مۆراڵی هونەر لەنێوان پێڵاوەکانی نازم و تابلۆکەی
  2020-05-17       2942       

سۆزان سەعید


ئەو پرسیارەی ڕۆژانە ڕوبەڕومان دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا هونەر دەتوانێت کۆمەڵگا بگۆرێت؟ ئەمە خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە پرسیارە هەمیشەییەکانی مۆراڵ سەبارەت بە هۆنەر. گرنگی بنەڕيتی مۆراڵ بۆ جوانیو ناشرینی هونەر نیە، هونەرێك کە پەیامێکی باشە دەبەخشىت بە جوان دەژمێرێت و بەپێچەوانەوە بە پێچەوانەوەیە. هونەر تەنها بریتی نییە لە وێنەکێشان، بەڵکو بەیادهێنانەوەی بارێکی دیاریکراو و گێڕانەوە و بانگکردنەوەیەتی بۆ سەردەم. لەهەمان کاتدا روبەروبونەوەیەکە لەگەڵ ئەو ڕاستیانەی کە هەوڵ دەدەین خۆمانی ڵێ بدزینەوە. بۆیە هەمیشە هونەرمەندی بەهێز ئەو هونەرمەندەیە کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە تەواوی راستیەکان و تابوەکانی ناوکۆمەلگا بێ ترس و دودڵی لەرێگای ناوەرۆکی هونەرەکەیەوە ڕوبەڕوی تاکەکانی کۆمەڵگای بکاتەوە، ئەوسا دەتوانرێت بەرهەمەکەی ناوبنرێت هونەر، یاخود تایبەت.

هونەر وەکو مۆراڵ و ئایین دەکەونە هەمان چوارچێوەی یەك پێوەر، ئەوەش پەیوەست بونە بە ووروژاندنی هەست و سۆزو ناخی مرۆڤەکان. ئەو ووروژاندنەش ڕوبەروبونەوەی ڕۆحە لەگەڵ ئازارو لاوازیەکانی مروڤ. لەهەمان کاتا ڕۆلی هونەر وەك زەمبولی دیمەن و بارێکی دیاریکراوە کە ڕوبەڕوت دەبێتەوە و خۆیت نمایش دەکات، وەك جێگرەوە و نوێنەری دیمەنەکە. لە یەکەم دەرکەوتنی وێنەکەی (نازم) وەك تابلۆیەكی هونەری لەبەردەم بینەران و سەیرکەران، خودی نازم بە پەرتوکێکی نیشاندەری هەژاری و بە پێڵاوێکی شڕ و داڕزاو لەپاڵ تابلۆکەی خۆیدا وەستابوو. پێڵاوەشڕەکەی زیاتر لە تابلۆکە پێشاندەری هەژاری و دەسکورتی نازم دەخستەڕو، نازمێك کە بۆ تاقە روژێکی تایبەت و بۆ سەر شاشەی تەلفزیون لە توانایدا نەبو پێڵاوێکی بریقەدار تەنانەت بەقەرز بەدەست بێنێت. پیڵاو لە زۆربەی کولتور و وێژە و تابلۆ هونەریەکاندا نیشانەی پۆشتەیی یان برسێتی و هەژارییە. گەر ئێمە وەك سەیرکەرێك و تاکێکی کۆمەڵگا بە وردی بەراوردێك لە نیوان دوو وێنەدا بکەێن ؛ تابلۆکە وەك کارێکی هونەری کە نمایشی ژیان و گوزەرانی نازم دەکات. وەستاندنی خودی (نازم) لە پاڵ تابلۆکەی بەو داماویەی نیگاری کێشراوە، دڵنیام لەوەی وەکو سەیرکەر و بینەرێك زۆر ڕون و لەبەرچاوتر و زۆر سەرنج راکێشتر و ناخ هەژێنەر تر بوو وەك نازمی ناو تابلۆکەی. ئەوەش ئەوە نيشاندەدات کە سەرەرای بەهيزی و روڵی هونەر هيشتا واقيعی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگاکەمان زۆر لە هەندێ کاری هونەر بەهيزترە. ئەم سەرنجەش بەو مەبەستە نییە کە کاری خێرخوازی و ماندوبونی هونەرمەندە نيگارکيشەکە بەرز نەنرخێندرێت، بەڵکو مەبەست لە چوینێتی ئیبرازکردنی نازمەکانە لەرێگای هونەرەوە لە ئەمرۆی کومەڵگاکەماندا. بۆیە لێرەدا ڕاستی هەلومەرجەکە لە هونەرەکە زیاتر جێگای سەرنجڕاکێشان بوو. ئەوەش دەبێتە هۆکارێك کە ئەو تابلۆیە وەك کارێکی هونەری کەمتر جێگای سەنج بێت بۆ بینەران و سەیرکەرانی کۆمەڵگاکەمان. ئەگەر هونەرێك توانای ئەوەی نەبێت تەواوی سەیرکەرانی زیاتر لە خودی واقیعەکە بەلای خۆیدا رابکێشێت پێشاندەری جۆرێکە لە لاوازی هونەری. ئەگەرچی تەنها تابلۆیەك پێوانە نیە بۆ ئەوەی کە بڵێین ئایا نیگارکێشەکە هونەرمەندێکی باشە یان نا؟ لەهەمان کاتدا باس لەوە نییە کە نیگارکێشەکە لە ناوەرۆکیا نیازباشی نەبووە، بەڵکو باس لە پەیام و گەیاندن و ناورۆکی هونەرە کە و چۆنێتی دەرخستنی رۆحی بابەتەکەیە لە ڕێگای دەربڕینی ئازار و کەموکورتیەکانی کۆمەڵگاکەمان بۆ ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن یان دەیانەوێت لێی بێئاگا بن. ئەرکی هونەر ئەوەیە کە بتوانێت تەواوی لایەنە تاریك و شاراوەکانی ناوکۆمەڵگا زەقبکاتەوە و روبەڕوی هەموانی بکاتەوە، بەشێوازێك کە تاکەکان ڕاچلەکێنێ و بە سانایی نەتوانن بە بێ لەسەرڕامانی رێگای ڕۆژانەی لەسەر ڕاهاتوی خۆیان بگرن و روی خۆیانی لێ لابدەن. هونەرێك کە لە شوێنێکی گشتی خرابێتە بەر چاو پێویستە ڕۆڵی مانیڤێستێك ببینێت. وەك بانگی مزگەوتەکان کە تەواوی دەوروپشت بە ئایندارو بێ ئاین ڕادەگەیەنێت کە کاتی نوێژ و ڕوکردنە خوایە. هونەر پێویستە بە شێوازێك بێت کە بچێتە ناخی ویژدانەوە و لە ڕێگای لێڕوانینی هەست و ناوەرۆك بە شێوازێکی رادیکاڵانە بجوڵێنێت. پێویستە پێدابگرێت لەسەر راستیەکان و وەرگێری دیاردە نامۆ و ناڕەواکانی ناوکۆمەڵگا بێت و وێنەکێشی بێت، ئەمەش مەحاڵ نییە و هەمیشە هونەری نیگارکێشی رۆڵێکی بایەخداریان هەبووە بە ئاراستەی گۆڕانکاری کۆمەڵگا و ڕادیکاڵانە تر بڵێین گۆڕانکاری سیستەم و دەسەڵاتە ناڕەواکان. سەردەمی رێنیسانس و شورشی فەرەنسی تابلۆ هونەریەکان هاواری ئازادی رادەربرین و برسێتی و نانی هەژاران و ناڕەواییەکانی سیستەم بون. هونەر خەێاڵێکە دەمانباتەوە ناو واقیع، تابلۆکەی نازم ئەو هێزەی ڕاکێشانی هەست و سۆزی بەرەو واقیعی نازم تیادا زۆر لاوازتر بوو ، لە بینینی خدی نازمێکی رەشو روت و پێڵاوە شڕەکانی نازم و ڕاکێشانمان بۆ دونیای واقعی نازم ولەویشەوە بۆ دونیای نازمەکانی تر. ئەوە دیمەنی خودی نازم بوو کە هەست و بڕوای ئەوەی پێداین کە ئەمرۆی واقیعی ژیان و گۆزەرانی کۆمەڵگاکەمان خۆی لە خۆیدا تابلۆیەکی تاڵی قوڵ و فراوانە و وێنەکێشانی هەژاری و برسێتی و ئازاری بێنرخکردنی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان بە سەدەها نیگارکێش وێنە ناکرێت و ناخرێتە ڕو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×