كتێبێكی نوێی "سەڵاح رەشید" نوسەرو سیاسەتمەداری كورد، سەبارەت بە شەڕی ناوخۆی باشوری كوردستان كەوتە بازاڕەوە، كە چەندین بەڵگەنامە لەسەر لایەنەكانی شەڕەكە لەخۆدەگرێت.
ئاوێنە: سەڵاح رەشید، كە نوسەری كتێبی "دیداری تەمەن"ی جەلال تاڵەبانییەو ماوەیەك وەزیری مافی مرۆڤ بوە لە ئیدارەی سلێمانی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"کتێبی (شەڕی ناوخۆی کورد، بۆچی سەری هەڵدا، چۆن گەشەی کرد، سەرئەنجام) لە نوسینی بەندە لە (ناوەندی ڕۆشنبیری ئەدیبان) دوای دواکەوتنێکی کەم، کەوتە بازارەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو، كتێبە لە 500 لاپەڕە پێكدێن و بەشێك لە ناونیشانەكانی بریتین لە: ناکۆکی و شەڕەکانی نێوان باڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٦١ تا ١٩٧٠، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، شەڕی هەکاری، جەوقەدو جود، شەڕی پشت ئاشان، گفتوگۆی نێوان یەکێتی و رژێمی بەغدا، سەرەتای گرژی نێوان پارتی و یەکێتی، شەڕی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی، شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی و پارتی کرێکاران، شەڕی نێوان پارتی و حسک.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە كتێبەكە دەیان نامە، بروسکە، راپۆرت، رونکردنەوە و چاوپێکەوتنی هەمەجۆر و فرە سەرچاوە، دەربارەی هەمو لاکانی شەڕی ناوخۆ کە لەخۆدەگرێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەم کتێبە باسی روداوە ناخۆش و دڵتەزینەرەکانی شەڕی ناخۆ دەکات، ئەمە لە بەرژەوەندی یان دژایەتی لایەک یان هێزێک نەنوسراوە، هەمو هێزەکان بەپێی کات و شوێن و قەبارەیان، بەشداربون لەو شەڕانەدا.
وتوشیەتی"ئەم کتێبە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە، کە هەندێ کەسی پڕ لە کۆنەقین دەیانەوێت هەمو مێژوی خەباتی کورد لەکەدار بکەن و شۆرشی کورد بە قۆناغە تاڵ و شیرینەکەیەوە بشوێنن و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن."
سەڵاح رەشید وتویەتی"بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە، هەنگاوێکە بە هیوای ئەوەی روناکی بخاتە سەر بەشی لە مێژوی هەمەلایەنەی خەباتی گەلەکەمان."