۆر چاکە وەلێ ڕاست دەکەی
نابیە (موسەڕیف) ئەگەر وا نەکەی
***
تا خەبەر هات لەمامەوە
بەو خەبەرەی گەشانەوە
***
داری دەستان بچەقێنن
هەقی خۆتان لێبستێنن
ئەو وڵاتە ئی خۆتانە
مەیفرۆشن بە بێگانە
ئینگلیزەکان داگیرکەرن
دەربەدستیان پێ کەرن
لەنێوماندا بن خەتەرن
***
(مامەڕەزا) یان داینەوە
هەموو وەک گوڵ گەشاینەوە
گەڕاینەوە بۆ (عەسکەرێ)
میوان بووین لەوێندەرێ
کەڵکەسماق – ١٩٤٩
* دارەقوڵە بەدارێکی سووری کورتی بەڵاڵوک دەوترێت (هەقەکان) بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە لەباتی چەک بەکاریان هێناوە
سەرچاوەکان:
1. چاوپێکەوتن شێخ هاوڕێ کاکەحەمە - ڕابەری بزووتنەوەی هەقە
2. چاوپێکەوتن لەگەل ح،ا،ق - سۆفی و مورید لەژیاندا ماوە
3. ئاوڕدانەوەیەک لە بزووتنەوەی هەقە – مستەفا عسکری
4. بزووتنەوەی هەقە – قارەمان نادر شێخ بزێنی
5. بزووتنەوەی هەقە و ڕەنگدانەوەی لەڕاگەیاندنی کوردیدا - هاوڕێ محمود
6. چاوپێکەوتن م.ع – سۆفی و مورید لەژیاندا ماوە
7. دیوانی شاعیری میللی مەلاحەسەنی مەعنەوی – خالید قەمچوغەیی