دوا وەسیەتی میشێل فوکۆ
  2020-08-12       2661       

و: سامان عەلی حامید

 

چ شتێک میشێل فوکۆ لە فەیلەسووفەکانی تر جیادەکاتەوە؟ دکتۆر عەلاء تاهیر لە نێو کتێبەکەیدا؛ "کۆتاییەکانی پانتایی فەلسەفی" بڕوای وایە نووسینەکانی فوکۆ خاوەنی مۆرکی سیستەمی فەلسەفیین، ئەو سیستەمەی کە لە بواری فەلسەفەی نوێدا هەنگاوێکی چلۆنایەتی بوو.

 

لە یەکەم کتێبییەوە؛ "مێژووی دێوانەیی لە سەردەمی کلاسیکدا"، تا دوا کتێبی؛ "نیگەرانیی خود"، ناوەندی فەلسەفی لە جیهاندا لە مشتومڕکردن دەربارەی ئەو تێمایانە نەکەوتووە کە پڕۆژە فەلسەفییەکەی فوکۆ خستینییەڕوو، بەڵکو هەمیشە ئامادەیە، لەپاش دە ساڵ لە کۆچی دوایی کردنیشی شەپۆلێکی گەورە لە پرس و ڕای فەلسەفی سەبارەت بە بیری ئەو تەقینەوە، لە ڕێگای دەرچوونی کۆمەڵە وتار و چاوپێکەوتنەکانی لە دووتووێی چوار بەرگدا، کە ڕۆشنکردنەوەیەکی زیاتری سیستەمە فەلسەفییەکەی بوون، نەک لەو ڕووەوە کە بڕێک لێکدانەوە و لێدوان بوون سەبارەت بەوەی کە فوکۆ نووسیبوونی، بەڵکو لەو ڕووەوە کە تەواکردنێکی میتۆدییانەی ئەو کارانەی بوون کە لە نێو کتێبە سەرەکییەکانیدا هەن.
ئەگەرچی فوکۆ لە ساڵی١٩٨٤دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام بڕێک لە وتار و لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکانی لە سەروەختی کۆچی دوایی کردنیدا ئامادەبوون بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، بەڵام ئەم وتار و لێکۆڵینەوانەی تەنها لەپاش کۆچی دوایی کردنی چاپ و بڵاوکرانەوە. هەرچی کتێبە دەستنووسەکانیشێتی کە تەواو نەبووبوون، ساڵێک بەر لە کۆچی دوایی کردنی وەسیەتی کرد هەرگیز نابێت چاپ و بڵاوبکرێنەوە، چونکە ئەو هەمیشە لەگەڵ کاری فەلسەفی تەکووز و بێکەموکووڕ بوو، پاش ئەوەی چەند ساڵێكی بە پێداچوونەوەیان بە سەر دەبرد و چەند جارێک پوختەی دەکردن، ئینجا لە سەر بونیادە زمانەوانییە چڕەکەیان کاری دەکرد، تاکو دەقەکە لەگەڵ ئەو ناوەڕۆکە فەلسەفییەدا کە دەیخاتەڕوو بە چەشنێکی ئۆرگانی کۆکبێتەوە.
دوا کتێبی؛ "مێژووی سێکسواڵیتی" لە چوار بەرگ پێکدێت، تەنها سێ بەرگی لێ بڵاوبووەتەوە کە ئەمانەن: "ویستی زانین، بەکارهێنانی چێژەکان، نیگەرانیی خود"، هەردو بەرگی دووەم و سێیەم لە ساڵی١٩٨٤دا چاپ و بڵاوبوونەوە کاتێک کە فوکۆ کەوتبووە سەر جێ و لە ئاویلکەداندا بوو، چاوەڕوان دەکرا بەرگی چوارەمیشیان بە دوادا بێت، بەڵام مەرگی فوکۆ بووە کۆسپی سەر ڕێی بڵاوبوونەوەی، ئەگەرچی بەرگی چوارەم کە بەرگێکی نیمچە ئامادە بوو و پێویستی بەوە هەبوو کە بۆ دواجار پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و، دەزگای گالیمار و هاوڕێکانی فوکۆ بڕیاری بڵاوکردنەوەیان دا، بەڵام دوا وەسیەتی فوکۆ کە وەسیەتێکی یەکلاکەرەوە بوو و لای پارێزەرە تایبەتەکەی خۆی داینابوو، هەمووانی ناچارکرد ڕێز لە خواستی سەبارەت بە بڵاونەکردنەوەی دەستنووسەکانی کە هێشتا ناتەواوبوون بگرن.
وێڕای پێویستیی دۆخی ڕۆشنبیریی و فەلسەفی لە فەڕەنسا و جیهاندا بۆ دەرچوونی دوا بەرگ، ئەو شتەی کە لای فوکۆ ئامانج بوو ئەوە بوو کە هەر کتێبێک لە کتێبەکانی شوێن و پێگەیەکی ڕیشەیی و قووڵی دەگمەنی لە وەڵامدانەوەی کێشەیەکی سەرەکیی مرۆیی و فەلسەفیدا هەبێت کە پێویست بە نووسین بکات، ژیل دولوز لە نێو کتێبی؛ "میشێل فوکۆ، دەسەڵات و زانین"دا دەڵێت: "فوکۆ بەو چەشنە مامەڵەی نووسینی نەدەکرد کە ئامانجە، کتومت ئەم شتەیشە کە ئەو لە ڕیزی نووسەرە مەزنەکاندا دادەنێت" لەبەرئەوە لە ڕووی ئەو کتێبە سەرەکییانەوە کە نووسیوونی و کە ژمارەیان لە دە کتێب تێنەپەڕی ئەو بەرهەمی کەم بوو، ئەو کتێبە سەرەکییانەیشی کە هەیەتی ئەمانەن: "نەخۆشیی دەروونی و دەروونناسی"، "مێژووی دێوانەیی لە سەردەمی کلاسیکدا" ساڵی١٩٦١، ئینجا ئەم کارانەی بە شوێندا هات؛ "لەدایکبوونی نۆرینگە، مەرگ و وێڵگەردی ڕایمۆند ڕاسڵ، وشەکان و شتەکان، ئارکیۆلۆژیای زانین، چاودێریی و سزا".
پاشان دوایین دوو کتێبی بە دوادا هات کە ئەمانەن: "بەکارهێنانی چێژەکان" و "نیگەرانیی خود"، کە لە ساڵی١٩٨٤دا و لەپاش نۆ ساڵ کارکردن تیایاندا چاپ و بڵاوبوونەوە، ئەوکات ناوەندی فەلسەفی بڕوای وابوو کە فوکۆ لە ڕووی هزرییەوە وشکی کردووە و چی تر هیچ تێزەیەکی فەلسەفی تری نەماوە، چونکە بەدرێژایی ماوەی نۆ ساڵ لە بێدەنگی هیچ کتێبێکی بڵاونەبوویەوە ئەم دوو کتێبەی پێکەوە و بە یەک جار بڵاوبوونەوە و فوکۆیش لەو کاتەدا لە نەخۆشخانە لە سەر جێ کەوتبوو و لە گیانەڵادا بوو و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی تەواو بێهۆش بوو و پزیشکەکان پێیانڕاگەیاندبوو کە دەمرێت و هیچ ئەگەرێک نییە بۆ چاکبوونەوە و هەستانەوەی، ئیتر داوای لە پزیشکەکان کرد کاتێک کە دوا کتێبی بڵاودەبێتەوە لە بێهۆشییەکەی بێداری بکەنەوە تاکو بەر لە مردنی هەواڵی بڵاوبوونەوەی دوا کتێبی پێ ڕابگەیەنن، کاتێک کە کتێبەکەی بڵاوبوویەوە پزیشکەکان لە بێهۆشییەکەی بەئاگایان هێنایەوە و پێیانڕاگەیاند؛ "دوا کتێبت بڵاوبووەوە و چەند کاتژمێرێکە لە کتێبخانەکاندایە"، فوکۆیش وتی: "باشە" و ئارامی و ڕەزامەندییەک سیمای داپۆشی و چووەوە دۆخی بێهۆشیی و هەر هەمان ڕۆژ گیانی سپارد.
ـــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
- See more at: http://www.alkhaleej.ae/…/e7fce16a-7308-44ad-ae6f-1f5f1aba0…

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×