پەنجا وهەشت نوێترین بەرهەمی مەحموود نەجمەدینە، کە لەدوو نۆڤلێت پێکدێ، " پەنجاوهەشت " و"موفید بەگ " ئەم بەرهەمە لە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانییە. لەدوو توێی 103 لاپەڕەدا چاپ بووە. جەماڵ کاڕەشی هەڵەگریی بۆ کردووە و ڕووبەرگ کاری ئەسرین کاکییە و پەڕڕازێن ئومێد موقەددەس. بەتیراژی 500دانە چاپ بووە.
بەرهەمەکە سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاشان لەباشووری کوردستان بڵاودەبێتەوە.
هەردوو نۆڤلێتەکە بە شێوازی مەنەلۆگ نووسراون. ناوەڕۆکی هەردووکیان چیرۆکی ستەمکاری دەسەڵات و پاوانکردنی ژیانی بێ دەسەڵاتەکانە. سێڵاوی خوێن و شەهوەت و ڕەشاوی دڵی بەسوتماک بووی ئینسانەکانە، چیرۆکی برسیکردن و کۆیلەکردن و یاخیبوون و بەگژداچوونەوەیە...
مەحموود نەجمەدین چیرۆکنووس و ڕۆماننووس چەند بەرهەمێکی دیکەی چاپ کردووە، لەوانە کۆمەڵە چیرۆکی پاسەکەی گورون، کۆمەڵەچیرۆکی هاوشێوەکانی سەلیم جەودەت، کۆمەڵەچیرۆکی دنیا سێ پیتە. ڕۆمانی پیاوەکان بە خەونیش نەگەڕانەوە.
پەنجاوهەشت
مانیفێستی ڕەش، سێڵاوی خوێن و شەهوەت. چیرۆکی برسی کردن و کۆیلەکردن و بەگژاچوونەوەی ستەمکاریی و یاخیبوون... چیرۆکی جەردەی پۆشتە و پەرداغ، کە چۆن پارە و دەسەڵات کردنی بە نەجیبزادە...
ئەم بەرهەمە لە دوو نۆڤلێت پێکدێ"پەنجاوهەشت"و "موفید بەگ " لە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانی یە. لە ناوەندی خانی دەست دەکەوێت و بڕیار وایە ڕۆژانی ئایندە لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بڵاوببێتەوە.
لەنۆڤلێتی" پەنجاوهەشت" ەوە:
...حەشیمەتی گیرفان بەتاڵیش پاناوپان هەر دوو سایدەكەیان گرتووە و داوای مووچەی پار و پێرار دەكەن، وەكوو بڵێی هی ئەم ساڵ لە جێبایە! ئەم وڵساتەش لە شین و شایی دەستكەوتی خۆی هەیە، حیزە و بەختەكەی وەكوو سەگ دەوڕی، ساڵیانی ساڵ لە بەختی ئەم گەزۆ دەبارێ، لە هەموو بارێكدا براوەیە، شین و شایی بەخێری وی دەشكێتەوە، لە رێپێوانەكەی دوێنێدا باڵا بەرزێكی لە چاو داوە...
لەنۆڤلێتی "موفید بەگ" ەوە:
جا كێ لە بەگ ناترسێ!؟ لامەزەبە، خوێنمژە. زەعیم سدیق لە چاویدا پەڕسێلكەی بێ زەواڵە. هێندە زاڵمە نادر شا و رەزا شا راست و چەپ وەكو دوو ڕەشمار لەسەر شانەكانی كپ و مات زیڕەیان كردووە. بارقی حاجی حنتە و ئیسماعیلی یەكەم و دووەم، ئەڵب ئەرسەلان، باوان و بنەوەوانی سوڵتان سلێمانیش هێندە زاڵم نین. لە مەلا تا ئەفەندی و فەیلەسوفی ریش سەكسوكی لەسەر قامكی دەخولێنەوە. قاچێكی لە تەلئەبیبە و ئەوی دیكەی لە شیرازە...