2020-04-18   2439     
دانا محەمەد عەبدوڵا
یەكێك لەو دەزگایانەی بایەخێكی زۆری هەیەو كاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ سینەمایە، واتە سینەما دەتوانێت كاریگەریی لەسەر تێروانین و بیرکردنەوە و چۆن ژیانی مرۆڤ هەبێت ، سینەما خۆی لە خۆیدا هۆكارێكە بۆ درووستكردنی پەیوەندیی لە نێوان ئێمەو ئەوانی تردا
هونەر شێوەیەكی گشتی وەك (تۆڵستۆی) دەڵێت بریتییە لە هۆكاری پەیوەندیی (communication) لە نێوان تاكەكاندا، واتە پەیوەندیی لە نێوان ئەو كەسەی كە ئەدای هونەرەكە دەكات لەگەڵا كەسی وەرگر، بۆیە ئەم پێناسەیەی (تۆڵستۆی) سەبارەت بە هونەری سینەماو فیلم، راستتر دەكەوێتەوە، شاشە بەگشتیو شاشەی سینەما بەتایبەتی، بەردەوام بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی پەیوەندیی ناسراوە، سینەما هەمیشە هەوڵی داوە جۆرێك لە هۆگرییو پەیوەستبوون لە نێوان خۆیو بینەردا درووست بكاتو لەو پێناوەشدا خۆی بە ئۆرگانێكی زیندووی كۆمەڵگە ناساندووەو سوودی لە سەرجەم ئەو بابەتو دیاردانە وەرگرتووە كە کۆمەڵناسی و دەروونناسی بە وردی لەسەریان وەستاوەو بەردەوام كەرەستەی توێژینەوەو باسو خواسی زانایان بووە... هەر بۆ نموونە گرنگترین بابەت كە لە دەروونناسییدا بایەخی تایبەتی پێدراوەو لە فیلمو سینەماشدا بە زەقی رەنگی داوەتەوە (زمانی قسەكردنو زمانی جەستە بووە)، ئەم دوو بوارە لە گرنگترینو كاریگەرترین هۆكاری درووستكردنی كۆنتاكتو پەیوەندیینو لە سینەماشدا بایەخی زۆریان پێ دراوە، لە دەروونناسیشداو بە تایبەتی دەروونناسی گەشەو كۆمەڵایەتی گرنگییو پێگەی خۆیان هەیە.
بەشێكی گرنگی سینەماش لەم دوو بەشە پێك دێت، دیالۆگو ئاكتین، هەردووكیان ئامانجەكە تێیدا ئەوەیە پەیوەندیی لە نێوان خۆیو بینەر یاخود وەرگردا درووست بكاتو بە ناڕاستەوخۆییو لە رێگەی شاشەوە پەیامێك بە بینەر بگەیەنێت. لە دەركەوتنی سینەماوە رۆڵی كاریگەریان لە ئاڕاستەكردنو درووستكردنی دونیابینی مرۆڤ بۆ بابەتە سیاسیو ئابوری وكۆمەڵایەتیو دەروونییەكان لە ئاستێكی بەرزدا هەبووە، بەتایبەت ئەو گەلانەی كە هۆگرییان بۆ شاشە هەبووە، بە بەڵگە دەركەوتووە تێڕوانینی مرۆڤی ئەمریكی تا ئاستێكی زۆر كەوتۆتە ژێركاریگەریی فیلمەكانی هۆڵیودەوە، (سكیب داین یونگ) لەو كتێبەی باس لەوە دەكات كە ماوەیەك لە ئەمریكا لە ژێر كاریگەریی ئەو فیلمانەی لە هۆڵیوود بەرهەم دەهێنران، مامەڵەو تێڕوانینی خەڵك گۆرانیان بەسەردا دەهات ، یاخود نیگاكردنی خەڵك بە شێوەیەكی سلبیو ئیجابی گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە، لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی سینەما زۆرجار دەبێتە سەرچاوەی دونیابینی خەڵك بۆ ژیانو دیدو تێڕوانینی بینەر یاخود وەرگر بۆ شتەكانی دەوروبەری، بۆیە فیلم دەكرێت جۆرێك بێت لە روئیاو دونیابینی بۆ ئەو دیاردانەی كە ئێمە دەیانبینین.