كوردێكی هەندەران تابلۆی "كۆرۆنا ڤایرۆس" دەكێشێت و نرخێكی خەیاڵی لەسەر دادەنێت
  2020-03-08       4715       

كوردێكی دانیشتوی فینلاند، تابلۆیه‌كی به‌ ناوی "ڤایرۆسی كۆرۆنا" كێشا، ئێسته‌ له‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین ماڵپه‌ڕه‌كانی فرۆشتنی تابلۆی ئۆنلاین، خستویه‌تییه‌ڕو بۆ فرۆشتن.

ئاوێنە: ‎به‌هزاد ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، ماوه‌ی 12 ساڵه‌ له‌ فینله‌ند ده‌ژی، ئه‌و كه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردیدا ناسراوه‌، له‌ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی هونه‌ریدا تابلۆیه‌كی به‌رهه‌مهێنا.

CoronaVirus ناوی تابلۆكه‌ی به‌هزاده‌، ئێسته‌ له‌ ماڵپه‌ڕی catawiki تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی ئۆنلاینی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌ زۆر تایبه‌ته‌كان خراوه‌ته‌ڕو، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ"نرخی نیو ملیۆن یۆرۆی لەسەر داناوە".

‎به‌هزاد له‌باره‌ی تابلۆكه‌یه‌وه‌ وتی؛ تابلۆی كۆرۆنا به‌گه‌ڕخستنی ناخودئاگاییه‌ له‌ كارێكی شێوه‌كاریدا. به‌وته‌ی ئه‌و "ئه‌و كاته‌ی ناخودئاگا كار ده‌كات، پێویست ناكات هه‌وڵی هه‌ست و عه‌قڵ كارابن بۆ به‌رهه‌مهێنانی شتێك."

‎ئه‌وه‌یشی ڕون كرده‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین بڵاوبوه‌ته‌وه‌ و دواتر سنوری وڵاتانی بڕی، ده‌ستی به‌ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و تابلۆیه‌ كردوه‌. وتیشی "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كاری هونه‌ریمه‌، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین تابلۆیشه‌ له‌ دنیادا كه‌ تایبه‌ت به‌و ڤایرۆسه‌ و خۆشحاڵم كه‌ به‌رهه‌می كوردێكە."

catawiki ماڵپه‌ڕێكی گشتیی جیهانییه‌، له‌ ساڵی 2008ـه‌وه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ته‌وه‌، بۆ فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی جیاواز و به‌ تایبه‌تیی تابلۆی زۆر تایبه‌تی كۆن و نوێ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین، به‌كار دێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×