كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد
  2020-09-08       3190       

ره‌فیق مه‌حمود محه‌مه‌د، ناسراو بە ره‌فیقی وێنه‌گر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانی شاری سلێمانی  له‌ ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا ئه‌مڕۆ له ‌شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد.

ئاوێنه‌: هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌ بروسكه‌یه‌كی ماته‌مینیدا، كۆچی دوایی ره‌فیقی وێنه‌گری راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "به‌ناوی پارێزگای سلێمانییه‌وه‌؛ پرسه‌و په‌ژاره‌و خه‌م و ماته‌مینیی بۆ كۆچی دوایی كه‌سایه‌تیی دیاری كوردستان و سلێمانی ڕه‌فیقی مسه‌ور ده‌رده‌بڕن".

ره‌فیقی وێنه‌گر ناوی ته‌واوی (ره‌فیق مه‌حمود محه‌مه‌د)ه‌ و ساڵی 1932 له‌ گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی له‌دایكبوه‌، له‌ساڵی 1965  هاوسه‌رگیری كردوه‌، باوكی دو كوڕ و سێ كچه‌، له‌سه‌ره‌تای منداڵیه‌وه‌ بۆ خوێندن روی له‌حوجره‌ كردوه‌، به‌مه‌به‌ستی فێربونی خوێندنه‌وه‌ی قورئان، پاشان نێردراوه‌ته‌ قوتابخانه‌ی فه‌یسه‌ڵیه‌.

ره‌فیقی وێنه‌گر له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی په‌نجاكانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌حمود ئه‌فه‌ندی باوكی، كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بو له‌ شاری سلێمانی وێنه‌گرتنی كردبو به‌ پیشه‌، ده‌ستیكردوه‌ به‌ وێنه‌گرتن، به‌ڵام حوكمه‌تی پادشایی عێراق له‌ شاره‌كه‌ ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌كات و به‌ ناچاری رو له‌ هه‌ولێر و كۆیه‌ و ره‌واندز ده‌كات، له‌ ساڵی 1954 جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی و دوكانی وێنه‌گری له‌وبه‌ری سه‌رای سلێمانی داده‌نێته‌وه‌ به‌ناوی "فۆتۆ ره‌فیق".
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×