2020-06-22   3542     
رەفیق حلمی
نەوزاد جەمال
مەبەست لە
"کەسێتی" لێرەدا، باسکردنی رەهەندە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی یان فیزیکیەکەی
'رەفیق حیلمی' نییە. بەڵکو، چۆنیەتی بیرکردنەوەیەتی لەسۆنگەی کتێبخانەکەیەوە. بەدەربڕینیکیتر،
کاراکتەری بیرکردنەوەی لەنێو ئەو کتێبخانەی کە لەپاش مەرگی بەجێماوە.
کتێبخانە سەرچاوەی روناکبیری و سەرمایەی زانین و
زانیارییە. کتێبەکان بەدیوێکدا رەهەندێکی بیرکردنەوەو بایەخدانی خاوەنەکەی
دەردەخەن. کتێبخانەی تایبەتی هەرنووسەرو روناکبیرێک، تیشکدەخاتە سەر لایەنەکانی
بیرکردنەوەی.
خۆشبەختانە، بەهۆی ناسینی
خاتو 'ژین'ی کیژی 'رەفیق حلمی'یەوە، متمانەم پێدرا کە چەندجارێک سەربکەم بەکتێبخانەکەی
باوکی کۆچکردوویدا. هەرجارەش لەنێو کاخەزو پەڕەو ناونیشانی کتێبە جیاوازەکاندا،
پشکنین بکەم. بەهەڵدانەوەی پەڕەکان، واژووی خۆی و رۆژی کڕین، یان وەرگرتنی لەنووسەرێک
تروسکاییەک دەکەوێتە سەر بیروڕاکانی و پێگەی ئەو لای هاونووسەرەکانی. جگەلەوەس،
خۆی کۆمێنتی لەسەر هەندێک کتێب نووسیوەو لەتەک نووسەرەکەیدا کەوتۆتە مشتوومڕەوە.
کتێبەکانی بەجۆرێک سەرچاوەی بیروڕاو بایەخدانی بە بابەتەکان دەردەخات. هەروەها،
پەیوەندیشی بەنووسەرانی هاوسەردەمەکەیەوە لەوێدا بەڕوونی دەردەکەوێت. ئەمە، جگەلەوەی
بەشێکی دیاری توانای کەسێتی و باوەڕی 'رەفیق حلمی' لەدانراوەکانی خۆیدا دیارە. بەڵام،
کتێبخانەکەی تیشکیێکیتر روونتر دەخاتەسەر کۆی بیرکردنەوەی.
بەسەرنجی خێرای کتێبخانەکە، یەکسەر
دەردەکەوێت کە مرۆڤێکی کوردپەروەر، داکۆکیکاری سەرسەختی پرسی کورد بووە. کوردبوون
لای ئەو خەمێکی بوونەکی-وجودی- سەرتاپاگیربووە کە تێکڕا ژیان و بیرو رەفتارەکانی
ئاڕاستەکردووە. تاسەرئێسک و دواساتی تەمەنی داکۆکی لەو پرسە رەوایەکردووە. دەماری
کوردایەتی هێندەی قەڵغانێک پتەوبووە.
بۆیە، کتێخانەکەی بەپێی پەیوەندییە
راستەوخۆکانی بەنووسەرەکانەوە یان لەڕووی بایەخدان(ئیهتیمام) بەباتێکەوە، چەندان
ناونیشان بەرچاودەکەون. هەندێکی راستەوخۆ لەنووسەر/وەرگێڕەکانەوە کەوتوونەتە نێو
کتێبخانەکەی. ئەو نووسەرانەی راستەوخۆ ناسیوونی بریتین لە: عەلی وەردی(بیرمەندی
ئێراقی)، احمدامین، شیخ مەحمەدی خاڵ، ئەمین زەکی، نورجان ئەیوبی، د.عبدالجلی
الطاهر(کۆمەڵناسیکی ئێراقی)، تۆفیق وەهبی، محەمەد تۆفیق وردی، محمد بریفکانی،
سەیدعبدالرزاق الحسنی(میژوونووسی ناسراو)، رەوشەن بەدرخان، ئەمین باڵدار، خزر عباسی،
د.مجید خدوری، تاهیرتۆفیق، شاکر فەتاح، عەبدوڵا شاڵی، شاکر خەسباک، خانای قوبادی،
جعفر الخیاط، عەلادین سەجادی، رێچارد فرێی، کامەران موکری، رەوف معروف فەتاح، بەکر
دلێر، مارف خەزنەدار، پیرباڵ مەحمود، عبدالواحد نوری، احمد عەبدولباقی، ماجد عەبدوڵا،
مەجید عەبدوڵا، بەشیر موشیر، نوری عەلی ئەمین، عەلی کەمال باپیر، اعمد حامد
الشربتی، جەمال نەبەز(کە بەرێنوسسی لاتین کتێبی گەرداوی پێشکەشکردووە)، محەمەدی
مەلاکەریم، ئ. هەوری، مارف جیاوک، هەژار، مستەفا شەوقی، ئیسماعیل حەقی شاوەیس، هتد...
هەریەک لەمانە بەدەستوخەتی خۆیان، بەرهەمەکانیان پێشکەشیکردووە.
بۆنموونە، هەژار ئەدەبیانە بەرهەمەکەی
بەمجۆرە پێشکەشیکردووە" بۆهونەروەری کورد". باڵدار نووسیویەتی "پێشکەشە بۆ گەورەی مەزنی هاوڕێم بۆخۆشەویستی ناودڵ...
١٩٥٢". سەجادی "یادگارێکی دیاریە بۆ مامۆستای دانشمەندو موحتەرەم...١٩٥٧".
تۆفیق وەهبی دەڵی "بۆ مامۆستای بەرز... ١٩٥٦. شێخ مەحموود کتێبی 'تەخمیسی
قەسیدەی بوردیە' بە دەستەواژەی 'حەزرەتی ئەدیب' پێشکەشکردووە. عەلی وەردی بە ئوستادی
براو تاهیر تۆفیق بەمامۆستای زانا دایانناوە. هەروەها، پیرباڵ مەحمود کتێبی'لافاو'ی
بەمجۆرە پێشکەشی کردووە؛ 'بۆ ئەو وێژەوانەی کەوێژەی کوردی ژیانەوە بەنووسینەکانی.
بۆئەو وێژەوانەی کە سامانێکی زانستی میللەتی کورد. بۆ ئەو مەزنەی کەپشتەوانی
کارەکان...'. لەکتێبێکی وەرگێراوی
مێژووی 'ئەمین زەکی'دا نووسراوە؛ پێشکەشە بە'موفەکیری خۆشەویستم رەفیق حلمی بەگ'لە٣-٢-
١٩٤٠دا.
واژووی سەرکتێبەکان چیمان
پێدەڵێن؟ دیاریکردنی بەرهەمی نووسەران بە 'رەفیق حلمی' کۆمەڵە دەلالەتێک
بەدەستەوەدەدەن. زۆربەیان بەجەنابی 'حلمی بەگ' و ئوستاد ناویدەبەن. لای ئەوان
راستی کەسێتی 'رەفیق حلمی' ئەوەیە کە 'مامۆستای هەمووانە'. جگەلە کاری مامۆستایەتی
و پێگەیاندنی چەند نەوەیەک لەڕێی فێرکردنەوە، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و خزمەتی
چەندساڵەی لە پرۆگرامی خوێندن و رۆڵی دانانی کتێبەکانی 'ماتماتیک و جوگرافیا'دا
هەبووە.
کتێبخانەکەی، ئاسۆی بیرو
روناکبیری دەردەخەن. چەندان سەرچاوە لەسەر مێژووی کوردو زمان و خۆرهەڵات، هەروەها
بیرەوەری سەرکردەناسراوەکانی جیهان وەک سەلاحيدین، ئەتاتورک، رەزاو شاو مەلیک
فەیسڵ و هتد... لەخۆدەگرێ. سەرەڕای ئەوانە، دەقی فەیلەسوفەکانی وەک 'دیکارت،
نیتشە، ئین سینا، بیرتراند رەسڵ' (ئەمەیان لەلایەن وەرگێڕی عەرەبیەوە 'احمد
عبدالباقی' پێشکەشکراوە. لە نێو کتێبێکی بیرمەندی عەرەب 'سەلامە موسا'دا کەباسدێتەسەر
'سەلاحەدینی ئەیوبی' بەکوردێکی کەللەرەق و ئینکارو
گوێنەگرو خێڵەکی وەسفدەکات. بۆیە، رەفیق حلمی لەپەڕاوێزی لاپەڕەکەداو بەدەستوخەتەجوانەکەی
ئەو سووکایەتیکردنە رەتدەکاتەوە.
ئیدی، لەهەرجێگەیەکدا ناهەقی بەرامبەر مێژوو و کەسێتی
کورد کرابێت، وەک پڵنگێکی چاوداگیرساو، یەکسەر راپەڕیوە. وەک لەگێڕانەوەی 'ژین
خانی' کیژی کۆچکردوودا دەڵێت، هۆکاری ئەو جەڵتەی کە لەباوکی دا، ئەوەبوو ئێوارەیەک
لە کۆڕی زانستی ئێراق بەئامادەبوونی جەواهیری شاعیر، کەسێک سووکایەتی بەکورد
کردووە. رەفیق حلمی، ئەوەی پێقوتناچێ بەتوڕەییەوە بەڕوویدا هەڵدەسڵەمێتەوەو دواتر
لەهۆشدەچێت. پاش چەند رۆژ لەنەخۆشخانە مانەوە، چاوەکانی لێکدەنێت.