ئا: ئاوێنە
ئاهەنگی "موزیک لەپێناوی هیوا"ی هونەرمەندی ناوداری ئۆپێرای ئیتالی "ئەندریا پوچلی" لەناو کاتردرائیەی میلان بەبۆنەی جەژنی پاکو هەستانەوە، کە ئێوارەی دوێنێ بەشیوەی راستەوخۆ لەیوتیوب پەخش کرا، تا ئێستا نزیکەی ٢٦ ملیۆن جار بینراوە.
پوچلی، کە لەتەمەنی ١٢ ساڵێیەوە هەردو چاوی بەتەواوی لەدەستداوەو بە"ئەفسانەی ئیتالی" ناودەبرێتو چەندین خەڵاتی هونەری جیهانی پێبەخشراوە، ئێوارەی دوێنێ لەئاهەنگێکدا کە تەنها خۆیو ئۆرگ ژەنێک بەشدار بون، چواری گۆرانی پێشکەش کرد بەهیوای رزگاربونی جیهان لەشەڕی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەو ڤیدیۆیەدا کە لەکاتی ئاهەنگەکەی پوچلی پەخشکرا، دیمەنی شەقامو شارە چۆڵەکانی میلانو پاریس، لەندەن، نیویۆرک پیشان درا.
پوچلی لەپەیامێکی کورتدا بەر لەئاهەنگەکەی، وتی "ئێستا بەلوتفی پەخشی راستەوخۆی ئەم موزیکە، ئێمە ملیۆنەها مرۆڤ دەست دەخەینە ناو دەستی یەکتر تا دڵی زیندوی ئەم زەوییە بریندارە لەباوەش بگرین".