یەکەمجار کە چا هێنرا بۆ سلێمانی
  2019-12-15       2588       
134 ساڵ به‌ر له‌ئێستا بۆ یه‌كه‌مجار چا هێنرایه‌ شاری سلێمانی‌و له‌وێشه‌وه‌ به‌كوردستاندا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.

ئا: سه‌ڵاح سالار

ساڵی 1885 بازرگانێكی شاری سلێمانی به‌ ناوی (مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا غه‌فوور) بۆ كاری بازرگانی ده‌چێته‌ وڵاتی ئێران، له‌وێ ته‌ماشا ده‌كات له‌ دوكانی قاوه‌خانه‌كان خه‌ڵكیی شتێك ده‌خۆنه‌وه‌ كه‌ قاوه‌ نییه‌، به‌ڵكو پێی ده‌ڵێن چا.

مه‌لا محه‌مه‌دیش داوای چایه‌ك ده‌كات، كه‌ ده‌یخواته‌وه‌ به‌لایه‌وه‌ خواردنه‌وه‌یه‌كی خۆش ده‌بێت، بۆیه‌ پاش ته‌واوبونی كاروباری بازارگانیه‌كه‌ی ده‌چێته‌ بازاڕ هه‌ندێك چاو سه‌ماوه‌رو قۆری و كتری و پیاڵه‌و ژێرپیاڵه‌و شه‌كر ده‌كڕێت و ده‌یهێنێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی.

ناوبراو له‌ماڵه‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌خواردنه‌وه‌ی چاو خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كیش ده‌بیستن مه‌لا محه‌مه‌د شتێكی هێناوه‌ پێی ده‌ڵێن چاو زۆر خۆشه‌، ئیتر به‌مه‌به‌ستی چا خواردنه‌وه‌ شه‌وانه‌ ده‌چن بۆ ماڵی مه‌لا محه‌مه‌دو هه‌موو فێری چا خواردنه‌وه‌ ده‌بن.

مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا غه‌فووریش له‌وكاته‌وه‌ به‌دوا به‌مه‌لا محه‌مه‌دی چایی ده‌ناسرێت و پاش خۆیشی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی هه‌ر به‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دی چایی ده‌ناسرێت.

ماڵی مه‌لا محه‌مه‌دی چایی له‌گه‌ڕه‌كی ده‌رگه‌زێن له‌خوار ماڵی عیزت به‌گی وه‌سمان پاشا بوو، حه‌وشه‌یه‌كی فراوانی هه‌بوو، باخێكی خۆش و گه‌وره‌ی تێدابوو. پاش كۆچی دوایی مه‌لا محه‌مه‌د، له‌ ساڵانی گرانییه‌كه‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی خانووه‌كه‌ی فرۆشت به‌حاجی ئه‌حمه‌دی پیرۆز.

شیاوی باسه‌ پێشتر له‌سلێمانی و شاره‌كانی كوردستان قاوه‌ و قاوه‌خانه‌ هه‌بوو، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ چا بوونی نه‌بوو. بۆیه‌ تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش به‌چایخانه‌یان ده‌وت قاوه‌خانه‌و تا ئێستاش ئه‌و وشه‌یه‌ هه‌ر بوونی ماوه‌.

ئینجا له‌وباره‌یه‌وه‌ شاعیری به‌ناوبانگ (حه‌ریق) ده‌ڵێت:
تاڵ و شیرین پێكه‌وه‌ نه‌مدیوه‌ چابێ چا نه‌بێ
هه‌ركه‌سێكی هه‌منشینی چا نه‌بێ، پێت چا نه‌بێ

تێبینی: سوودم له‌كتێبی (شاری سلێمانی)، به‌رگی یه‌كه‌م. نووسین و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌كره‌می مه‌حموودی ساڵحی ڕه‌شه‌. وه‌رگرتووه‌.
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×