شارەکەی بەخەم تەلبەند
  2019-12-06       3758       

دلاوەر عەلی سۆفی

 

لەماڵپەڕی ئاوێنەدا نوسینێکم بەرچاو کەوت بەناونیشانی ( شاریک بێ ناسنامە.. شاری سلێمانی بەنمونە) لەنوسینی (زامۆ ئا داراغا) لەڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٩ دا، لەلام بوە سەرنج‌و هەستم کرد سلێمانی هێشتا خەمخۆری ماوەو ئەشی بخرێتەوە سەر ڕاستەڕێ‌و لەم بێکەسی‌و پاشاگەردانیە ڕزگار بکرێت.
کاکی نوسەر بەنوسینەکەیدا دیارە کە شارەزاییەکی باشی هەیە لەبواری هونەرداو لێکدانەوەیەکی باشی بۆ فولکەی کاوەی ئاسنگەر کردوە هەم لەڕوی هونەریەوە هەم لە ڕوی مێژووی شارەوە، هەرچەندە مێژوویەکی نزیکە جێگەی دەستخۆشیە، بەڵام دڵنیام نەوەی دوای ڕاپەڕین بێئاگان لەمێژووی شار. هەروەها  مامۆستا عەتا قەرەداغی کە جاروبار دەردەدڵی خۆی هەڵئەرێژێ‌و خەمخۆرانە نوسینێکی بەبڕشت ئەخاتە بەردیدی خەڵکی شارو بڕیار بەدەستان، جێگەی پێزانینە. بەندەش هەندێجار ڕوبەڕوو هەندێ جاریش بەنوسین ئاماژەم داوە بەهەندێ دیاردەی دزێوو بزێو، وەک ئەوەی لەهەردووماڵپەڕی ئاوێنەو ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیدا، بابەتێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی نامەیەک لەگردی سەیوانەوە، کە بەڕاشکاوانە ئاڕاستەی بەڕێز پارێزگار کرابوو، هەر بۆیە جێێ خۆیەتی شێرکۆ بێکەس واتەنی بەسلێمانی بڵێین (شارەکەی بەخەم تەلبەند). 
سلێمانی  تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەوەتا ئەبینین سلێمانی توڕە ئەبێت، سلێمانی بەخشندەیە، سلێمانی لانکەی ئەدیبانە، سلێمانی قوتابخانەی مقاوەمەت‌و بەگژاچونەوەیە، سلێمانی پەناگەی هەمو ئازادیخوازانی پارچەکانی تری کوردستانە، سلێمانی فێرگەی هونەرو ڕۆشنبیرانە، بەڵام پێئەچێ لەم ساتەوەختەدا بێ دڵسۆز بێت، پێشەکی بەگشت کاربەدەستان‌و بەرپرسان‌و بەتایبەت بەڕێزان جەنابی پارێزگارو جەنابی قائمەقام ئەڵێین ئەگەر زو بەدەنگ ئەم پرسەوە نەیەن شار لەدەستئەچێت‌و پاشان ڕێکخستنەوەی ئەگەر مەحاڵ نەبێت زۆر سەخت ئەبێت. ئەوا لەم چەند خاڵەدا ڕەخنەکانمان‌و چەوت‌و چێڵیەکان خاڵبەند ئەکەین هیوادارین بەڕێزیشتان لەئاست بەرپرسیارێتیدا بن.
١ــ دیارە کەس دژی ئەوە نیە کەم دەرامەتەکان یارمەتی نەدرێن . بەڵام کەی ڕەوایە کەسانێک لەناوچەیکی ترەوە بێنە سلێمانی بەزیادەڕۆی لەسەر پارچە زەویەکی  موڵکی گشتی خانویەک قوت ئەکەنەوە، پاش یەک دو ساڵ بۆ سواڵی دەنگ کۆکردنەوە، بەبڕیارێک بۆیان تاپۆ ئەکرێت؟! پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتداران‌و حوکمداران چۆن ئەو مافە بەخۆیان ئەدەن لەو جۆرە بڕیارانە دەرئەکەن؟١! کەواتە ئەرکی دەسەلاتی خۆجێیەتی‌و پارێزگارو ئیدارەی سلێمانیە هەر لەبنەڕەتدا نەهێڵن زیادەڕۆیی بکرێتە سەر موڵکی گشتی، ڕێگا نەدەن دەسەڵاتی سەرو خۆیان ئەو تەخشان‌و پەخشانە بەموڵکی گشتیەوە بکات.
٢ــ شەقامی مەولەوی، ئەوی بەم شەقامەدا لەدوای نیوەڕۆوە تێپەڕ ببێت بەزەیی بەشارو مێژوی شارو گەورە پێاوانی شاردا دێتەوە، ئەگەر خەڵکی شار بێت!
بەڕێزان ئەکرێت کەمێک لەکاتی خۆتان تەرخان بکەن‌و وەک پاشا کۆنەکان خۆتان بگۆڕن بۆ ئەوی کەس نەتانناسێتەوە لەسەعات سێی پاش  نێوەڕۆیەکدا سەرێ لەشەقامی مەولەوی بدەن، جا ئەوسا ئەبینن چ غەدرێک لەم شارە ئەکرێت ئایا بۆ ئەبێت بەهۆی ئەو پاشا گەردانیەوە ئەو شەقامە لەژنان‌و کچانی شار حەرام بێت؟ ئایا ئەو خاوەن دوکانانە تاوانیان چییە کە دوکانەکانیان بەپارەیەکی زۆر کڕێوە، شارەوانیش لەولاوە بوەستێ کە ساڵانە کرێیان لەسەر زیاد ئەکات‌و جۆرەها داهێنانی تازەیان کردوە لەسەندنی باج‌و خەراج‌و سەرانە سەندندا، بەڵام لەو لاشەوە لەبەر دوکانەکانیاندا عەرەبانەیک یا دەستگێڕێک کە ڕەنگە هیچ پەیوەندیەکی بەسلێمانییەوە نەبێت‌و قەتیش دڵی بۆی نەسوتێ قوت ئەبێتەوە نیمچە دوکانێک لەبەر دوکانەکەدا بڵاوئەکاتەوەو هەم ڕێ لەڕێبواران ئەتەنێ‌و هەم بازاڕی دوکاندارە ڕەسەنەکانێش  ئەشێوێنێ؟! ئەوەندەی من بزانم زۆرتان سەردانی شارە بەناوبانگەکانی دنیاتان کردوە، ئەکرێ ببپرسین کام شاری دنیا بەم سیستمەی سلێمانی ئەڕوا بەڕێوە؟ یان چەند شاری دونیا سودی لەئەزمونەکەمان وەر گرتوە؟! هەندێجار لێرەو لەوێ گوێمان لەدەستەواژەیەک ئەبێت کە گوایە (خەڵک کەم دەرامەتە) ، نابێت ئەو قسەیە ببێتە پاساو بۆ بەرەڵا کردنی شارێک، ئەرکی دەوڵەتە ڕێگاچارەی تر بدۆزرێتەوە بۆ کەم دەرامەتی، نەک خەڵکانێک لەژێر پەردەی کەم دەرامەتی‌و فەقیریدا بەربداتە گیانی شارێک.
 بەڕێزان ئاگادار بن بەرەڵایی‌و گەندەڵی کاتێک ئەبێتە کلتور چارەسەری ئەبێتە جۆرێک لەمەحاڵ. حاجی باقی (بەنگینە)ی شاعیر ئەڵێ: جادەی تازە بەهەشتی زەوی.. وا ناومان لێنا جادەی مەولەوی 
منیش سوێندتان ئەدەم بەم  خاکە بەهەشت وایە؟ شەرتە ئەگەر بە‌هەشت وەک ئەم شەقامی مەولەویەی ئێستا بێ بەندە جەهەنەم هەڵبژێرێ.
٣ــ شەقامی گۆران: هەمان ئەو دیاردەیەی شەقامی مەولەوی لەشەقامی گۆران دوبارە ئەبێتەوە لەدوای ڕۆژئاوا بون کاتێک دنیا تاریک ئەبێت، ئەوەی ئەمەوێ بیرتانی بخەمەوە جگە لا ناشیرینی‌و بێ سیستمی‌و بەرەڵایی تێکدانی سیمای شار هیچی تر نیە. سەیرەکەش لەوەدایە هەمو ئەو پیس‌و پۆخڵی‌و تێکدانە لەلایەن دەستگێڕو عەرەبانەکانەوەیە، بەڵام خاوەن دوکانە ڕەسەنەکان ئەبێت باج‌و خەراج‌و سەرانە بدەن! ئەمە بەڕیشی کێ ڕەوایە؟ مافی خۆمانە بپرسین ئەرێ سلێمانی سیمای شاری پێوە ماوە؟
٤ــ  دیاردەی قۆرغ کردنی هەندێ شەقام لەلایەن خاوەن گەراجەکانەوە بەمەرجێک بەپێی هێماکانی هاتوچۆ لەشەقامەکاندا وەستان قەدەغە نیە، بەڵام خاوەن گەراجەکان بەویستی خۆیان‌و بۆ بەرژەوەندی تایبەت‌و ناچار کردنی شۆفێران شەقامەکان بەچەندین شێوە داگیر ئەکەن تا هاوڵاتی ناچار بکەن لەگەراجەکانیاندا ئۆتۆمبیلەکانیان ڕابگرن لەبەرامبەری پارەدا. ئەرێ کێ ئەو مافەی داوە بەو خاوەن گەراجانە؟ 
٥ــ بەستنی ڕێگەی هاوڵاتیان، دیاردەیەکی ناقۆڵا کە لەزۆر شوێنی سلێمانیدا بەدی ئەکرێت، ئەویش داخستنی هەندێ شەقام‌و کۆڵانە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کە ماڵەکانیان ئەکەوێتە ئەو جێگایانەوە، هەروەها دانانی موەلیدەی کارەباو شوێنی پاسەوان لەچەقی کۆڵان‌و سەر شۆستەو شەقامەکاندا، زویر نابن ئەگەر بپرسین کێ حوکم ئەکات دەوڵەت یا بەرپرسان؟
٦ــ سەرقەبران: وەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا کە ماوەیەک لەمەوبەر ئەو دیارەدەیەمان خستە بەردیدی دەسەڵات‌و ئیدارە، بەڕێزان گۆڕستان پیرۆزی‌و شکۆی خۆی هەیە بیکەن بەخاتری خاتران گۆرستان لەلای خەڵکی سلێمانی گەورەیی خۆی هەیە تکایە ئاگادار بن نەبازاڕەو نەجێ ژوانە، هەندێ کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە ئاواتەخوازە سەردانی گلکۆی ئازیزیکی بکات لەبەر ئەو مەزادخانەیەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێی بۆ خۆشکراوەو بەرەڵا کراوە بەهیچ جۆرێک ناتوانێ بگاتە شوێن مەبەست، خۆ ئەگەر خۆشتان سەردانی سەرقەبرانێکی وڵاتێکی ئەوروپاتان نەکردبێ، خۆ ئەتوانن بەکلیکێ سەردانی گۆڕستانی (پێرشالێر)ی پاریس بکەن ئەوسا شکۆو ڕێزی مردوان ببینن‌و بەراوردێکی بکەن لەگەڵ مەزادخانەکەی سلێمانی، ببورن گردی سەیوانم مەبەستە.
٧ــ ئەرێ بەڕاست ئەبێ بۆ مردو بەخاک سپاردن لەسەر قەبرانە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی قەدەغەکراوە؟ ڕەنگە لەبەر بەنرخی‌و باشی جێگاکەی چاوی چەند مافیایەکی لەسەر بێت‌و هاکا چەند باڵەخانەیەکی لەسەر قوتکرایەوە.
٨ــ دیادردەی پەیکەر قوت کردنەوە، لەگەڵ پیرۆز ڕاگرتنی هەمو ئەو کەسایەتیانەی گەلەکەمان کە شایستەی ئەوەبون پەیکەریان بۆ بکرێ لەشەهیدان‌و گەورە پیاوان‌و شاعیران‌و هونەرمەندان‌و زۆری تریش، بەڕێزان پەیکەر دانان کارێکی هونەری تەواوە، ئەبێت دور بێت لەواسیتەو خاترانەو گەندەڵی، زۆر پێویستە لیژنەیەکی هونەری کە شارەزای هونەری شێوەکاری‌و پەیکەرتاشی بن‌و مێژوی سلێمانیناس بن. بۆ هەڵبژاردن‌و دەستنیشان کردنی ماتریاڵی پەیکەرەکەو ئەو فەزایەی کە تیا دائەنرێ، هەروەها لایەنی هونەری‌و قەبارەی لایەنی ئەندازەیی گشت لایەنە هونەریەکانی پێکبهێنرێ. لەهەندێ وڵاتی خواپێداودا حساب بۆ هەڵهاتنی ڕۆژو ئاوا بونیشی ئەکرێت تا بزانن لەکەیا تیشکی ڕۆژ لەو پەیکەرە ئەداو چۆن ڕوناکی ئەکاتەوە، بەڵام لەسلێمانیدا لەبەر دەرگای سەراوە تا کتێبخانەی گشتی زیاتر لەبیستو پێنچ پەیکەر دانراون! بەڕاست خوێندەوارێ نەبو پێش دانانی پەیکەری ئەو ژنەی لەپشت کتێب فرۆشەکانی بەردەرکی سەرادا چوە بەئاسمانا پێش دانانی سەیرێکی تابلۆی ژێر پەیکەرەکەی بکردایە تا بمان زانیایە بە چ ڕێنوسێک نوسراوە؟  ئەگەر لیژنەیەکی پسپۆر لەوڵاتێکی وەک ئیتالیا یا ئوسترالیاوە بهێنین ئەوا پاکیان لا ئەبات، ڕەنگە بەندە شارەزایی نەبێت لەو بوارەدە، بەڵام بەپێی ئەزمون‌و دنیابینی خۆم هەست بەگێڕی‌و کەچی ئەو پرسە ئەکەم، ڕەنگە زۆری وەک کاکە زامۆ هەبن شارەزا بن ئەکرێت پرس‌و ڕایان پێبکرێت.
 بەڕێزان هیوادارین سلێمانی ڕزگار بکەن لەو بی سیستمیە، بێن بەدەنگ شارەکەتانەوە، دڵنیابن مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات، مزاحم پاچەچی‌و عومەر عەلی‌و کەریم قەرەنی لەیادەوەری شاردا ناسڕرێنەوە بەپێی چاکی‌و خراپەیان لەسلێمانی ئەچنە مێژووی شارەوە، بەو هیوایەی ئەم بارە لارە ڕاست کەنەوە، چونکە پشکی شێر لای ئێوەیە.



                                            


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×