بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان بڕیاریدا گروپی هونەری ئەستێرەکان لە کەلار بۆ ماوەی ساڵێک لە کارەکانی سڕ بکات. ئەوەش دوای ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان سەبارەت بە نمایشێكی شانۆیی ئەو گروپە كە رایگەیاندبو، "لەژێر ناوی نمایشی ھونەریدا بەئاشکرا بێڕێزی بەرامبەر بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و شکۆی مامۆستایانی ئایینی كراوە."
ئاوێنە: بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ دوشەممە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٠، دەرچوەو ئیمزای بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری گەرمیانی لەسەرە، بڕیاری سڕکردنی سەرجەم کارو چالاکیەکانی گروپی هونەری ئەستێرەکان بۆ ماوەی ساڵێک دەرکراوە.
لە بەشێکی دیکەی فەرمانە کارگێڕییەکەدا هاتوە"هەر گروپێک یان هەر کەسێک لە سنوری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایتیمان تەشهیر بەرامبەر پیرۆزییەکانی هاوڵاتیان بکات هەمان ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت".
دوای نمایشكردنی شانویی "وەرن با ببین بە سەگ" لەلایەن گروپی هونەری ئەستێرەكانەوە، كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوەو دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەژێر ناوی نمایشی ھونەری چەند کەسێک لەڕێگەی ئاماژەو دیالۆگەوە بەئاشکرا بێ ڕێزیان بەرامبەر بە ئایینی پیرۆزو شکۆی مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی کردوە، ئەم کارە بەئامانجە جگە لە تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بریندار کردنی ھەستی خەڵکی کوردستانە کەزۆربەیان موسوڵمانن، ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیانەوە بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین کە لەژێر ناوی جیا جیا ئەنجام دەدرێن و تیایدا بێ ڕێزی بە باوەری خەڵکی کوردستان دەکەن، لەھەمان کاتیش ھۆبەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان رێکاری یاسایی بەرامبەر بکەرانی ئەم کارە دەگرنە بەرو رووبەروی دادگا دەکرێنەوە."