2020-06-22   2837     
دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین
یەکێک، لە خوێندکارەکانی کۆچکردو
ئەمڕۆ۲٠۲٠/٦/۲۲ دە ساڵ، بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای هەمومان، پرۆفیسۆر (محمد معروف فتاح _ حمەی مارف) تێپەڕدەبێت، ئەو زانایە، دانایە، كە زۆر ئەستەمە بتوانیت، لە نوسینێکی کورتدا، هەقی خۆی بدەیتێ.
بەندە، خۆشبەختم، لە سێ قۆناغی بەکالۆرێۆس، ماستەر و دکتۆرا، لە زانست و سیفاتە بەرزەکانی بەهرەمەندبوم و کەڵکم وەرگرت. لە ڕاستیدا، هەروەک هاوڕێیەک زیاتر، لەوەش وەک ژیلوانی کوڕی مامەڵەی، لەگەڵ دەکردین، بەتایبەتی، کە سەرپەرشتی نامەی دکتۆراکەم بو،لەگەڵ دکتۆر عومرمحمود،لەزانکۆی کۆیە وانەی پێ دەوتین.
کەمن ئەو مرۆڤە دەگمەنانەی دەتوانن، سەدەیەک، لە فکری مرۆڤایەتی یان بوارێکی زانستی داگیربکەن و بۆ ئەبەد، بە نەمریی بمێننەوە و مرۆڤ، بە ناچاری، بۆکتێب و توێژینەوە و داهێنانەکانییان بگەڕێتەوە و، وەک سەرچاوە بەکارییان بێنێت. حمەی مارف، لەو مرۆڤانەیە، هیچ خوێندکارێک، توێژەرێک، مامۆستایەکی زمان، لە کاتی توێژینەوەدا، ناتوانێت، ئاوڕێك، لە کتێبی زمانەوانی و بەرهەمە زمانەوانییەکانی حمەی مارف نەداتەوە و بۆی نەگەڕێتەوە.
ئاخرئەو خۆی سەرباری زانایی و خاکەڕایی و سادەیی، کە سیفاتی کەسی زانان، سەرسام بو بەو کەسانەی دەتوانن سەدەیەک، لە فکری بەشەریەت داگیربکەن. جارێکییان، لە کۆرسەکانی ماستەردا، کە بابەتی واتاسازی_سیمانتیکی پێدەوتین، عیرفان مستەفا و بەندە بوین، لە کاتی وتووێژدا، ئەمەی درکاند.
راستی توێژینەوە زمانەوانییەکانی کورد، ئەگەر تا سەردەمی حمەی مارف، لە سەربنەمای "وشە" بوبێت، کە یادی بەخێر پرۆفیسۆر (ئەورەحمانی حاجی مارف) سەر مەشقی بو، ئەوا حمەی مارف "مۆرفیم"ی، بە بنەما دەگرت و لەو ڕوانگەوە زمانی شیدەکرەوە، سەرپەرشتی یەکەم نامەی ئەم بوارەش (بیری مۆرفێم و هەندێ لایەنی وشەسازی کوردی_کەوسەر عزیز) هەر خۆی بو.
مامۆستای هەمومان، لە هەردو بواری زمانەوانی کوردی و ئینگلیزی زانا و مامۆستابو، لە توێژینەوە و نوێخوازی و پێگەیاندنی مامۆستا و سەرپەرشتی نامەی ماستەر و وەڵامی پرسیاری خوێندکاراندا، تا کۆچی دوایی خەمخۆر و بەردەوامبو.
حمەی مارف، لە بواری نیشتمانپەوەری و دۆزی رەوای نەتەوەکەماندا، هەمیشە، لە بەرەی نیشتمان و لە دوای حوکمڕانی کوردیش دەستپاک و بە هەڵوێست و لایەنگری دادپەروەری و ئۆپۆزسێۆن و بنیاتنانی حوکڕانییەکی تەندروستبو.
لە دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای هەمومان (حمەی مارف)دا، وەفایەک و کارێک، کە خوێندکارەکانی بیکەن، پێشنیازدەکەم، دوای کۆتایی پەتای کۆرۆنا و سەرەتای ساڵی خوێندنی نوێ هەموان، لە شوێنێک کۆبینەوە و بریاری چالاکییەکی ساڵانە بدرێت، بۆ نمونە چەند توێژینەوەیەک پێشکەشبکرێت و خەڵاتی حمەی مارف، بە باشترین توێژەر یان مامۆستای نمونەیی، خوێندکاری نمونەیی بدرێت. لە ڕاستیدا، ئەرکی زانکۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵایە پاڵپشتی پرۆژەیەکی، لەم جۆرەبن.
تا چراکانی نیشتمان خامۆش نەبن.
رۆحت شاد مامۆستای هەموان، یادت بەخێر.